Friday, May 31, 2019

بیرە تەکنیکیەکانم


عارفی پورە ئەمنە باسی "گەورەدێ" و شارباژێڕ بکا لە ویکیپێدیای سۆرانی، کە پەنجا ساڵە لەوێ دەژی ئەبێت، لە ژێریا بنووسێ سەرچاوە: ویکیپێدیای ئینگلیزی، ئەگینا مۆری سڕینەوە و بێ سەرچاوە لە بنیا دادەنێن.


بۆ نموونەی دیجیتاڵکردن چووین بۆ وڵاتێکی ئاوەدان، شەرابەکەیان گاڵتەی پێ نەدەکرا، بە ڕێگای خۆماڵی ترێکەی ئەکەن بە ئاو.
دەڵێن کۆریای باشوور تاکو لە کرێی لایسنزی ویندۆز و پارەی پشتیوانی لە کۆڵ ببێتەوە، بڕیاری داوە حکومەتە ئەلیکترۆنییەکەی بکا بە لینوکس و سەرچاوەکراوە.

لە فەیسبووک کابرایەک ڕەسمی ڕێواسی دانابوو ئەیپرسی خەڵکینە ئەمە چیە؟ هەڤاڵ وەڵامی نووسیبوو: خورمایە!
هەر لە فەیسبووک دوانزە پەیامی جۆراوجۆرم بینی لەسەر کەش و هەوای بێڵ ماوسەکە، حەمە وتی بارام بەگ بمایە تەڵاقی دەخوارد کە بێڵ ماوسەکە لە سەدام زۆرتر ڕەسمی هەیە.
هەر لەو فەیسبووکە ئێستا کەس (ئەکتیڤیتی دانابەزێ) بەڵام لە دامێنی هەموو نووسراوێکا دەنووسن بیرت نەچێ لایک و شەیر و کۆمێنت!.

حەمە گێڕایەوە، لەم ماوەیەدا چەند کەسێکی بینیوە لە کەناڵی جیاجیا باس کراون، کە زمانی کوردیان لە گوگڵ زۆر کردوە و وەریان گێڕاوەتە سەر کوردی. کە تاکو ئەمڕۆ وەرگێڕەکەی گوگل تەنیا کورمانجی سەرووی تیایە و بەس!.

لەگەڵ ئەوەی چەندین تەختەکلیلی کوردی بۆ هەموو سیستەمە جۆراوجۆرەکان دروست کراوە، کەچی لە فەیسبووک نیوەی کورد بە ئەلفوبێی سەقەت دەنووسێ. شەرمیش ناکەن لەبری چۆلەکە بنووسن "جولەکە"، پیاو دەکەن بە "بیاو" یان بۆشایی بخەن نێوان بزوێن و پیتەکانی ترەوە.