Monday, June 20, 2016

بیرەتەکنیکیەکانم - هاوینی ٢٠١٦


 
لە (ڕۆبۆکەپ RoboCup)ی ئەمساڵدا، ڕۆبۆتەکان وتیان مادەم ناوبژیوان مرۆڤە گۆڵناکەین. بەهۆی (برئیکسیت Brexit)ـەوە، ڤۆدافۆن دەیەوێت بنکەی سەرەکی لە بەریتانیا بگوێزێتەوە، کە حاڵی حازر ١٣٠٠٠ کارمەندی لەو وڵاتە هەیە.

لێکۆڵەرەوەکان هەردوو نەرمەواڵەی دژەڤایرۆسی (نۆرتۆن و سیمانتیک) بە هۆی بوونی کەلێنی مەترسیدار، بە پارێزەی خراپ ناو دەبەن، نمونەی کۆد و ڤایرۆسەکەشیان داناوە لەسەر ئەو بەرهەمانە تاقی بکرێتەوە، بەڵام بۆ هێرش بردن قەدەغەیە ئاگاداربە!. هەر لەسەر ڤایرۆسی کۆمپیوتەر دوێنێ ئاسایش وتی (لۆکی Locky) وەشانی نوێی هاتووەتەوە مەیدان و ئەمجارە بە ئیمەیلی خەڵکی ناسراو پەیامتان بۆ دێ، واژۆکانی نەکەنەوە!

چەندساڵە گووگل داتا و زانیاریی تاکەکەسیمان کۆ دەکاتەوە، تازە بەتازە ئەڵێ پرستان پێ دەکەم و ئینجا لە بەرهەمەکانی ترا بۆ ڕیکڵام و پارەپەیا کردن بەکاریان دێنم. حەمە بەوەش دڵی خۆش بوو، چونکە فەیسبووک قەت شتی واناکا. برادەرێک فێری وۆردپرێس بووە، هەر کە ماڵپەڕێکی ئەدەنێ شتی بۆ زیاد بکا، ئەیکات بە وۆردپرێس و سەرلەنوێ دایدەڕێژێتەوە.
ڕێکخراوی یونیکۆد، وەشانی ٩ی ڕاگەیاند، بە کۆمەڵێک کۆدی تایبەتی نوێوە بۆ وێنۆچکە و هێما باوەکان. شایەنی باسە، کورد لەو ڕووەوە کێشەی نەماوە، بۆیە مشووری زمانی سواحیلی سۆماڵیەکانیان خواردوە ئەمجارە.
وا بزانم ئێمە بۆ( emoji) وشەی کوردیمان دا نەناوە.
حەمە وتی لە شوێنێکا نووسرابوو؛ فریا بکەوە تا کۆتایی تەمموز ویندۆزەکەت بەخۆڕایی بکە بە ویندۆزی ١٠، وتم دیارە ئاگای لێ نیە لەم مەملەکەتە ئەوانەی پارتنەری مایکرۆسۆفتیشن وەشانی تێكشکێنراو و یەک دۆلاری بەکار ئەهێنن. تەح.
وتم ئەوە مووسوڵمانێک نیە بەرنامەیەک بۆ ڕیفراندۆمەکەی کوردستان دابنێ؟ وتیان ئاخر ئەوە وەکو ئەوەی بەرلین بە یاسا و دەستووری پەرلەمان بێژنگ دەکرێ، ئێرە وڵاتی یاسایە خۆ هەوانتە نیە. 
بە دەردی قەزوان دەبێژێ، دوای دووساڵ پێجانەوە، کرۆکی سەکۆی (دۆت نێت .Net) وەشانی یەکەمی بڵاوبووەوە، ئەم یاپراخە بۆ لینوکس خۆرەکانیش ئەبێ، وا بڕوا ماوەیەکی تر ئۆپنسۆرس ئەمانخوا. ئەوەتا (کڵاوسوور Redhat) مەنجەڵێک لە یاپخراکەی پێچاوەتەوە بە گەڵای ویندۆز.
لەو فەیسبووکە هونەرمەندێک لەسەروو ڕەسمەکەی خۆیەوە نووسیبووی، ئەکتیڤیتیمان دابەزیوە، کوا لایک و شەیرەکانتان؟
هەر لە فەیبسبووک بە هۆی مانگی ڕەمەزانەوە پەیامێکم بۆ هاتبوو لە هاوڕێیەکەوە، تیانووسیوە کە پەیامەکەی بۆ ١٥ کەس بنێرم ئیتر فەیبسبووک ئەکتیڤم دەکات. وەکو اللە اکبری مەلاکە، کە دەیووت بە  دە هاوڕێت بڵێ ئینشائەڵا خوا لێت خۆش ئەبێ.
 
 
 
 
 
 
 

No comments :