Monday, March 12, 2012

زاراوەکانی کۆمپیوتەر

لە ماوەی داهاتوودا کتێبی (پێناسە و ڕاڤەی زاراوەکانی کۆمپیوتەر) لە چاپ دەدرێت، ئەم کتێبە بە قەبارەی (A5) ئامادە کراوە کە ٥٢٠ لاپەڕەیە. تیایدا ١٩٠٠ زاراوەم پێناسە کردووە. لە پاشکۆدا چەند بابەتێکم تیا بڵاوکردووەتەوە کە پێشتر لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوم کردبوونەوە و لەبەر بایەخی بابەتەکان لەو کتێبەشدا دامناونەتەوە.
وام دانابوو کتێبەکە سەرەتای پاییزی ٢٠١١ لەچاپ بدرێت، بەڵام لەو کاتەشدا فەرهەنگی تەکنۆلۆجیای زانستپەروەرانی کورد - چاپی دووەمی بڵاوبووەوە، لەبەرئەوە حەزم کرد ئەو لە بازاڕدا کۆن ببێت پاشان ئەوەی من ڕووناکی ببینێت.

فەرهەنگی زانستپەروەران کە لەگەڵ کاک دیاکۆ ئەم چاپەیمان ئامادە کرد، گشتیی ترە، بۆ چاپی سێیەمیش کە کاک دیاکۆ هەموو کارەکانی زیادکردن و نووسینەوەی لە ئەستۆ دەگرێت، ڕاڤە و پێناسەکانی کە بۆ زۆربەی زاراوە نەناسراوەکانمان نووسیوەتەوە کاتی خۆی لە ژێر وشەکاندا دەنووسرێتەوە، هەروەها وا بڕیارەکە ئەمجارە لانی کەم ٣٠٠٠ زاراوە لەخۆ بگرێت، کاک دیاکۆ و هیممەتی خۆی.

دەستپێکی نووسین بۆ ئەم کتێبە، لە ساڵی ١٩٩٥ەوەیە کە وەکو فێرکار وانەم بە کوردی دەنووسییەوە و پێناسەی زاراوەکانم دەکرد، پاشان لە کاتی گۆڤاری توێشووی زانستخوازانیشدا لە ساڵی ١٩٩٨ هەندێکیانم نووسییەوە و لە دیسکێکدا پاشەکەوتم کردن، بەڵام گەرم بوون لەسەری، لە پاش ساڵی ٢٠٠٤ەوە بوو، ئەوکاتانەی کە زانستپەروەران لەوپەڕی چالاکیدا بوو، منیش بابەتم لەسەر بەرنامەداڕشتن دەنووسی، لە پێشەکی کتێبەکەدا شتێکم لەسەری نووسیوە لەگەڵ ڕووداوێکدا. مانگی ٢ی ساڵی ٢٠١١ یەکەم گورزەم (١٣ پیت) لێ نارد بۆ کاک م.ئارام بۆ پێداچوونەوە، چوار مانگ دوای ئەوە دوا بەشم نارد بۆ ڕاست کردنەوە و لە کۆتایی مانگی ئابدا ئامادەبوو بۆ چاپ.
زۆتر گرنگیم بە بواری بەرنامەداڕشتن داوە، هاوشانی نموونەی سەرچاوەی بەرنامە، کۆمەڵێک وێنە و هێڵکارییم تیا داناوە بۆ ڕوونکردنەوە، زۆر شت مابوو لەسەری بنووسم، لەوانە هەرێنەکردن و پەرەپێدانی پرۆژەیەکی نەرمەواڵە و بی تر.

منیش بە هیوام کە ئەم کتێبەم لە داهاتوودا دەوڵەمەندتر بکەم، و هەموو زمانەکانی بەرنامەداڕشتن تەکنیکە نوێیەکانی بەنموونەوە بناسێنم، ئەم جارە زاراوەکانی هەردوو بواری ڕایەڵە و ڕەقەواڵە تا ڕادەیەک بێبەش بوون و کەمیانم پێناس کردوە، کە لە ئێستاوە کارم بۆ کردوون و ٥٠٠ زاراوەم لەو دوو بوارەدا ئامادە کردوە. ئەگەر گونجا هەموو ساڵێک کۆمەڵێک زاروەی نوێ هاوشانی نوێکارییەکان پێناس دەکەم و کتێبەکە لە چاپ ئەدەمەوە.


