Thursday, June 30, 2011

ئاو و ئاگر


ئاگر کڵپەی سەند و هەموو وشکانی گڕ تێبەردا، کاتێک ئاو هات زیندەوەران ڕزگار بکات و ئاگر بکوژێنێتەوە، ئاگر هاواری کرد:

"هۆ خەڵکینە ئاگادارن ئاو دەیەوێت بتانخنکێنێت، هۆ خەڵکینە ئاو هاتووە زەوی باووباپیرانتان لێ بستێنێت!."
ئاو گوێی نەدا و بە هانای سووتاوانەوە  بوو، ساردی دەکردنەوە پێی دەوتن:"دڵنیا بن ئێوە هەبن، ئەم خاک و نیشتمانەش بۆ ئێوە دەمێنێت، من لە باوەشتان دەنێم تا دەتوانم، من وشک بم نابێ ئێوە بسوتێنرێن."

Tuesday, June 21, 2011

هین و مین


لە باشوور وا ڕاهاتووین کە لە قسەکردندا بەرامبەرمان دڵنیا بکەینەوە، کاتێک کەسی قسەکەر دەیەوێت هیچ نەهێڵێتەوە و بە بەرامبەرەکەی بڵێ هەموو شتەکانم مەبەستە، چی هەیە چی نییە لەو بارەوە، وشەکە دووبارە دەکاتەوە بە جۆرێ تر، ئەمە بە گۆڕینی یەکەم پیتی وشەی ویستراو بۆ پیتی (میم) ئەنجام ئەدرێت، بۆ نموونە:
- دەرگا و مەرگاکان داخە درەنگە. (مەرگا مانای نییە، بەس بۆ ئەوەیە کە چی هەیە دابخرێت)
- ژنەکە خواردن و مواردن بێنە برسیمە. (مەبەستی هەموو ئەو شتانەی دێنە سەر سفرەکە)
- ڕۆن و مۆنی سەیارەکەم گۆڕی.
- لە بازاڕ شت و مت دەکڕین.
- تەلەبە و مەلەبە لە حەوشەی زانکۆ دانیشتوون.
- کت و مت لە مام زۆراب ئەچوو.
- هین و مینم بۆ باس مەکە..
..هتد

Monday, June 06, 2011

تاک


ماوەیەکە وشەی تاک حەشر دەکات، جاران کە گوێم لێ دەبوو، تاکە پێڵاو، تاکە گۆرەوی...هتد هەموو تاکی جووتەکان دەهاتنە پێش چاوم، ئێستا تاک گۆڕاوە، بووە بە (تاکە کەس) و جووت نابێ، بووە بە زرتە زەلام، و ئەمانەی لێ دروست بووە:
تاکی کورد
تاکەکانی کۆمەڵ
مافی تاک...و هەروەها

نموونە لە ڕستەدا:

- کۆڕێک دەربارەی (هەڵوێستی تاکی کورد لە ئەمڕۆدا) بەڕێوەدەچێت.
- هه‌ڵوێستی سياسی لای هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵگاکان به‌رامبه‌ر رووداوه‌کان...