Monday, December 05, 2011

ژووری عەمەلیات

ژووری عەمەلیات
زۆرکات کە ئەو برگەیەم گوێ لێ دەبێت، تەمسیلی هەڵەی دکتۆرم دێتەوە یاد، خۆ ناوەکەش لە بنەڕەتدا بەو مەبەستە کوردێنراوە. ژووری عەمەلیات وەک شاریعی کوردی وایە، ئەمیان کوردی پیا تێپەڕ دەبێت و ئەویان کورد تیا کۆ دەبنەوە بۆ عەمەلیات. لە خەستەخانە یا لە مەقەڕی حیزب و حوکومەتدا، عەمەلیاتەکان ئەوەڵ و ئاخیر هەر جەستەی مرۆڤەکان دەگرێتەوە، بۆ نموونە وەزیری پێشمەرگە ژووری عەمەلیاتی هەیە، لەوێوە فەرمانەکانی ئاراستە دەکات و هەواڵە گەرماوگەرمەکان تاوتوێ دەکا، یا لیژنەی بەدواداچوون ژووری عەمەلیات بۆ ڕێوشوێنی لێکۆڵینەوە دادەنێن و قەراری کۆتایی تیا بەیان دەکا. ژووری عەمەلیاتی دادوەریشمان هەیە، لێپرسینەوە لە خەڵکی بێ پەنا و یاساشکێنی تیا دەکرێ.

لە خەستەخانەکاندا عەمەلیاتی پزیشکی چەقۆ و مقەستی تیا بەکار دەهێنرێت، بەس عەمەلیاتەکانی تر، بە گوێرەی کات و جۆر دەگۆڕرێت، لە هی وەزارەتی خوێندنی باڵا فۆڕم و قەڵەم، لەهی پێشمەرگە کێبڵ و قایشی بەستنەوە، لە کاتی پێویستیشدا شەق و شەقازلە، هی لیژنەکان وەکو یاسای نەگۆڕە، چەند کارمەندێکی حیزبی لە پاڵ دوو کەسی بێدەنگی دەستەمۆی (لیبڕاڵ، تەکنۆقراط، سەربەخۆ، کوردپەروەر) کە بەیانەکەش لە ژوورێکی بێ عەمەلیاتا ئەنووسنەوە.

لە عەمەلیاتی خەستەخانە لە پاک و خاوێنی شوێن و کەرەسەکان دڵنیا دەکرێتەوە، بەس لەوانی ترا جگەرەش بکێشی دوای کەباب خواردنەکە مەسموحیت.
ئەمڕۆ لە هەموو عەمەلیاتەکان بە هی خەستەخانەشەوە، بێ بەڵێنی و پاراستنی ماوەی دیاریکراو هەیە، بۆ نموونە لە خەستەخانەی سووتاوی مەوعیدی عەمەلیاتت بۆ دادەنێن و بتڵە خوێنیش ئامادە دەکرێت، بەس دکتۆری بەنج نایەت، یا لە ژووری عەمەلیاتی لیژنەدا دەڵێن دوو ڕۆژی تر ئاکامی لێکۆڵینەوە ڕا دەگەیەنین، کەچی دوو هەفتە دوای ئەوە بە نیوەناچڵی دەیخوێننەوە.
 جاری واش هەیە ئەم ژوورانە بەس بۆ کۆبوونەوەی تایبەتییە و عەمەلیاتی تیا ناکرێ، بۆ نموونە کۆ دەبنەوە شیکارێک بۆ بۆردومانی سنوورەکان بدۆزنەوە، کەچی دابینکردنی خێمە و سەردانی مەیدانی بۆردومانکراوەکان دەکرێت و بەس. شوکور ژووری عەمەلیاتم نەبینیوە، بەس بەنیازم ژوورێکی عەمەلیات دابنێم بۆ خۆم، بۆ ئەوەی ئیشە هەڵپەسێنراوەکانی خۆمی تیا ڕێک بخەمەوە، بەس جارێ نازانم لە کوێ ژوورەکە دانێم.



No comments :