لەم کتێبەدا هەوڵمداوە دوو جەمسەریی تەکنۆلۆجیا ڕوون بکەمەوە و پێناسەیەکی کورتی زاراوەکانی ئەم بوارە بکەم. لە لایەک تەکنۆلۆجیا خۆی ئەرکە لەسەر ژینگە، چونکە وەکو دەبینین بە ملیار ئامێرە ئەلیکترۆنی و تەکنیکییەکان بەردەستن و ڕۆژانە ملیۆنەهای تریشیان لێ بەرهەم دەهێنرێن. ئەگەر تەنیا بیر لە تەلەفۆنی هۆشمەند بکەینەوە؛ ئامارەکانی ئەمڕۆ پێمان دەڵێن ٤.٧ ملیار کەس هەڵگری تەلەفۆنی هۆشمەندن و پێ دەچێت بەگەیشتنمان بۆ ٢٠٢٨ بگاتە سەروو ٥ ملیار. بۆ بەرهەمهێنانی ئەم ئامێرانە سەرچاوەی خاوی کانزاکان لەژێر و لەسەر زەوی بەدەست دەهێنرێن، کە بۆی هەیە لە زۆر شوێن ژینگە و سەوزایی بۆ تێک بدەن. سەرباری ئەمە، گواستنەوەی ئەم ئامێرانە و پڕ کردنی بازاڕەکانی جیهان لێیان پەستانێکی ترە لەسەر ژینگە، چونکە بی سووتەمەنی ئەمانە لەوپەڕی دونیاوە ناگەنە دەستی ئێمە. بیر کردنەوەت با بەردەوام بێ و مۆدێل و ڕاژە و بەردەستییەکانی تری ئەم تەلەفۆنە بهێنە پێش چاوت، تاکوو تەواو لە بارگرانی سەر ژینگە حاڵی بیت. ئەدی چەند ئامێری کۆنت لە ماڵەوە هەیە و چەندت فرێ داوە؟
لایەنی دووەمی تەکنۆلۆجیا بریتیە لە پێکهێنانی ڕێگەچارە و فەراهەمکردنی تەکنیکی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە، بەتایبەتی لە پیشەسازی و بەرهەمهێناندا. واتە دیوێکی ئەرێنی لە تەکنۆلۆجیاوە هەیە کە ئەویش بەشداریکردنی تەکنیکەکانە لە ژینگەپارێزیدا.
بگەڕێینەوە سەر تەلەفۆنی هۆشمەند، دەبینین کە ئەمڕۆکە زۆر لە کەرەستەکان بەشێوەیەک بەرهەم دەهێنرێن دواتر نەبنە خاشاکێکی بێفەڕ، هەوڵ دراوە کە شێوازی بارگاویکردنەوە و بەرگەگرتنی بەشەکانی درێژخایەن بن. لەم کتێبەدا نموونەی چەند بەرهەمێکم باس کردووە کە چۆن گرنگی بە کەمکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن ئەدەن.
سەرەتای نووسینی کتێبەکە دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستاسەرەتای نووسینی کتێبەکە دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا، ئەو دەمە زۆر لە کۆمپانیاکان پشتیان بە وزە نوێبووەکان و تەکنۆلۆجیای نەدەبەست لە بەرهەمهێناندا، سەرەنجام ژینگە پەستانی زۆری لەسەر بوو و خۆڵ و خاشاکی کۆمپیوتەر و پەردە کۆنەکانیان دنیایان گرتبووەوە، ئەمڕۆکە تەکنۆلۆجیا چەندین ڕێگەی نوێی بەردەست خستووە کە ئیتر لای کەس شاراوە نییە کێ قورقوشم و ماددەی خراپ لە بەرهەمەکانیدا هەیە و کێ پەی بە نوێترین گەشەپێدراوەکان ئەدات تاکو داهاتوو بەرەو سەوزی بڕۆین.
لە بەشەکانی کتێبەکدا باس لە هەندێک کۆمپانیا و دامەزراوە کراون، کە دەکرێت کۆمپانیا خۆماڵییەکانی عێراق و کوردستان سوود لە شارەزییان وەربگرن، هاوکات چەند ڕێنماییەکم داناوە کە حکومەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان لەڕێگەیانەوە بەشێک لە ئەرکی هاوردە و خاشاککردنی ئامێرەکان ئاسان دەکەن.
هاوڕێی بەڕێزم کاک محەمەد ئەمین پێداچوونەوەی بۆ کتێبەکە کرد و کۆمەڵێک ڕاو بۆچوونیم لەبەرچاو گرتووە و زۆر سوپاسی ئەرک و خوێندنەوەی دەکەم.
کتێبەکە پرۆژەی قەفتان (بەڕێز نەوزاد قەفتان)، ئەرکی چاپکردنەکەی لە ئەستۆ گرتووە. ١٣/٦/٢٠٢٤ لە سلێمانی چاپ کراوە. سوپاس بۆ کاک مەریوان قەفتان کە دڵسۆزانە سەربەرشتی چاپ و بڵاوکردنەوەی کردووە، هەروەها سوپاس و ڕێزم بۆ مامۆستا ئامانج نوری کە ئەرکی لۆجیستی بۆ ئەنجام داین.
کتێبەکە ١٢٠ لاپەڕەیە بە قەبارەی A5. بەرگەکەی کاکە هونەری زانستپەروەر (حامید ئەحمەد) نەخشاندوویەتی، لەگەڵ ئەوپەڕی سوپاس و دەستخۆشیم بۆی.