دەربارە

 نووسین ئارەزوویەکی تایبەتە، خۆشبەختانە لە منداڵییەوە خولیای بووم و لە کاغەز و قەڵەم جیا نەبوومەتەوە.

لە دونیای دیجیتاڵدا، نووسینەوەی یادداشت و ڕووداوی ڕۆژ هێندە ئاسان نەبوون، بەڵام بلۆگەر و هاوشێوەکانی ئامراز و ڕێگەچارەی سان و خێرایان خستووەتە بەردەست کە ئیتر بەڵگەت نەمێنێ لە کەمتەرخەمی و نووسیندا.

منیش لێرە هەوڵمداوە کۆمەڵێک بابەت بنووسم، کە لە ڕۆژانی ژیانم هاتوونەتە ڕێم و بەردەوامم.



کورتەیەک لەسەر ژیانم

ناو: ئاراس نوری ئەحمەد

لەدایکبوون: سلێمانی، سەرچنار

خوێندن: لە سلێمانی خوێندنی ئامادەیی تەواوکردووە. بەکالۆریۆسی لە زانکۆی موسڵ لە زانستی کۆمپیوتەر بەدەست هێناوە، دواتر پەرەی بەخوێندن داوە و لە ئەڵمانیا پلەی دیپلۆمی باڵا لەزانستی کۆمپیوتەر، ماستەر لە زانست وەرگرتووە و لە ساڵی ١٩٩٩ەوە وەکو ئەندازیاری بەرنامەداڕێژ، ڕاوێژکار، بەڕێوەبەری پرۆژە و پەرەپێدەر کار دەکات.

کاروچالاکی لە زانست و زماندا:

ساڵانێکە چالاکە لە بوارەکانی سەرچاوەکراوە، ویکی، فەرهەنگ و نواندنی پیتەکوردیەکان لە کۆمپیوتەر و پرۆژەی دۆتکورد بۆ بەدەست هێنانی دۆمەینێکی بۆ کورد پێک هێنا. چەند نووسراو و بەرنامەی لەسەر پاراستنی زانیاریی و هێرشی ئەلیکترۆنی وەکو دوو بابەتی گرنگ پێشکەش کردووە. لەگەڵ هاوڕێکانی لە زکورد و چاوگ و پۆدکاستی چاوگ بەردەوامن لە گەیاندنی زانین و ڕۆشنبیریی زانستی.

لە ١٩٩٥ ئەندام بووە لە زانستخوازن و هەوڵی دروستکردنی کۆمەڵەیەکی سەربەخۆی داوە بۆ شارەزایانی کۆمپیوتەر

لە ١٩٩٨ دا کردنەوەی خولی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت بۆ کوردانی دانیشتووی ئەڵمانیا، شاری نوێرنبێرگ.

لە ١٩٩٨ دا گۆڤاری توێشووی زانستخوازانی چاپ کردووە، ٤ ژمارە لە کوردستان و لە ئەڵمانیا بەچاپی گەیاندووە.

لە ١٩٩٩دا فەرهەنگی مامۆستای شەوکەت ئیسماعیل، کە ١٣٠٠لاپەڕەیە، نووسیوە و لاتینی و شێوەی مەوریدی عەرەبی بۆ داناوە

لە ٢٠٠٣ ەوە لەگەڵ هاوڕێیانی زانستپەروەر لە (زکورد) بەردەوامە، لە نووسینی بابەتی بواری ئایتی، فەرهەنگی زکورد بەرهەمی چەندین کۆبوونەوەبوو

لە ٢٠٠٣ ەوە لەگەڵ هاوڕێیانی کوردئایتی گروپ، چالاکانە لە مەکۆ و بەشی هەواڵەکاندا بەشداربووە.

لە ٢٠٠٥ەوە هاوکاری کردووە لە ناسینی ئەلفوبێی کوردی و پشتیوانی یونیکۆد بۆ جیاکردنەوەی کوردی لە سیستەمە جیاجیاکاندا. سەرەنجام گورزەی یونیکوردی کوردئایگی گروپ لە لینوکسدا جێگیر بوو.

لە ٢٠٠٧ دا تیمی لینوکس ئوبونتووی پێکهێناوە و سەرپەرشتی پێناسی زمانی کوردیی ناوەندی کردوە، کە لەگەڵ چەند خۆبەخشێکدا پێکەوە سیستەمی لینوکسیان کردووەتە کوردی و دواجار لە ٢٠٢١ دا زمانی سۆرانی تێهەڵکێش کرا.

