Tuesday, September 20, 2011

دیکۆمێنت

دیکۆمێنت و یاساکانی پەرلەمان
(یاسای ڕۆژنامەگەری)

من زمانزان نیم، زۆربەی نووسینەکانیشم هەڵەی ڕێزمانییان تێدایە، ئەگەرچی هەوڵی زۆر دەدەم لەسەر ئەو ڕێنوێنییانەی کاک دیاکۆ هاشمی[١] بڕۆم. لەوەیە من زۆر بنووسم، بەڵام نووسین پیشەی من نییە، هەمیشە گلەیی لە نووسەر و ڕۆژنامەنووسانیش دەکەم[٢]، کە ئەوان پیشەیانە ڕۆژانە دەخوێننەوە و دەنووسن، کەچی هەڵەی زمانەوانی زۆر زۆر لە دەقەکانیاندا بەدی دەکرێت.
دیارە بنووس و چاودێرانی زمانەوانی لە پەرلەمانی کوردستانیش لەو بازنەی هەڵە کردنە بە دوور نەبوون، ئێمە گەر لە وانەکانی زمانی کوردیدا هەڵەمان هەبێ[٣] و ڕاست نەکرێنەوە، کێ گوێ ئەداتە ڕێزمانی ڕێسا و یاساکانی پەرلەمان؟، کە لەوانەیە خودی ئەو کەسانەی یاساکە دەیان گرێتەوە، چاویان پێ نەکەوتبێ. نموونەی ئەو هەڵانەش زۆرن، تەماشای یاساکانی پەرلەمان بکە و هەڵەدۆزیان بکە، من لەوانە یاسای ڕۆژنامەگەریم تەماشا کرد، تا بزانم کە شتێکم نووسی دەبێ ئاگاداری چی بم.
لەم یاسایەدا، وشەی "بە پێی" بە ٣ شێوە تیا نووسراوە: (بەپێی، بە پێی، بەپێ ی)[٤]، ئینجا وشەی بەڵگەنامە (دۆکیومێنت document)ی ئینگلیزی کورداندوە بە دیکۆمێنت، هەر هیچ نەبوایە با دۆکیومێنتەکە بێت، خۆ نە سەلیقەی زمانی کوردی کردویە بە دیکۆ... و نە لاتینیش وا دەخوێنرێتەوە. جگە لەوە، سەیرم پێ دێ، کە وشەی کوردی بە وشەی بیانی بەهێز دەکەن؛

Wednesday, September 07, 2011

حەز لە پەرلەمانتاری دەکەیت

پەرلەمانتار
ماوەیەک بوو پەرلەمان و پەرلەمانتار تیشکۆی هەواڵەکان بوون، هەموو ڕۆژێ هەڵدەستاین چاوەڕێ بووین پەرلەمان بڕیاری نوێی پێ بێ، زۆرکات کە تەماشای هەواڵە بیانییەکانم دەکرد، بە دیقەتەوە گوێم لە هەواڵی گفتوگۆی پەرلەمانتاران و هەواڵی پەرلەمانی وڵاتانیش ئەگرت، خاڵی لەیەکچوون زۆر بوون لە نێوان ئەوەی کوردستان و ئەوانەی وڵاتاندا. تەنانەت لە باسی مووچەی خۆیان و دەوام کردن و پشووشدا لەیەکچوون هەبوو. یا لە گرفت و داڕشتنەوەی یاسای هاووڵاتیانا. دەمویست بزانم پەرلەمانتار لای خەڵکی کورد چۆن تەماشا دەکرێ، ئایا هەر قسەی ڕۆژنامە و تەلەفیزیۆنە یا هەر خودی پەرلەمانتار وەکو نوێنەری خەڵک، پیشەیەکی سانا نییە و ڕێسای ئاڵۆزی هەیە و هەموو لێی حاڵی نابین...

شوێن یەکێ لە شارەکانی کوردستان، ناوبازاڕ / پرسیاری من لە خەڵک؛ ئارەزووت لە پیشەی پەرلەمانتار هەیە؟ ئەگەر بخوازی، بۆ ئەبیت بە پەرلەمانتار؟

* گەنجێک: معاشی باشە و ئیشەکەشیان ئاسانە، بەس پەنجە بەرز دەکەنەوە، پێویستیش ناکا خۆت بیر بکەیتەوە، لە پشتەوە حیزب هەموو شتێکیان بۆ حازر ئەکا.

* تازە بووک و زاوایەک: وەڵا کاکە حەزمان ئەکرد لە دوبەی مانگی هەنگوینی بەسەر بەرین، بەس نە جەواز نە ڤیزە، هەردوکی ئاسان نییە بۆ ئێمە، ئا بۆ ئەوە حەزم ئەکرد پەرلەمانتاربوایام.
- کەواتە پێت وایە پەرلەمانتار کاری بۆ ئاسان دەکرێ؟
+ ئەی حەتمەن، هەموو پشووەکانیان لە دەرەوە بەسەر ئەبەن،