Monday, July 27, 2020

داتاکان چۆن دەبنە نەوت - ٦

لە سەردەمی کۆرۆنا دا، کە ماوەیەک جووڵەی بازرگانی و پیشەسازی، لەسەرتاسەری جیهاندا کز بوو و لەزۆر شوێن بگرە وەستا، نرخی نەوت و لێکەوتەکانی زۆر دابەزی[١]، بە ڕادەیەک ئەوانەی بۆ هەفتە و مانگەکانی داهاتوو پێشتر داوای بڕێکی زۆریانکردبوو، نەیاندەزانی ئەوەی کە ئەمبارکراوە چی لێ بکەن.

وەستانی هاتوچۆ و کارگەکان، پێویستی بەنەوت خستە ڕادەی نەبوونەوە، لەبەرئەو هۆیە[٢]، زۆر شوێن مەمنون بوون نەوتیان بەخۆڕایی  لێ وەربگیرێت، تەنانەت خەرجی گواستنەوەشیان ئەدا، کە نرخی نەوتەکە لەو بارەدا دەچووە ژێر سفر[٣]. داتاکان لە سەردەمی کۆرۆنادا پێچەوانەی نەوت، بایەخیان زۆرتر بوو. بۆ زۆر لە حکوومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و تەنانەت هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا، زانیاریی کۆکراوەی دانیشتوان و داتا دیجیتاڵکراوەکان بوونە ژێرخانێکی باش کە بتوانن بەهۆیەوە زاڵ بن بەسەر بڵاوبوونەوەی کۆڤید-١٩ دا[٥].
کۆریای باشوور یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە زوو (داوانامە application)ێکی خستە بەردەست بۆ هاووڵاتیان کە بتوانێت لەڕێگەیەوە هاتوچۆی تووشبووەکان و کەرەنتێنەکردنیان کۆنتڕۆڵ بکا، بەسوود وەرگرتن لە داتا و زانیاریی ژمارەی تەلفۆنەکان، بۆی لوا کە ڕێسا و یاساکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەری کردبوو، تەواو بچەسپێ.
وڵاتی چین، کە ڤایرۆسەکەی لێوە بڵاوبووەوە، بەزەبری داوانامەی تەندروستی، زانیاریی جموجۆڵی هاووڵاتیانی کۆ کردەوە و تەواو چاودێریی دەکردن. بەتۆپزی هەموو کەسێک دەبوو کۆدێکی (QR) سکان بکا پێش سواربوونی هەر هۆکارێکی گواستنەوە[٦].

