Tuesday, February 10, 2015

لەگەڵ بەسەرهات و بۆچوونەکانی (عەلی وەردی) دا -٤-


 

 گومان وەکو نەخۆشی بڵاو وایە، هەر کە شوێنێک گرتی، ئەوا بڵاودەبێتەوە و شوێنەکانی تریش دەیگرن، مرۆڤیش ئەگەر خوویەکی شکاند کە لەسەری ڕاهاتووە، ئەوا دەتوانێت لەوانی تریش لا بدا و بیانشکێنێت. لەمەوە مرۆڤەکان بەرەوە ئازادی هەڵدێن و گومان زۆرتر دەبێت، کە لە ڕوویەکەوە سوودمەند دەبن و لە ڕوویەکی تریشەوە زەرەرە.

کاتی خۆی شێخ و مەلاکانی حیجاز و دورگەی عەرەبی خوێندن و کەناڵە بێتەلەکانیان بە کوفر و شەیتان لە قەڵەم ئەدا، ئەیانوت خوێندن، وێنەکێشان و جوگرافیا دژی شەرعە و زۆر بە توندی دژی ئەوەستان.
لە ڕاستیدا ئەو بەڵگە و قسانەی کە ئەو شێخانە دەیانهێنایەوە تەنیا ڕووکەش بوو، لە بناغەدا هۆکاری بنەڕەتی بۆ ئەو شتانە بوونی نیە، دیار بوو دڵنیان کە خوێندن و وێنەکێشان دژایەتی ئایین نیە، بەڵکو ترس و گومانیان هەبوو کە فێربوونی ئەو شتانە بیانخاتە گێژاوی گێرمەوکێشە و فەلسەفە لێدانەوە، خۆ خڕی زەوی چ پەیوەندیەکی بە بڕواهێنانەوە هەیە؟ چ پەیوەندی بە پێغەمبەرایەتی و ڕۆژی دواییەوە هەیە؟ هیچ بەڵکو تەنیا ئەوە نەبێ شتێکی نوێیە و خەڵکی دوور دەخاتەوە لەو شتانەی کە ڕاهاتوون لەسەری، شێخەکانیش ئەوەیان دەوێت کە خەڵک هەر دواکەوتوی خۆیان بن و بەدەوریانەوە هەڵسوڕێن[١]
بەردەوام بوون لەسەر خو و ئاکاری باوبابیران لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا هەبوو، کە نەیاندەویست بگۆڕرێت، لەو کۆمەڵگایانەدا هەموو شتێک بۆماوەبوو. دەبینین چێژ لە خەو و بیرکردنەوەکانیان دەبینی و لەسەر هەمان تاس و حەمامی باووباپیرانیان بێ گۆڕین بەردەوام دەبوون. بیرکردنەوە لە گۆڕین لەم کۆمەڵگایانەدا لادانە لە پیرۆزییەکان، پێچەوانەی شارستانیەت کە لەسەر گۆڕین بەردەوامە.[٢]
 
