Tuesday, May 27, 2014

لەگەڵ بەسەرهات و بۆچوونەکانی (عەلی وەردی) دا -٣-

سروشتی شارستانی
کۆک بوون لەسەر وشە، بەهێزی کۆمەڵە، هیچ گومان لەوەدا نیە، هاوکات ناشبێت ئینکاری لەوە بکەین کە سازدان چەند زیان بە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەگەیەنێت.
کۆمەڵگا ناتوانێت بە سازدان و ڕێکەوتن بژی و بەرەوپێش بڕوا، دەبێت لە هەمان کاتدا ڕکابەر و بەرەنگاری تیا بێ، بێ ئەوە جووڵە بەرەو پێشەوە مەحاڵە. [١]
توێژینەوە کۆمەڵایەتیەکان سەلماندویانە، ئەو کۆمەڵگایانەی لەسەر خووی عەشایەری بەردەوامن و بڕوایان بە لاسایی کار و ئاکاری باوک و باپیرانیانە، دەستی لێ هەڵناگرن و لەسەری دەمێننەوە، هەروەها ناشتوانین هیچ هەنگاوێکی بەرچاو لە ژیانیاندا بەدی بکەین. لەم جۆرە کۆمەڵانەدا دەبینین ڕکابەرایەتی، توند وتیژی لێ دەکەوێتەوە، چونکە بەربەرەکانیەکان لەسەر ئاستی کەسایەتی و تایبەتییە.
لە ڕاستیدا دووبەرەکی و فرە ڕەنگی کاتێک دەبنە مایەی جووڵە و پەرەپێدان کە لەسەر بناخەی بیر بێ نەک کەسیی. هەرکاتێک دوو بەرەی جیاوازت بینی لە کۆمەڵگایەکدا و بەرامبەر یەکتر وەستان، ئەوە بزانە کە ئەو دوو بەرەیە وەکو دوو پێ وان بۆ ئەو کۆمەڵگایە و ڕێ دەکەن.

بزواندنی کۆمەڵایەتی بەدەر نیە لە خراپە، لەگەڵ ئەوەی کە چاکەی زۆر پێوە دیارە. جووڵە کۆمەڵایەتیەکان هاوکاریی مرۆڤ دەکەن بۆ ڕاهاتن لەسەر فرە دەنگی، هاوکات لەوەیە نرخێکی زۆر لەسەر کۆمەڵگا بکەوێ، بەوەی ئاکامی هەنگاوەکانی نازانیت و دەرەنجامەکانیش ناسراو نین.
مێژووناس، توینبی دەڵێت: سیفەتی سەرەکی کە خەڵکی شارستانی جیا دەکاتەوە، داهێنانە. ژیانە سەرەتاییەکان کە لەسەر لاسایی کردنەوە و گوێڕایەڵی دەڕوا و شارستانیش لەسەر داهێنان. خۆشەویستی مرۆڤ بۆ لاسای کردنەوە و پیادەکردنی ڕەوشتی باپیران، هۆکاربووە بۆ مانەوەی ژیانی سەرەتایی بە درێژایی ٣٠٠هەزار ساڵ. ئەو ماوە درێژە قەناعەتیان بە ژیانیان هەبووە کە لە باوباپیریانەوە بۆیان بەجێماوە.
دەتوانین بڵێین شارستانی و دڵەڕاوکێ پشتی یەکن و جیا نابنەوە لەیەکتر، خەڵکی پێش شارستانیبوون ژیانێکی سادە و بێ قڕەیان هەبوو. توینبی پێی وایە شارستانیبوون بەندە لەسەر کۆشش و ناڵاندن، ئەو شوێنانەی بژێوی ئاسان دەستگیر بێ، شارستانیبوونی تیا بەدی ناکرێت. هاوکات چیرۆکی ئادەم و حەوا و جێنشینیان لەسەر زەوی بە هێمایەک دادەنێت بۆ سەرهەڵدانی شارستانی، چونکە لەو ڕووداوەوە مرۆڤ هاتە دەرەوە لە ژیانێکی سەرەتایی بێ بەربەرەکانی.

پەروەردگار ئادەمی دروست کرد، پاشان ئیبلیسی سەپاند، دەبینین خێر و شەڕ زۆرانبازیان بەردەوام دەبێ تا ڕۆژی دوایی.. ئەبێ نهێنی ئەم دووبەرەکیە پڕ دڵەڕاوکێیە چی بێ؟
هەندێک لە سۆفیەکانی ئیسلام پێیان وابوو لەمەوە دەردەکەوێت کە شت بە دژەکەیدا دەناسرێتەوە، واتا تا لە ڕووناکی بگەین دەبێ تاریکی هەبێ، تەندروستی بە نەخۆشی، و ئەم تێکەڵەیەشە کە بوونەوەری بەرهەمهێناوە. لەوەوە بۆمان دەردەکەوێت سۆفیەکان بوونی شەڕ بە پێویست دەزانن تاکو لەڕێیەوە بە خێر بگەین. ئیبن خەلدون ڕای نزیک بووە لە سۆفیەکان، هیگلیش دەڵێت هەموو شتێک لەناخیا دژەکەی خۆی هەڵگرتوە، هیچ شتێک بێ دژەکەی بوونی نابێت. لۆژیکی ئەمڕۆش ئەو بۆچوونەی سۆفیەکان پشت ڕاست دەکاتەوە.

 _____________________

* چەند وتارێکن وەرمگێڕاون لە نووسراوەکانی یەکەم زانای کۆمەڵناسی عێراقی، دکتۆر عەلی وەردی. سەرچاوەی ئەم وتارە کتێبی مهزلة العقل البشري.

[١] بڕوانە (مهزلة العقل البشري) - علي الوردي - لاپەڕە ٢٠- ٣٤
Post a Comment