Friday, May 29, 2020

پشووی هاوین پێشمەرگەبووم

باوکم زۆرکات ئەیوت: "دەستمان سپیە، سنعاتێک نازانین، ئێستا بۆ ئەم دۆخە هەر سنعاتکار باشە، ئەوەتا سێ مانگ جارێ مووچە ئەدەن ئەویش یەک لەسەر سێ بەشی. واتە بە یەک ساڵ دوو مووچەی جاران وەرگرم".
ئەوەی ڕاستی بێ ئەمە کاریگەربوو کە منیش پشووی هاوین بێ سێ و دوو بڕیاڕ بدەم ئیش بکەم. ئەمساڵ دەچمە دوا قۆناغی ئامادەیی بەڵام هاوکاری ئابووری ماڵەوە، کەشێکی ئارام دەخولقێنێ وەکو لەوەی بچمە خولەکانی بەهێزکردن و پارە خەرج بکەم، چاو لەسەر ئەنجام نیە جارێ، بەڵکو چاو لەسەر خەرجی سبەینێمانە.

گرفت لەم وڵاتە هەر بێ کارەبایی و بێ ئاوی نیە، ئەوەتا سێ مانگ دەخولێیتەوە ئیشێکت دەست دەکەوێ، ئەویش بۆ هەفتەیەک یا دوو هەفتەیەکە.

لەبەرئەوە بە حەمەم وتبوو کە پشووی هاوین هات منیش دێمە لای باوکت. باوکی پلەیەکی بەرزی سەربازی هەبوو،  بەهۆی شەڕ و کوشتاری ئەم وەحشانەشەوە (داعش و جۆرەکانی تری)، مووچە و دارایی پێشمەرگە باشترین بوو، بێگومان لە دوای بازرگانەکانی ئەم سەردەمەوە کە زۆرینەیان شۆڕشگێڕە کۆنەکان بوون.
باوکی خەڵکی دەویست، لەو کاتەدا بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و خواردن بەتایبەتی. کە هەندێکجار بەهۆی پێویستی بە پێشمەرگەکان، بە خەڵکی تری دەسپارد.
کارەکە نزیک بەرەکانی پێشەوەی شەڕ بوو، دایکم قایل نەبوو، دەیووت خۆم ئیشی ماڵان دەکەم و نان دروست دەکەم بۆ ماڵان لەو کارە باشترە. باوکیشم پێی وابوو لەم شارەدا ملیۆنێک خەڵکی تیا ئەژی ئەگەر بتەوێت کاریشی تیا ئەدۆزیتەوە وەکو کوڕی ئەو خەڵکە.
بەو هۆیانەوە بڕیار وابوو کە تەنیا کۆتاییەکی هەفتە هاوشانی حەمە بکەم کە دەچوو بۆ سەردانی باوکی. بەکورتیەکەی وەکو سەیرانێک تەماشام دەکرد. کە گەیشتینە ئەوێ حەمە زۆر بە گەرمی پێشوازی لێ دەکرا. باوکی بەخێرهاتنی کردین. کەمێک بەدووربین تەماشای بەرەکانی پێشەوەمان کرد، خامۆش بوو، هیچ دیار نەبوو، لەدووری سێ چوار کیلۆمەترێکەوە دوو خانوو دیابوون، پێشمەرگەکان دەیانوت حەشارگەی داعشە.
دواتر چووینەوە بۆ شوێنی خەوتن کە شتەکانمان لێ دانابوو، نزیکەی ٥٠ مەترێک دووربوو لە شوێنی باوکی حەمەوە، بەتانی و ڕاخەری لێبوو، دیاربوو کە خەڵکی تریش شەو لەگەڵمان دەبێ لەوێ. لە چێشتخانە هاوکاریی دوو کەسمان کرد خواردنەکانیان ئامادە دەکرد. لەگەڵ ئێمەدا دوو ئوتۆمبێلی تریش هاتن، حەمە وتی هاوڕێکانی باوکمن هاتوون لێرە دەمێننەوە، هەموویان پێشمەرگەشن. لێی حاڵی نەبووم. بەڵام دیاربوو بەهۆی دۆخەکەوە ئەوەی دەستی چەک بیگرێ، دەهات و دەبووە پشتیوانی هێزی پێشمەرگە.
شەو پێش نووستن باوکی حەمە هات و قسەی بۆ کردین، دواتر لەگەڵیا چووین بۆ لای هاوڕێکانی. لە قسەکانی وا گەیشتم کە منیش ئەتوانم خۆم ناونووس بکەم، وەکو هاوکاری چێشتخانە. لەوەوە مێشکم سەرقاڵ بوو بەوەی چۆن باوک و دایکم قایل بکەم، زۆر ئاگام لە وتووێژی ئەوان نەما. خاڵێک نەبێ کە هاوڕێکانی باوکی حەمە باسیان کرد، ئەویش دواکەوتنی مووچەکانیان بوو، باوکی حەمە زەرفێکی پێ بوو، وتی فەرموو ئەوە دوایی بەش بکەن. نازانم زەرفەکە چی تیابوو، بەڵام هەموو دڵشادبوون و زۆر سوپاسیان کرد.
بەو شێوەیە شەومان بەڕێ کرد، لە بەسەرهاتی کۆن و نوێی پاسەوانەکان و پێشمەرگەکان، زۆر زوو خەومان لێ کەوت، بەیانیەکەی کارمان هیچی تر نەبوو بێ لە نانخواردن و قسە کردن لەگەڵ پاسەوانەکانی باوکی حەمە.
پاشنیوەڕۆکەی لەگەڵ باوکی حەمە گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە، لە ڕێگا چی هەبوو لە دڵما بۆم نباس کرد، وتی هەوڵ ئەدەم باوکت قایل بکەم، بەمەرجێک کە توخنی پێشەوە نەکەویت و زۆر بەئاگا بی. باوکم قایل بوو، بەڵام نەک بۆ من، بەڵکو بۆ خۆی بڕوا.