هەر لەسەر داتا و ئاڵوگۆڕی زانیاریی بەکارهێنەران و لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید-١٩[٧]، هەردوو گەورە دامەزراوەی گوگل و ئەپڵ بڕیاریاندا کە هەماهەنگی بکەن، هاوکات گوگڵ ڕاژەی تایبەتی نوێی خستە کار تاکو بتوانێت داتاکان باشتر ڕێک بخات و تێکەڵی زانیاریی خواستراوی تری بکا[٨].
لە ئەڵمانیا کە کۆکردنەوەی زانیاریی و بەکارهێنانی ڕێگەپێدانی یاسایی و بڕیاری پەرلەمانی دەوێ، تاکو ئەپی کۆرۆنا خەڵکی بەکاری بهێنێت و زانیاریی خۆی تیا هەڵبگرێ، چەندین جار و لە چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەدا باس لە شوێنی کۆگاکردنی زانیارییەکان کران و پشتڕاستیان کردەوە کە زانیارییەکان لەیەک شوێندا پارێزراون کە تەنیا بۆ توێژینەوە و بەدواداچوونی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ بەکار دەچن[٩]، بەبێ داتای زۆرینەی هاوڵاتیان و تووشبوان دانانی ڕێگەچارە بایەخی نابێت.
ئەمانە هۆکار بوون گرنگیدان بە داتاکان و لکاندنیان پێکەوە لە ئاستێکی هەستیاردا بمێنێتەوە، ئەگەرچی دەنگی ناڕەزایی لە زۆر شوێنەوە بەرزبووەوە کە ئازادی مرۆڤ لەپێناونەهێشتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کراوەتە ئامانج و زۆر وڵات زەبریان لە ڕادەبرێن و سەروەری مرۆڤ داوە، کەچی ڕەوتی کۆکردنەوەی داتای دیجیتاڵ و کەڵەکەبوونی سیستەمی نوێ بۆ دیجیتاڵکردن برەوی زۆرتری بینی. لێرەوە جیاوازییەکی نەوت و داتاکان دێتەوە بەرچاومان، ئەویش جۆرێتی و ڕاست و دروستی داتاکانە، لە نەوت دا چەند جۆرە جۆرێتیەکمان هەیە کە نرخەکانیان لەیەکتریەوە نزیکە، بەڵام لە داتاکاندا زۆروبۆر هەیە و بێکەڵکی داتاکان هیچ نرخێکیان بۆ ناهێڵێتەوە.
داتاکان دەکرێن بۆ چەندین شێوە پۆلێن بکرێن، وەکو داتای تاکەکەسی، کۆمپانیاکان، حکومەتەکان و هیتر، ئەمانەش لە جیهانی (سەرهێڵ online) بۆ بازرگانی و لێکۆڵینەوەکان چەندین جۆریان لێ دروست بووە. حکومەتەکان خۆیان مەڵاس داوە لەیەکتر و هێرشی ئەلیکترۆنیان بەرپاکردوە، نەک تەنیا بۆ دەستکەوتنی جۆرێک لە داتاکان، بەڵکو بۆ زاڵبوون بەسەر سەرچاوە و کۆگای داتاکاندا هەمووی. بۆ جیاکردنەوەی جۆری داتاکانیش زیرەکی دەستکرد و فێربوونی ئامێر[١٠] خراوەتە گەڕ. تێکشکان و دەستکەوتنی داتای یەکتری جڵەوی پەستان ئەداتە دەست حکومەتەکان، کە دواتر بە قازانجی ئابووری دەشکێتەوە[١١].

ئەمڕۆکە دامەزراوەکانی وەکو گووگل و عەلی بابا هێندە زانیارییان لەسەر مرۆڤەکان کۆکردوەتەوە، کە ئەوان لە زۆرباردا ئێمە زۆرتر لەخۆمان دەناسن.





------------------------------------
[١] سی ئێن ئێن - بازرگانی: ژمارەی پێوانەیی لە دابەزینی نرخی نەوتدا تۆمار کرا (WTI crashes below $0 a barrel -- a record low)
[٣] لە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢ دا نرخی نەوت لە ($17.85) بۆ (-$37.63) دابەزی، بەڕێژەی ٣٠٠%ی نرخەکەی.
[٤] توێژینەوە (idw-online.de) - گرنگی داتا و زانستی مامەڵەکردن لەگەڵ داتاکان - NORDAKADEMIE
[٥] وڵاتان چۆن چاودێری تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ دەکەن (کەناڵی دۆیتچە ڤێلە)- (Coronavirus tracking apps: How are countries monitoring infections?)
[٦] سەرچاوەی پێشو (DW)
[٧] کردنەوەی ناوبەستێک لەسیستەمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس دا - (Privacy-Preserving Contact Tracing)
[٨] بەهۆی داتاکانەوە بەرەنگاربوونەوەت بەردەوام بکە (Coronavirus: Mit Big Data die Pandemie in Schach halten)
[٩] ئەپی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا - وێبگەی پەیمانگای ڕۆبەرت کۆخ (www.rki.de)
[١٠] بڕوانە بەشەکانی پێشووی ئەم وتارە
[١١] هێرشی ئەلیکترۆنی و نموونەکانی لە ویکیپدیا (https://en.wikipedia.org/wiki/Cyberattack)