لە ٢٠٠٧ دا ویکیمدیای کردە کوردی / سۆرانی. لە ٢٨.١٢.٢٠٠٧ دا چالاککراو بۆ یەکەمجار سۆرانیش هاتە ناو ویکیپیدیا وەکوو بەشێکی لکێنراو بە زمانی کوردی کە کرمانجی دەینواند بە ڕێنووسی لاتینی.

وەکو ئەندامێک لەو دەمەوە پشتیوانی ویکیپیدیای کردوە، کۆڕی بۆ بەستووە (٢٠٠٩ شاری نوێرنبێرگ، ٢٠١٢ شاری سلێمانی / بنکەی ژین). کاری کردووە بۆ چالاککردنی زمانی کوردی لە ویکیپیدیا و هاوبەشی کردووە لە جیاکردنەوەی زمانەکاندا.

لە ٢٠٠٨ەوە پرۆژەی دۆمەنی کورد (dotKRD) ڕاگەیاند بەهاوکاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن. کە دواتر فەرمانگەی ئایتی لەئەستۆی نا و جێبەجێی کرد. (پرۆژەکە ٢٠١٠ پەرلەمان ڕەزامەندبوو لە بودجە پارەی بۆ دیاری کرد).

لە ٢٠٠٨ەوە ئەندامە لە چاوگ. چالاکانە بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان و پۆدکاستی چاوگدا کردووە و بەردەوامە.

لە ٢٠٠٩ ەوە هەوڵی یەکخستنی ئەلف و بێی زمانی کوردی داوە بۆ یەکدەنگی لەسەر نواندنی پیتە کوردییەکان و کۆدەکانی لە کۆمپیوتەردا. بەنامە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم و چاوپێکەوتن باسی کردووە. دواجار لە ٢٠١٣ دا و بە پشتیوانی ئەکادیمیای کوردی کۆدەنگی لەسەر کۆدەکان و تەختەکلیلی کوردی بەئەنجام گەیشت. لەگەڵیدا بە کۆششی فەرمانگەی ئایتی گشتاندن لە سەرۆک وەزیرانەوە بووە بڕیار. ساڵی ٢٠٢٢ دووبارە لەسەر گرفت و چارە و ئاستەنگییەکانی زمانی کوردی لە تەکنۆلۆجیادا، هاوڕێیانی کۆ کردووەتەوە و ڕێگەچارەیان دیاری کردووە. (بڕوانە unicode.ekrg.org)


بابەت و نووسینی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا هەبووە.

لە کتێبە چاپکراوەکانی :

- بەشداربووە لە فەرهەنگی زاراوەکانی کۆمپیوتەر - زانستپەروەرانی کورد (دووجار بەچاپی گەیاندووە لە ٢٠٠٩، ٢٠١٠ دا) 

- پێناسە و ڕاڤەی زاراوەکانی کۆمپیوتەر ٢٠١٢ - چاپخانەی ڕۆشنبیری / هەولێر (بڕوانە)

- بازاڕدۆزیی دیجیتاڵی Digital Marketing، لەگەڵ نووسەر ڕەسول ساڵح، ٢٠٢١ / چاپی پرۆژەی قەفتان، بەڕێز نەوزاد قەفتان خەرجی لەئەستۆ گرتووە.

- گرنگیی داتاکان، ٢٠٢١ / سلێمانی - کۆمپانیای وان لە سلێمانی ئەرکی چاپکردنیان لەئەستۆ گرتووە.


:ئارەزووەکان
لە پاڵ نووسین و خوێندنەوەدا؛

- یاری شەترەنج
سەردەمێک زۆر خولیای شەترەنج بووم، ئەندام بووم لە یانەی سلێمانی و لەگەڵ مامۆستا ئامانج نوری برامدا لە زۆر لە کۆبوونەوە و خولەکان بەشداریم کردووە، باشترین بەدەست هێنانم: ساڵی ١٩٩٠ چوارەم لەسەر ئاستی پارێزگا لە پاڵەوانێتییەکی کراوەدا. ١٩٩٢ دووەم لە پاڵەوانێتی یەکێتی قوتابیان، ١٩٩٤ یەکەمی زانکۆی موسڵ، هەروەها دووەم لەسەر ئاستی پەیمانگاکان و زانکۆی موسڵ لە پاڵەوانێتییەک بۆ خۆ ئامادەکردنی پاڵەوانێتی زانکۆکانی عێراق لە زانکۆی موسڵ.

- گەشتوگوزار
چێژ لە بینینی شوێنەواری کۆن و تەلارسازیی نوێ دەبینم، ئارەزوومە هەموو ساڵێک بچمە سەر کەنار دەریا و گوێ لە شەپۆل و خزەی خۆڵی کەنارەکان بگرم.