 من و حەمەش هەموو کۆتایی هەفتەیەکمان لەوێ بەسەر برد، پشووەکەمان بە دڵە ڕاوکێ و ڕاکە ڕاک بۆ لای باوکمان بەسەر برد، بەڵام چەندین بەسەرهات و ڕووداوی خۆشمان گوێ لێگرت. داستانی شەڕی کۆن و نوێی پێشمەرگەکان ببوونە چیرۆکی شەوانەمان. شەوان لە ماڵەوە بۆ دایکم دەگێڕایەوە، برا بچووکەکەم داوای ڕەسمی پێشمەرگەکانی لێ دەکردم، وتم با پشوو تەواو بێ بۆت دەکەم.
لە دوا سەردانمان و پێش کۆتایی پشوو، باوکی حەمە شەو پێش نووستن بە زەرفێکەوە هاتە لامان، حەمە وەکو چاوەڕوانی ئەو ساتە بێ، بە پێکەنینەوە زەرفەکەی وەرگرت و سوپاسی باوکی کرد. باوکی حەمە وتی ئەمە بەشی خۆتانە و ئەم ماوەیە ماندوو بوون. دواتر حەمە زەرفەکەی کردەوە و پارەی تیابوو، دابەش کرابوو و دەستەیەک پارەی دا بە من و وتی: "فەرموو کاکی پێشمەرگە، ئەوەش بەشی خۆت". منیش وەرمگرت و وتم: "هی چیە؟". بە چرپەچرپ بۆی باس کردم، وا حاڵی بووم کە ئێمەیش ناومان وەکو هاوکاری پێشمەرگە نووسراوە و باوکی مووچەکەی بۆ وەرگرتووین. وتی وەریبگرە و شوکوربە.

کە بۆ باوکم گێڕایەوە وتی ماڵی ئاوا بێ. هەڵیگرە و بۆ خەرجی خۆت پێویستت پێی دەبێ. لە ماڵەوە دایکم وتی وەرتنەگرتایە، عەیبە. خۆشم دوو دڵ بووم، ئایا پێشمەرگەبووم؟

براکەم یەکەم ڕۆژی قوتابخانە هاتەوە وتی کاکە بە مامۆستام وتووە من ڕەسمی پێشمەرگە دەکەم، تۆ بۆم بکە، تۆ پشووی هاوین پێشمەرگە بوویت!