Monday, December 04, 2006

فۆڕماتی کۆمپیوتەر

٭فۆڕمات

تازه‌ كۆمپیوته‌رم كڕیبوو، ته‌نها ئه‌وه‌ شاره‌زابووم كه‌ كاری پێبكه‌م و خۆم به‌یارییه‌كانی ناو ویندۆز خه‌ریك بكه‌م. هه‌ر كه‌س بهاتایه‌ بۆ ماڵمان و شاره‌زایی هه‌بوایه‌

داوام لێده‌كرد ده‌ستێكی پیا بهێنێت. ڕۆژێك له‌كاتی یاریكردنمدا كاره‌با بڕا، به‌یانی كۆمپیوته‌ر كاری نه‌ده‌كرده‌وه‌، شاشه‌یه‌كی شین ده‌رده‌كه‌وت و ده‌وه‌ستا، پشته‌كه‌یم كرده‌وه‌ و وایه‌ر و شته‌كانیم جووڵاند هیچ نه‌گۆڕا ...

چووم بۆ دوكانێك پرسیارم كرد، وتم كارێكی وا ڕویداوه‌ بۆم چار ده‌كه‌ن. وتیان به‌سیطه‌، بیهێنه‌ فۆڕماتی ده‌كه‌ین و چاك ده‌بێته‌وه‌.

نه‌مده‌زانی ئه‌م "فۆڕماته‌" چییه‌، پێشیان نه‌وتم بۆچی وای لێهاتووه‌. بۆیان چاك كردمه‌وه‌. ماوه‌یه‌كی تر هه‌مان ده‌رد تووشم بۆوه‌ و، منیش برده‌مه‌وه‌ بۆلای كابرا. وام ده‌زانی وه‌كوو فیته‌ری ئۆتۆمبیل شتێكیان تیا ده‌ستكاریی كردووه‌ تاكوو زوو زوو بچمه‌وه‌ بۆلایان.


ئەم بەزمە ٣-٤ جار دووبارە بۆوە، وتم کاروا بڕوا لە ساڵێکدا ئەبێت بە ڕێژەی پارەی کۆمپیوتەرەکە کرێی چاککردنەوەی بدەم، فێری ئەو یارییانەش ببووم دڵم نەدەهات لەناوی بەرم. خۆ کارەباش هێندە ئەهات و ئەبڕا، بێچار خۆم فێری ئەو "فۆڕمات"ـە کرد. هەر بێئیش بوومایە کۆمپیوتەرەکەم فۆڕمات دەکردەوە. دۆست و برادەرەکانیشم هەر لێیان دەقەوما ەانایان بۆمن دەبرد، منیش وەکوو "دوعای ئەبوو دوجانە" فۆڕماتم دەکرد و بڕۆ بەخێرهاتی ...

خەڵک زۆر خووی دابووە کۆمپیوتەر، منیش هەستام دوکانێکم دانا بۆ چاک کردنەوەی کۆمپیوتەر. ڕۆژی لانی کەم سێ کۆمپیوتەرم فۆڕمات دەکرد. ئەم "فۆڕماتە" حەیاتە چاری هەموو دەردێکی کۆمپیوتەر بوو لای من. لەبەر ئەم کارە، فێری ویندۆزبووم و کەوتمە پێدانەوەی وانە و خولی فێرکردن.

فۆڕمات کارێکی زۆر گرنگ بوو بەلامەوە، هەرکەس پرسیاری دەکرد چۆن و لەکوێوە دەست پێبکەم بە کۆمپیوتەر، لەوەڵامدا دەمووت بڕۆ خۆت فێری "فۆڕمات کردن" بکە. هەندێ جار دوعای خێرم بۆ ئەو کەسە دەکرد کە "فۆڕمات"ـی دروست کردووە.

