Saturday, April 25, 2020

ئەگەر ئەمانە تەواوبوونایە

لێپرسینەوە و چاودێریی تەنیا بە دانانی لیژنە و هەبوونی یاسا تەواوکاری نابێت، بەڵکو دادیش دەبێت سەروەر بێ لە لێپێچینەوە و کەمتەرخەم سزا بدا. ئەگەر گوێ نەدرا بە نەخشە و هەنگاوی دوای جێبەجێبوونی پرۆژەکان، ئەوا بۆی هەیە پرۆژەکان لەگەڵ تەواوبوونیان مردار ببنەوە و هیچ بایەخێکیان نەمێنێت.

ئەمڕۆ لە سەردەمی کۆرۆنادا، زۆرتر لە هەموو کاتێکی تر پێویستیمان بە دیجیتاڵکردن هەیە، نەک تەنیا لە بوارەکانی فێرکردن و خوێندندا، بەڵکو لە هەموو جومگە و پایەکانی حکومەتدا، بەتایبەتی ئەوانەی دەبێت بەردەوام ڕاژەکانیان بێ وەستان لەبەردەم خواستی هاووڵاتیاندا بێ.

زۆرجار دەبیستم، کە لە وڵاتی ئێمە فەرمانبەری ژیر و دڵسۆز کەمن، ئەوەش بە هۆکاری گەشەنەسەندن ناو دەبەن، لە ڕاستیدا من پێچەوانە دەبینم، بەتایبەتی کاتێک بە پرۆژەکانی ڕابردوودا دەچمەوە کە هەندێکیشی جێبەجێ کراون و پارەی زۆریشیان تێچووە. بەداخەوە کە زۆرینەیان بەهۆی گەندەڵی ومشەخۆریەوە بە ئاستی خۆی نەگەیشتووە و تواوەتەوە. هەندێکیشیان لە حکومەتەوە بە هەند وەرنەگیراوە و بەدواداچوونی بۆ نەکراوە کە پارەی لێ بڕاوە ئیتر وەستاوە. دەیان پرۆژەی دیجیتاڵکردن هەبوون لە کوردستان، پارەیان تێچووە و سەرچاوەیان بۆ تەرخان کراوە.

دەپرسم ئەگەر ئەوانە جێبەجێبوونایە و ئەمڕۆ خاوەنیان بوینایە چی دەبوو؟
کێ بەرپرسە و کێ دەتوانێت کەمتەرخەم سزا بدا؟
بەڕاست، کێ دەبێ باجی گەندەڵی بدا؟


یەکەم:
کۆتایی ساڵی ٢٠٠٥ پرۆژەی دابینکردنی ڕایەڵەیەک بۆ زانکۆی سەڵاحەدین ڕاگەیەنرا، ساڵی ٢٠٠٦ جێبەجێ کرا.
بە تەواوبوونی پرۆژەکە بەڕێکوپێکی، زانکۆ دەبووە خاوەنی ڕایەڵەیەکی تایبەتی خۆی کە هەموو خوێندکارێک لەهەر کۆلیج و بەشێک بی، بتوانێت سوودمەند بێ لە تۆڕی ناوخۆیی زانکۆ و پەیوەندی دروست بکا بە مامۆستا و گرووپەکانەوە. بێ لەدابینکردنی ئینتەرنێت، دابینکردنی کۆمپیوتەر و پێداویستی بۆ مامۆستا و کارمەندەکانیشی دەگرتەوە. ئەم پرۆژەیە ڕێ خۆشکەربوو بۆ دروستکردنی کتێبخانەی دیجیتاڵ، تۆمارکردنی سەرهێڵ، پێکهاتنی ڕایەڵەی تایبەتیی هەر بەش و کۆلیجێک، زانکۆیەکی نموونەیی دروست دەبوو.

