Tuesday, February 14, 2012

نوێنەرتان کێیە؟


لە گەڕەکی ئێمە ئەنجومەن هەیە، ئەوان نوێنەری ئەم گەڕەکەن، کە بمانەوێ داخوازییەک بەرز بکەینەوە بۆ شارەوانی، ئەیدەینە دەست ئەوان. حکومەت لەمە زۆر ڕازییە، چونکە ئیتر کەس ناچێتە سەر شەقامەکان و کەسیش سەری ناشکێت بە دارلاستیکی هەڵمات. دوو نوێنەر دەچن و لەوسەرەوە بەکۆمەڵێک بەڵێنەوە دێنەوە.

لەم ڕۆژانە حەمە زوو هاتەوە ماڵ و کتێبەکانی دانا، وتم چییە زوو هاتویتەتەوە، دەرسی وێنەتان هەیە؟ وتی نە، خۆپیشاندانە خۆپیشاندان. تەسبیحەکەم هەڵگرت و منیش دوای کەوتم. هۆڕنی سەیارە ڕۆژە ڕێیەک دەڕۆیشت، لەوە دەچوو ئەمڕۆ مەکتەب لەسەر ئەم شەقامە دەوام بکەن، هەموو هاواریان دەکرد، نامانەوێ..

گلەیی ئەم قوتابیانە ئەوەبوو کە سیستەمی وڵاتی تر دێنن بە هەلومەرجی ئێرە جێبەجێی دەکەن. وەڵامی حکومەت بۆ ئەو قوتابیانە ئەوەبوو دوو نوێنەرتان بێ و باقی بڕۆنەوە ماڵ.

کاک عەلی دراوسێمان نانەوایە، ئێوارە هاتەوە لە دوکانی کاک مەجید ئەیوت بەیانی نانەواچییەکان ئەچنە سەر شەقام، چونکە حکومەت نایەڵێت بەڵێندەرەکان ئارد بهێنن و ئارد گران دەکڕین، کەچی نایەڵێ نان گران بکەین. وتم پەتاتە فرۆشەکانی عەلوەکەش مانگی پێشوو شەقامیان گرت و هەفتەیەک پەتاتەمان نەخوارد، بزانین بۆ ئێوە چی دەکەن. وەڵامی حکومەت بۆ ئەوانیش: نوێنەری خۆتان بە لیستی داواکارییەکانەوە بنێرن.
ئەم هەفتەیە هەموو پیشەوەرەکان ئەو خۆپیشاندانەیان کرد، پزیشکەکان و ئەندازیاران و سایەقی باسەکان سەندیکایان هەبوو، ئەوان نوێنەرایەتیی ئەمانەیان کرد. مقۆمقۆ هەبوو کە کەم ئەندامان و مامۆستاکان و پۆلیسیش بچن خۆپیشاندان بکەن. دوایی سەندیکاکانیان کپی کردنەوە و وتیان دۆخەکە ناسکە. 
لەم بەزمی خۆپیشاندانە دەرکەوت کە خەڵک نوێنەری خۆی زوو ئەدۆزێتەوە، هەر لەسەر جادە بێ ئەوەی یەکتری بناسن دوو قسەکەر دەبنە نوێنەر و بە سادەیی ئەو پەیامە دەگەیەنن. لەبەرامبەر ئەمە حکومەت درەنگ بەو کێشانەیان دەگات و چارەسەریشی دوا دەکەوێت. هۆکار ئەوە نییە کە حکومەت ڕاژەی خەڵک ناکا یان پەیوەندی لاوازە بەو خەڵکانەوە، نەخێر، هۆکارەکەی ئەوەیە کە حکومەت لە دوورەوە دانیشتووە و نایەتە ناویانەوە، نوێنەر و لیژنەکان خۆش بن گرفت و چارەسەریان بۆ دەبەنە سەر مێزەکان، ئەوانیش خوا هەڵناگرێت، قەت نەیانوتووە نە، هەموو کات بەڵێنیان داوە، بەڵێنەکانیش لەم دەست ئەیدەن بەو دەست و ڕۆژێک دێ داواکارییەکان جێبەجێ دەکەن.

چوونە ناو خەڵک و چاودێریی کردنی کارەکان خاڵی سەرکەوتنی دەسەڵاتی (عومەری کوڕی عەبدولعەزیز) بوو، کە ئەمڕۆ لە دەسەڵاتی کوردستاندا نابینرێت. کەس بینی سەرۆکی شارەوانی و پارێزگار بچنە ناو پیشەوەرەکان و لە نزیکەوە گوێیان لێ بگرن؟ ناحەقیشیان ناگرم، ئاخر نە سواری پاس دەبن، نە سەرەی نان دەگرن، نە پەتاتە کڕینیان هەیە، نە مناڵەکانیان لە خوێندنگای حکومییە، نە لە خەستەخانەی گشتی چارەسەر وەردەگرن، نە کرێی کارەبای مۆلیدە ئەدەن.... ئەزانن بۆ؟ چونکە نوێنەریان هەیە!

3 comments :

Unknown said...

کاک ئاراس ئەمە وڵاتی قەزا و قەدەرە ، قەت بەتامی نەبین رۆژە لە رۆژان بەرنامە دانرێت بۆ خەڵکی لە لایە حکومەتەوە.

arasn said...

کاک جوتیار وا ڕەشبین مەبە.
من دەڵێم حکومەت هەر ئەو خەڵکەن، ئەو خەڵکەش گەر بیانەوێ چاک بن حکومەتیش چاک دەبێ. گرنگترین شت پەیڕەوی یاسا و سەروەرییەتی، کە ئەوەمان هەبوو ئەوانی تر لەخۆیانەوە چاک دەبن

Unknown said...

You Will never Get or May Be :) after 50 years We See this.