Tuesday, January 24, 2012

یاسا سەروەرە

سەروەرەیی یاسا لە کوردستان
لە زانکۆ بووم نوکتەیەک زۆر باوی هەبوو لەسەر خەڵکی موسڵ (موسڵاوی)، نوکتەکە باسی لە ترسنۆکی و ڕەزیلی ئەوخەڵکە دەکرد، دەڵێ: کوڕێکی موسڵاوی، لەوانەی خۆی بە کوێخا ڕینگۆ ناگۆڕێتەوە (شەقاوە)، پیاسە دەکا، سەیارەیەک دەوەستێ لایەوە. لە سەیارەکەوە پێی دەڵێن سەرکەوە. کوڕە دەڵێ: ئینجا بۆ بترسم، چەقۆ و بۆکس خەنجەرم لە گیرفانە، سەردەکەوێ. سەیارە ئەڕوا بۆ ناوچەی غابات، ئەڵێن دابەزە، ئەویش دەڵێ ئینجا چییە، چەقۆ و بۆکس خەنجەرم لە گیرفانە، لەوێ ڕووتی دەکەنە و ئەویش دەڵێ ئینجا چییە، چەقۆ و بۆکس خەنجەرم لە گیرفانە، حەسیر مەیانی دەکەن، ئەڵێ چەقۆ و بۆکس خەنجەرم پێیە...



ئەم نوکتەیە دەقاودەق وەکو سەروەری یاسای لێ هاتوە لە کوردستان:
دەرمان و خواردنی بەسەرچوو دەفرۆشن: قەیچێکە یاسا سەروەرە.
بەرد دەگرنە بارەگای حیزب: قەیچێکە یاسا سەروەرە.
بارەگای حیزب دەسووتێنن: قەیچێکە یاسا سەروەرە.
تەقە لە خۆپیشاندەران دەکرێ و خەڵک دەکوژرێ: قەیچێکە یاسا سەروەرە.
بۆ پرۆژەیەک سێ چوار جار پارە سەرف دەکرێ و ئینجا بە سەقەتی تەواو دەبێ: قەیچێکە یاسا سەروەرە.
سەری خەڵک دەشکێنن و بەرد دەگرنە خوێندکار لەناو زانکۆ: قەیچێکە یاسا سەروەرە.
پارە ئەدەنە حیزبەکان، کەی ویستیان ئەیبڕن: قەیچێکە یاسا سەروەرە.
ڕێبەرکویک داخرا، کرایەوە، داخرا، دیسان کرایەوە و حەفتا هەزار کەس لە ساحەکەیا تەماشای دەکرد : قەیچێکە یاسا سەروەرە.
پەرلەمان بڕیار ئەدا حکومەت جێبەجێی ناکا: قەیچێکە یاسا سەروەرە.
سەرۆکی هەرێم بڕیار ئەدا و جێبەجێ نابێ: قەیچێکە یاسا سەروەرە.
بەندینخانە کوناودەر دەکەن: قەیچێکە یاسا سەروەرە.
بودجە سەر و بنی دیار نییە: قەیچێکە یاسا سەروەرە.

زۆرکات لەم نێوانەدا ڕاستی ون دەبێ، سەرۆکی هەرێم هەموو جارێک دڵنیامان دەکاتەوە لە سەروەری یاسا، کەچی یاساش لە گیرفانی یاساناسەکانا خەوتووە، دادوەرێکیش وتی یاسامان زۆرە هی ترمان ناوێ. پەرلەمانتارەکانیش خەم لە دەستووری هەرێم دەخۆن، کەچی هێشتا دوو یاسا بە ڕێکوپێکی جێبەجێ ناکرێت. ئاخر یاساکان وەکو کابرای موسڵاوی سەروگوێلاکیان هێناوەتە خوارەوە سەروەری چی و سەرداری چی، وەڵا سەرشێت کراوە و بووە بە سەرهین....


1 comment :

Anonymous said...

دەستخۆش، یاسامان زۆرە، بەڵام بەچی ئەچێ کاتێ %٦٠ ی خەڵك لەسەرووی یاساوە بن.
کاکە یاسا چۆن جێ بەجێ ئەکەن، ئەگەر بیکەن ئەبی هەمویان زیندانی بکرێن.