مرۆڤ ناتوانێ ئاراستەی با بگۆڕێ، بەڵام دەتوانێ چارۆکەکەی بەشێوەیەک هەڵکا کە بە ئامانجی خۆی بگەیەنێت.
ژیانی پێغەمبەران پڕە لە وانە و ڕێنوێنی بۆ ئێمەی دوای ئەوان، هەر بۆیە پەروەردگار لە قورئاندا چیرۆکی ڕووداوەکانی ژیانیانمان بە درێژی بۆ دەگێڕێتەوە[١]. ئەوانەی ڕەزامەندی خواشیان ویستوە، گوێڕایەڵ بوون و ژیانی پێشینەکان بوون بە پەند بۆیان، ڕێبازی ئەوانیان کردوە بە ئامۆژگا[٢]. یەکێ لەو پێغەمبەرانەی کە پەروەردگار چیرۆکی ژیانیمان بۆ باس دەکات و بە باشترین چیرۆک ناوی دەبات[٣]، چیرۆکی پێغەمبەر (یوسف)ە، سڵاوی خوای لێ بێت. کاتێک بێ تاوانی یوسف ئاشکرا دەبێت و پاشای میسر پێی دەڵێ: "ئەمڕۆ ئیتر بەڕاستی تۆ لای ئێمە خاوەنی پلە و جێگەی متمانە و باوەڕی"[٤]، پاشان یوسفیش لە وەڵامیدا دەڵێ:" پێم باشە بمکەیت بە لێپرسراو بەسەر گەنجینەکان و سامانی سەر زەوی ئەم وڵاتە. لەخۆم ڕادەبینم کە شت بپارێزم و زاناشم کە چۆن دەیپارێزم."[٥]


