Wednesday, February 09, 2011

سلێمانی

بیری سلێمانی ناکەی؟


هۆنراوەی ئیسماعیل محەمەد ٢٢/٧/٢٠١٠

نایەیتەوە...
سەرێ لە شار نادەیتەوە
بیری سلێمانی ناکەی؟
حەز بە پیاسە و گەڕانێکی...
دەمەو ئێوارانی ناکەی؟

ئەگەر ئەمجارە بێیتەوە
ئەمشارە نانــــاسیتەوە
سیمای بەجۆری گــۆڕاوە
یادگاری هەر تیا نەماوە

وەرەوە بۆ سلێمانی
بۆ شاری ئەوین و جوانی
حەیف چۆڵ بوو لە یارانی
نەما خۆشییەکەی جارانی

گەرچی جاران شارەکەی شێخ...
کوچە و بازاڕی کەمتر بوو
بەڵام لای من سلێمانی...
هەرجاری جاران خۆشتر بوو

ئەمێستاکە هەر تەلارە و ...
بەناخی ئاسمانا ئەچێ
وەفا و سۆز و خۆشەویستی...
بەرەو کاڵبوونەوە ئەچێ
ئەمشارە وا جەنجاڵ بووە...
خۆمم لێ ون بووە تیایا

زۆرجار ئەمەوێ جێی بێڵم
بەڵام چیبکەم دڵـــــمـنایە
ئەزانم بێ سلێمانی...
لە شوێنی تر هەڵ ناکەم
باخچەیەکم لێرە نەبێ...
لە خاکێکی تر گوڵ ناکەم

سەرچنار چۆن لەبیر ئەکرێ؟!
کوێ جێی ئەزمەڕ ئەگرێتەوە؟!
هەتا ئەمجارە دێیتەوە...
هیچ وەک خۆی نامێنێەتەوە

Tuesday, December 28, 2010

گۆڤاری توێشووی زانستخوازان

توێشووی زانستخوازان 
هەندێکجار لاپەڕەکانی ڕابردوو یادەوەری خۆشیان هەیە، پێم خۆشە ئێوەیش تەماشایەکی ئەم لاپەڕانە بکەن، ژمارە چواری گۆڤاری توێشووی زانستخوازان.
یانزدە ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا ئەم گۆڤارەم بۆ دواجار چاپ کرد.

Sunday, December 26, 2010

کەڵەشێر

کەڵەشێرە هارەکە و ئازادی
دەگێڕنەوە پیاوێک کەڵەشێرێکی دەبێت، ئەم کەڵەشێرە لەگەڵ گزنگی بەیاندا دەست دەکات بە (قوقاندن) و دەچێتە سەر دیواری ئەم ماڵ و ئەو ماڵ و دەقوقێنێت. دراوسێیەک زۆر بێزار دەبێت و دەچێت بۆ لای کابرای خاوەن کەڵەشێر، داوای لێدەکات کە کەڵەشێرەکەی سەرببڕێت و بەرامبەر بەو کارەی سێ هێندەی نرخی کەڵەشێرەکەش پارەی ئەداتێ، بە خاوەن کەڵەشێریش دەڵێت گۆشتەکەی حەڵاڵی خۆت بێت و نۆشی بکەن. کابرای خاوەن کەڵەشێر بە پێشنیاری دراوسێکەی قایل دەبێت و هەر لەبەر چاویا چەقۆ بە ملی کەڵەشێرە هارەکەدا دەهێنێت.

Tuesday, December 21, 2010

پارە وعێراق

پارە بدە مەلا لە مزگەوت دەردەکەیت
 
نازانم ئەو ناونیشانەی سەرەوە پەندە یان نە، بەڵام دیارە مەبەست لێی کاریگەریی
پارەیە لەسەر مرۆڤ، کە تەنانەت کەسێکی وەکوو مەلا، کە ئەم دونیای کورت و بڕاوەیەی گۆڕیوەتەوە بەو دونیای نەمری و بێکۆتا، لە ئاستیا شل دەبێت و خۆی ناگرێت.
من لە سیاسەت هیچ نازانم، بەس ئەوەی کە لە ئەیاد عەلاوی و تاقمەکەیم دەبیست لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و دواتر، پێداگرتنیان بوو لەسەر ئێراقێکی یەکگرتوو، بەدەر لە دەست تێوەردانی ئێران، خەمخۆری لە دابەشکردنی داهات و سامانی دەوڵەت، و نەهێشتنی گەندەڵی، دەیانوت بەشداری لە حکومەتا ناکەین ئەگەر ئاوها نەبێت، کە هاتیشە سەر دابەشکردنی پۆست و وەزارەتەکان، دەرکەوت کە بیروباوەڕێکی فشەڵ ئەم لیستەی کۆکردبۆوە، لەسەر وەزیردانان جیابوونەوەیان تێکەوت، لەسەر داخوازییەکانی کورد هەر تاقمێک لە لیستەکەدا شتێکی دەوت، ئەوانەش بخەرەوە لاوە، دوا هەواڵیان ئەمەیە:

Sunday, September 05, 2010

پێشنیارێک بۆ: دامەزراندنی بنکەی بنیاتنان و گەشەپێدانی زانیین

 ئەندازیار ئاراس نوری ئەحمەد- ئەڵمانیا

((مەبەست لەم دەزگایە هاوکاریی کردنی حکومەتە لە زیادکردن هەلی کار بۆ گەنجان و تەرخانکردنیان لەبوارەجیاجیاکاندا))

بنکەیەک کە دەرچووانی پەیمانگا و زانکۆکان لە رێگەیەوە، خولی ڕاهێنان و فێرکردنی کرداری وەرگرن لەسەر بوارە پسپۆڕیەکانی تیا خوێندویانە و بەهیوان دواڕۆژ ببنە پسپۆڕ و چالاک تیایدا. دەرچووانی پلەکانی خوێندنی باڵا زۆر کات خۆیان لە پیشەیەکدا نەدۆزیوەتەوە، بوارێکی خوێندوە کە بۆی هەیە دە لقی هەبێ، ئەمان نازانن کامەیان ئارەزووی تەواویان بۆی هەیە و بە کرداری چۆن مامەڵەی دەکەن. ئەم بنکەیە هەلی کارەکان بە بێکاران و کارخوازان دەناسێنێ، ئامادەیان دەکا. زانینیان لە بوارێکی دیاریکراودا بەهێز دەکات. زۆر لە کارخوازان بڕوابەخۆبوون نادۆزنەوە لە خودیاندا، پێویستیان بە هاوکاری هەیە، پێویستیان بە هەلێک هەیە خۆیان بسەلمێنن، کە ئەم بنکەیە لە رێگەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە بۆیان دەستەبەر دەکات.

Monday, June 22, 2009

دارسێو


خۆشه‌ویستی دارسێو

له دێرزه‌ماندا .. دارسێوێكی به‌رز و پته‌و هه‌بوو، منداڵێكی ڕووگه‌ش و نازدار ڕۆژانه‌ ده‌هات له‌ ده‌وریا یاری و ڕاوڕاوكێی ده‌كرد، به‌ لقه‌كانیا سه‌رده‌كه‌وت و له‌ به‌ری داره‌كه‌ی ده‌خوارد، كه‌ ماندو ده‌بوو له‌ سێبه‌ره‌كه‌یدا ڕاده‌كشا و سه‌رخه‌وی ده‌شكاند. دارسێوه‌كه‌ی زۆر خۆش ده‌ویست، دارسێویش زۆر دڵشاد ده‌بوو به‌ یاری كردن و خسنته‌پێكه‌نینی منداڵه‌كه..
ساڵ هاتوڕۆی منداڵ گه‌وره‌بوو، بوو به‌ مێردمنداڵ، بوو به‌ لاو، دووركه‌وته‌وه له‌ باوه‌شی دارسێو و ئیدی یاری نه‌ده‌كرد له‌گه‌ڵیا، ڕۆژێك هاته‌ لای دارسێو و زۆر دڵته‌نگانه‌ چۆكی دادا له‌ بن دارسێودا..
دارسێو: ئه‌وه‌ بۆ خه‌م دایگرتوووی، وه‌ره‌ یاری بكه‌ له‌گه‌ڵمدا.
كوڕ: نا، خۆ من منداڵ نیم، ئێستا گه‌وره‌بووم و پێویستیم به‌ كه‌ره‌سه‌ی یاریكردن هه‌یه‌، و پاره‌م ده‌وێت تا بیانكڕم.
دارسێو: به‌داخه‌وه‌، من پاره‌م نییه، به‌ڵام ده‌توانیت هه‌موو سێوه‌كانم ببه‌یت بیانفرۆشیت و ‌به‌پاره‌كه‌ی كه‌ره‌سه‌ و ئامێری یارییه‌كانتی پێ بكڕیت.
كوڕه‌كه‌ به‌م قسه‌یه‌ زۆر شادمان بوو، ده‌ستبه‌جێ به‌داره‌كه‌دا سه‌ركه‌وت و سێوه‌كانی لێكرده‌وه‌ و به‌ڕوویه‌كی گه‌شه‌وه‌ دابه‌زی و ڕۆی..