هەست کردن بە ستەمکاری بوو فەڕەنسییەکانی هاندا بۆ شۆڕش کردن دژی لویسی شانزە، هۆکاری ڕاپەڕین و دروستبوونی هەستکردن بە زۆرداری لە نووسراوەکانی ڕۆسۆ و منیتسیکیۆ و خەڵکانی تر لە ئەدیبەکانەوە هەڵقوڵا، فەڕەنسیەکان زۆر لە ڕووسەکان و نەتەوەی تر باشتر بوون، چونکە هەست کردن بە ستەمکاری گرنگترە لە بوونی زۆردار و ستەم، چونکە بۆی هەیە زۆرداری و چەوساندنەوە هەبێت و هەستی پێ نەکەین. لەمەوە کۆمەڵگای عێراقی و عەرەبیش بە گشتی هەست بەوە دەکەن کە سەرەتاییەکانن و باشیش دەزانن کە هەنگاوی یەکەم بەرپاکردنی شۆڕشە دژی خودی خۆیان.
 یەکێک لە خوێندکارەکان لە کاتی وانە وتنەوەمدا هەستا، پرسی کرد، وتی: "بایەخی ئەم زانستە کۆمەڵایەتیە
 چیە شەو ڕۆژ بۆمان لێک ئەدەیتەوە و ئەیخەیتە مێشکمان؟ ئێمە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی نەمرمان هەیە، کە بۆ هەموو کات و شوێنێک گونجاوە - ئەویش سیستەمی ئیسلامیە ٠ ئەوەمان لەسەرە کە بەدووی بکەوین و جێبەجێی بکەین، بەوەش هەموو بەختیار دەبین بە ئیزی خوا."
بە خوێندکارەکەم وت: "ئەم سیستەمەی تۆ باسی دەکەی، فەقێ و شەرع ناسەکان لەسەری ڕێک نین، هەر کۆمەڵە و بەشێوەیەک لێکی داوەتەوە و پێچەوانەی یەکتر وەستاون. لەسەر کۆمەڵێک شتی سانا ڕێکەوتوون و ئەوانی تر تا ئێستاش بە هەڵوواسراوی ماوەتەوە، ئادەی بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و باج و کارکردن بە پاڕەی میللە و مافی ژنان و هەڵبژاردنی سەرۆک ..هتد کامە لەسەری ڕێکەوتوون، کەواتە کامەیە ئەو سیستەمە".

خوێندکارەکە وتی: "پێویست دەکات لەسەرمان لەم مەکتەبە فیقیانە ڕاستترین و ماقولترینیان وەربگرین و لەسەری بڕۆین."
قسەکەی زۆر جوانە، بەڵام دەمانباتەوە بۆ خاڵی دەستپێک. چونکە هەر مەزهەبێک و لایەنێکی فیقی خۆی بەڕاست و دروست دەزانێ لەوانی تر، ئەگەر ئەمیان پەسەند بکەین، ئەوانی تر بە گێرەشێوێن و نەفام ناومان دەبەن، خۆشیان بە ڕاست و ژیر دادەنێن. لەوانەیشە ڕاست بکەن، ئەوان ڕاست بن و ئێمە هەڵەکەمان هەڵبژاردبێ. خۆ ئەگەر دژایەتی بیرەکەیان بکەین و ڕق و کینەمان هەبێت بەرانبەریان، ئێمەیش وەکو ستەمکارەکان دەبین کە بەدرێژایی مێژوو لەسەر کردەوە خراپەکانیان بەردەوام بوون و ستەمکارییان کردوە و هاوکات خۆشیان بە دادپەروەر ناو بردوە.
بیریشمان نەچێت، ستەمکاران سەدان شوێنکەوتوویان دەکڕی و بەدوایانەوە هوتافیان بۆ دەکێشان، چەندین فەقێ و شێخیش لەگەڵیانا پشتیوانی کردون و بە مەزنایەتیاندا هەڵیانداوە، وە بەڵگەی عەقڵانی و دروستیان بۆ لێکداونەتەوە کە لەگەڵ سوننەتی خوا و پێغەمبەردا یەک بگرێتەوە!.[٣]
 _____________________

* چەند وتارێکن وەرمگێڕاون لە نووسراوەکانی یەکەم زانای کۆمەڵناسی عێراقی، دکتۆر عەلی وەردی. سەرچاوەی ئەم وتارە کتێبی مهزلة العقل البشري.

[١] بڕوانە (مهزلة العقل البشري) - علي الوردي - لاپەڕە ٢٤-٢٥
[٢] بڕوانە (مهزلة العقل البشري) - علي الوردي - لاپەڕە ٣٢
[٣] بڕوانە (مهزلة العقل البشري) - علي الوردي - لاپەڕە ١٥٤
Post a Comment