Saturday, January 26, 2019

پاسۆردی ئیمەیلەکەت دزراوە؟


زۆرن لەوانەی کە تێپەڕەوشەی چوونەناو پۆستە ئەلیکترۆنیەکانیان لە پیت و ژمارە دروست کردوە، بەشێوەیەک کە دۆزینەوەیان ئاسان نیە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جار دەبیستین کە هەژمارەکان دزراون، یان تێکشکێنراون. لەگەڵ هاتنی ساڵی ٢٠١٩ دا، تێکشکێنەرەکان hackers لە دوو گورزدا، ٢،٢ملیار هەژماریان بڵاوکردەوە کە تێکشکێنراون.

ئەمجارە تاوان تەنیا لە ئەستۆی خاوەن هەژمارەکاندا نەبوو کە تێپەڕەوشەی سانایان داناوە یا لە وێبدا بە کاڵفامانە مامەڵەیان لەگەڵ داتاکانیان کردوە، بەڵکو مۆڵەتبەخشت و ڕاژەکارەکانیان ڕاستەخۆ تێکشکێنران، واتا ئەو کۆگای ئەو هەژمارانە لە شاڵاوی هێرشی تێکشکێنەراندا هەرەسیان هێناوە.
لێرەوە گومان و ترس زۆرتر دەبێ، چونکە تۆ خۆت داوەتە دەست مۆڵەتبەخشێکی وەکو یاهوو، جیمەیل، web.de...هیتر کە ئەوان ژێرخانی توند دەستەبەر دەکەن بۆ پاراستنی ناوەڕۆک و هەژمارەکانمان.

دەزانین کە ڕاژەی خۆڕایی پۆستی ئەلیکترۆنی هەوانتە نیە، ئەوان وەکو دابینکاری ئەو ڕاژەیە، سوودمەندن لە داتا و ناو و ناونیشانمان، هاوکات ئێمە لە ڕێکەوتنی ئەوان و ئەمەریکا، یاخود ئەوان و ئەوروپای هاوبەش بەئاگا نین، ئایا تاکو چ ئاستێک ناوەڕۆکی پۆستە و نووسراوەکانمان پارێزراوە؟ (ئەوان لێرەدا دابینکارەکانە، وەکو گووگڵ، یاهوو، gmx, msn, web.be و هیتر).

لێرەوە پرسی چی بکەم؟ و چۆن بیکەم؟ دێتە ئاراوە، کە زۆرجار وەڵامەکەی هەر لای خۆمانە. ئەوەی ئەرکی ئێمەیە گۆڕینی تێپەڕەوشەیە لە ساڵێکدا سێ چوار جار، بە تایبەتی ئەگەر زانیت کە دابینکارەکەشت تووشی هێرش بردن بووە. ئەرشیڤ کردن و سڕینەوەی پۆستە کۆنەکان، دەتوانیت لەسەر کۆمپیوتەرەکەی خۆت بەشێوەی دەرهێڵ ئیمەیلەکانت هاوردە بکەیت و بیان پارێزیت لە پەپکەیەکدا hard disk، باشترە لەوەی کە سەرهێڵ بمێننەوە و ڕۆژێک خەمیان بخۆیت.

دەتوانیت گوێ لە زنجیرەی ٤٠ و زنجیرەکانی تری پۆدکاستی چاوگ بگریت، بەدرێژی باسی پاراستنی زانیاری کراوە

لەم بەستەروە دەتوانیت بزانیت پۆستە ئەلیکترۆنیەکەی تۆش لە دزراوەکانە:

No comments :