دووەم:
پرۆژەی داتاسەنتەر و حکومەتی ئەلیکترۆنی. لە ٢٠٠٧ بەدواوە بە گەرمی قسەی لەسەر کراوە، هێندەی من ئاگادار بم، شوێن و پارە و کاتیشی بۆ تەرخانکرا و لێکۆڵینەوەشی بۆ کرا. تەریب بەمە، پرۆژەی دانانی ستراتیژی تەکنۆلۆجیا لە هەرێمی کوردستان کە PWC خەریکی بوو سێ ساڵ. بە گوێرەی پلانەکان دەبوایە پاش جێبەجێبوونی پرۆژەکان کوردستان هەنگاوێکی ستراتیجی بەرەوە دیجیتاڵکردن بنایە، پلانی لانی کەم ٥ ساڵێکی بۆ بنیاتنانی ژێرخانی تەکنلۆجیا بۆ دەستەبەر بکرایە. هەروەها پرۆژەی کۆیکۆ و ئایتی ئەکادیمی کە مەبەست لێی دروست بوونی کادری لێزان و شارەزای تەکنیکی بێ لە دام و دەزگاکانی حکومەتدا، قۆناغ بە بە قۆناغ و خوول لە دوای خوول دەیان کەس بەشداری تیا کرد لە وەزارەتەکانی حکومەت. تەواوبوونی ئەمانە بەڕێکوپێکی، دەبوونە پایەیەکی بەهێز بۆ داڕشتنەوەی دیجیتاڵکردنی حکومەت و دانانی سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ ڕاژە و کاروباری هاووڵاتیان.

سێیەم:
پرۆژەی دیجیتاڵکردنی پۆستە و دانانی بەشێک لە پۆستەکاندا بۆ کاری بانک. ئەم پرۆژەیە ٢٠١٤ کەوتە بواری جێبەجێبوون، پاش ماوەیەک لە کەناڵی تەلەفیزیۆنەوە نموونەی کاری دیجیتاڵکردنەکە بەسەر پۆستەیەک لە هەولێردا وەکو نموونە تاقیکرایەوە. بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، هەموو ١٢٠ بەشەکانی پۆستەی هەرێمی کوردستان دەبەسترانەوە بە ناوەندەوە، هەموو کات لە ڕێی سیستەمێکی ئەلیکترۆنیەوە، کار و ڕێکخستنی ڕۆژانەی بەشەکان چاودێریی دەکرا. دانانی بەشێک لە پۆستەکاندا وەکو بانک، بەشێکی تری ئەم پرۆژەیەبوو، ئیتر تۆ لە پێنجوێنەوە یا لە شارەزوورەوە نەدەهاتیە ناوشاری سلێمانی بۆ وەرگرتنی مووچە و خانەنشینی، بەڵکو لە نزیک خۆت لە پۆستە پارەی خۆتت وەردەگرت. بێ لە چەسپاندنی ناونیشانی شوێنەکان و کۆدکردنی ناوچەکان، چەندین هەلی کاری بۆ شوێنە دوورەکانیش دەڕەخساند و کاری زۆری ئاسان دەکرد(کە بەهۆی شەڕی داعشەوە وەستاوە).


لە کەسێکی ئاسایی تاکو سەرۆک، هەموو دەکەونە ژێر کاریگەریەوە لە نەهامەتی و کەمتەرخەمیەکان بەشێوەی جۆراوجۆر. هەموو زەرەرمەندن، هەموو خەمی لێ دەخۆن و هەناسەی ساردی بۆ هەڵدەکێشن. لەگەڵ ئەوەشدا بکەر و گەندە دیار و ئاشکرایە.
ئەگەر ڕاژەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیەکی حکومەتدا فەرمانبەرێک کەمتەرخەمی تیا بکا، ئەوا نەک تەنیا خۆی و بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەرایەتیەکە، بۆی هەیە تاکو سەرۆک وەزیران لەو کەمتەرخەمیە عەیببار ببن.

ئەمڕۆ لە هەموو کاتێکی تر باشتر نەهاتنەدی خەونەکان دەبینینەوە، لە هەموو کاتێکی تر هەست بە بێدەسەڵاتی یاسا و بەفیڕۆدانی سامانی وڵات دەکەین. لەبەرئەوە با داهاتوو ڕێگری بکەین لە دووپاتبوونەوەیان، با داهاتوو شتێکی تر بکەین و ڕێ بە گەندەڵکاران نەدەین، چاکسازی لە پێداچوونەوە و لێپرسینەوە دەست پێ بکەین، با دادگا ڕۆڵی خۆی ببینێت و خاتر و خۆتری کەس نەگیرێت.