زۆر درەنگ پێمزانی تێکچوونی بەرنامەکان بە دەگمەن پەیوەندی بەکارەباوە هەیە، خۆ ئێستا کارەبا لە جاران زیاتر پرتە پرت دەکات، بەڵام ئەمە وەکوو نهێنی کارەکەم دەمپاراست.

ئێستا وا چەند ساڵێک تێپەڕی و دانیشتووم یادی "فۆڕمات" دەکەمەوە، دەڵێم تۆ بڵێی هەموو کەسێک کە سەرەتا فێری کۆمپیوتەر بوو "فۆڕمات" بکات بە بنچینە وەکوو من؟، چوونکە تاکوو ئەمڕۆ ئەوەی نوێ بێت لە دوکان کارم لەگەڵدا بکات، کاری فۆڕماتی پێ دەسپێرم.

٭ سه‌ر گوزه‌شته‌ی فۆڕماتچییه‌ک

6 comments :

Anonymous said...

سڵاو،
ئه‌و شته‌ به‌سه‌ری زۆر كه‌س هاتووه‌ و دێت، من بۆ خۆم به‌سه‌رم نه‌هاتووه‌ و هه‌ر له‌سه‌رتای هه‌بوونی كۆمپیوته‌رمه‌وه‌ تا ئێستا چه‌ند جارێكی زۆر كه‌م فۆرماتم كردووه‌، به‌ڵام ئێستاش زۆر كه‌س لێم ده‌پرسن، تكایه‌ فۆرماتمان فێركه‌، وه‌ك ئاماژه‌ت پێدا، وا ده‌زانن فۆرمات هه‌موو شتێكه‌.
به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌ر ماوه‌یه‌كه‌ و تێده‌په‌ڕی، وه‌ك هه‌موو حاڵه‌ته‌كانی دیكه‌، كاتێك كه‌سێكیش ئۆتۆمۆبیلی تازه‌ كڕیبێ، هه‌ر پێی خۆشه‌ لێی بخوڕی به‌بێ ئه‌وه‌ی ئیشێكی هه‌بێت، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك بۆخۆی بێزار ده‌بێت :)
ده‌ستخۆش بۆ ئه‌م بابه‌ته‌

Anonymous said...

سڵاو،
بووه‌ به‌ قۆناغێك، ماوه‌یه‌كی تر باوی نامێنێت

Anonymous said...

ده‌ستت خۆش بهۆئه‌م بابه‌ته‌ خۆشه‌
من سه‌روه‌ختێك زۆرشتی كۆمپیوته‌ر فێربوم به‌لام فۆڕمات نا! ده‌ی كۆمپیوته‌ره‌كه‌م خراپ كه‌وته‌ به‌ر هێرشی ڤایرۆس زورگه‌ڕام تا براده‌رێكم دۆزیه‌وه‌ كه‌ ده‌یزانی فۆڕمات بكات، و هیچی تریشی نه‌ده‌زانی و ئێستاش هێچی تر نازانێت ته‌نانه‌ت مایلێك نازانێت بنێرێت، به‌ڵام له‌فۆڕمات یه‌كه‌مه‌..

Anonymous said...

سڵاو ئه‌گه‌ر است ئه‌که‌یت وانه‌ی فۆرمات دانێ ده‌ی

Anonymous said...

فه‌رموو، لێره‌ كاك هیوا به‌درێژی باسی كردووه‌
http://www.hiiwa.com/Sereta/format/formattt.htm

kadir said...

کاتی خۆی ڤایرۆسێکی زۆر ئیزعاج پەیاببو دەستکاری فایلی ئۆتۆڕەنی هارد درایڤەکان دەکرد وە تاسک مەنەجێری قفل دەکرد کۆمەڵێک کێشەی دیکە، هەرکە فۆرمات دەبوو کۆمپیوتەر بە دوو کلیک هەر هاردێکت بکردبایەوە توشی هەمان کێشە دەبوی، ئینجا خوو خێری ئەو ڤایرۆسە بنوسێ فێری فۆرماتی کردم