چەند کەسێک هاوکارییان کردم، کە سوپاسم کردوون لە کتێبەکەدا و شایەنی ئەوەن ئیستاش ناویان بهێنم و دووبارە سوپاسیان بکەم؛

بەرگ
بەڕێز کاک هونەر بەرگەکەی بۆ دروست کردم، چەند جارێک ساڵ و ناو و شتەکانم پێ گۆڕی.تا ئەو بەرگە جوانەی لێ دروست بوو.

زمان 
مامۆستا کاک م.ئارام، ڕێزمانی نووسینەکانی بۆ ڕاست کردمەوە، چەندین جار بە تەلەفۆن گفتوگۆمان لەسەر واتاکان و دەربڕینەکان دەکرد.
کاک دیاکۆ  یەکەم قۆناغی نووسینەکانی بۆ ڕاست کردمەوە، ساڵی ٢٠٠٤ نزیکەی ٢٨ لاپەڕەی قەبارەی (A4) بوون، وام دانابوو بیکەمە پاشکۆی کتێبی (بەرنامەداڕشتن بە زمانی C)، کە ئیستا بووە بەو کتێبە، هەروەها پێداچوونەوەی بۆ پیتی (I) کرد، بەردەوام وەڵامی پەیام و لێکدانەوەکانمی ئەدایەوە.
هەتا نەکەویتە ناو گێژاوی نووسینی بابەتی زانستییەوە، نازانیت چەند زاراوەمان هەیە بە کوردی، نازانیت چۆن ڕستەکان ڕێک بخەیت بەشێوەیەک تێگەیشتنیان لای خوێنەر سانا بێت. چارەی بابەتی زانستی هێندە گرانە هەندێک کات خوێنەر تەماشای قەبارەی نووسینەکە دەکات، کە زۆربێ جێی دەهێڵێت و نایخوێنێتەوە!، هیوادارم تا ڕادەیەکی زۆر ماندوبوونی ئەو بەڕێزانەم بەفیڕۆ نەدابێت، چونکە هەرکات تەماشای زاراوەیەکم دەکرد، دەکەوتمەوە گۆڕانکاریی تیایدا.. تا ئەو ڕۆژەی ناردم بۆ چاپ.

واتا
هاوڕێم کاک کاروان ساڵح (پسپۆڕی بواری کۆمپیورە کە ئیستا لە ئەمەریکا دەژی) پێداچوونەوەی بۆ پیتی (J) کرد، پێداچوونەوەی پێناسەکان، چونکە ئەو لە زمانی جاڤادا مامۆستامە، وە شارەزایی تەواوی هەیە لە تەکنیکەکانی بەرنامەداڕشتندا.

ئارامگرتن
زۆرکات لە پاس و شەمەندەنەفەردا شتەکانم دەنووسیەوە، تا ئەمڕۆ زۆر لە دەستنووسەکانم ماوە، دیجیتاڵ کردنیان کاتی زۆرتر ویست، بەهۆیەوە چەندین شەو خۆم تەرخان کرد و زام لە خێزان و منداڵ هێنا، کە ئەو ماوەیە ناتوانم بۆیان قەرەبوو بکەمەوە، هیوام وایە ئارام بگرن و لێبوردە بن لەو لایەنەوە.

چاپکردن
کاک شاکر ئەبوبەکر لە چاپەمەنییە گشتییەکان پێشوازی گەرمی لەو کتێبە کرد، ئەوە بۆمن زۆربوو، هەستم کرد زانست هێشتا پەڕپووت نەبووە و خەڵک لەدووی دەگەڕێت.
کاک رەسوڵ ساڵح، ئەڵقەی پەیوەندی هەرەمی چاپەمەنی و چاپکردنەکەیە، بێ ئەو دڵنیام کە ئەم کتێبە دەبوو لەناو پەپکەی کۆمپیوتەرەکەمدا بخەوێت.

خوێنەران
داوام لە خوێنەر کردوە کە ڕەخنە و پێشنیارەکانی لای خۆی دانەنێت و بۆم بنێرێت، لەوانەیە خۆم لێیانەوە نزیک نەبم، پۆستی ئەلیکترۆنی هەموومانی بە وایەرەکاندا گرێداوە و یەک دەدۆزینەوە.


سوپاسێکی گەورە بۆ هەمووتان، دەستتان دەگوشم و چاوتان ماچ دەکەم!

شوباتی ٢٠١٢

No comments :