Tuesday, March 31, 2020

خوێندنی سەرهێڵ لە سەردەمی کۆرۆنادا

ڤایرۆسێک ڕووی کردووەتە مرۆڤایەتی کە تاکو ئەمڕۆ ئاکارەکانی تەواو ناسراو نین. چەندین توێژینەوە و باسی جۆراوجۆر بۆ پێکوتە و چارەسەری هاتووەتە بەرباس،
کاردانەوەی زۆرینەی وڵاتانی دونیا بە وەستاندنی کار و خوێندن و زۆرینەی چالاکیەکانی ژیان بوو. کە تاکو ئەم دەمە، هۆکارێکی بەهێزبووە بۆ خۆپاراستن و دەسەڵاتگرتن بەسەر ڕێژەی تووشبووان. بێگومان هەموو کات تەندروستی مرۆڤ پێش خوێندن و هەموو شتێکی ترە.

لێکۆڵینەوە لە داهاتووی خوێندن لە زۆر وڵاتدا جێی مشتومڕە، بەتایبەتی بەهۆی ئەو شێوازەی دامەزراوە تەندروستیەکان پەسەندی دەکەن.

جێگرەوەی خوێندنی ڕۆژانە و کەمکردنەوەی پەستانی پۆل و بەریەککەوتن، لە کەمکردنەوەی دەوام، چوونە قوتابخانە بە سەرە، نەمانی پشووی نێوان وانەکان ...هتد و زۆر ڕێکاری تر کە هێشتا هەندێک نە بۆ حکوومەت و نە بۆ مامۆستا و فێرخوازەکان ڕوونە کە چۆن دەبێ.

خوێندنی سەرهێڵیش جێگرەوەیەکی ترە کە لە وڵاتی ئێمە زۆر بە کەمی گرنگی پێ ئەدرێت. لەم دۆخەدا، زۆر وڵات کە تاکو وەستاندنی خوێندنیش بیریان لە سەرهێڵ کردنی خوێندن نەکردبووەوە، کردیانە هەلێک و هەوڵێکی تەواویان لەگەڵدا. لە ئەڵمانیا بە نموونە، یەکەم جێگرەوە و لە دووەم ڕۆژی وەستانی خوێندنەوە سەرهێڵ کردن بوو. لەوەبوو کە چەندین ساڵی تریش تەواو بیر لەوە نەکرابێتەوە، بەڵام کۆرۆنا کردیە بڕیارێکی دەستبەجێ.

دیارە چەند هۆکارێک هەیە پێویستە باس بکرێن، بێ بوونی ئەوانە ئەگەری سەرکەوتنی خوێندنی سەرهێڵ مەحاڵ دەبێت.
یەک. بوونی ژێرخانێکی تەکنیکی کە هاوکارە لە بەردەستخستنی هەلومەرجی سەرهێڵ.
دوو. بابەتەکە لای زۆر لە فێرخوازان و مامۆستاکان نامۆ نەبێت. بۆ وێنە لە ئەوروپا زۆر لە خوێندنگەکان ماڵپەڕی خۆیان هەبووە، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە شیکاریی ناوەندی هەبووە بۆ پێوەندی و بەستنەوە. باوان ئیمەیل و تەلفۆنی خۆیان پێشتر داوە بە خوێندنگەکان
سێ. هەبوونی بەستنەوەی خێرای ئینتەرنێت کە هەموو فێرخوازان و مامۆستاکان بێ گرفت بتوانن پشتی پێ ببەستن.
چوار. دڵنیابوون لەوەی کە هەموو قوتابیان و خوێندکاران بتوانن ڕۆژانە ئینتەرنێتیان هەبێ و دەستیان بگاتە سەرچاوە و وانەکان. لە ئەڵمانیا، ئەوانەی نەیانبووە یان زۆر لە قوتابخانە سەرەتاییەکان مامۆستا بە چاپکراوی وەرەقە و ئەرکی هەفتانەی پێ گەیاندون، چونکە قوتابی سەرەتایی زۆر ئاشنا نیە بە تەکنیک و کۆمپیوتەر. بەڵام لە هەفتەی دووەم و دواترەوە داوای فێربوونی بەشداری لە وانەی سەرهێڵدا خرایە بەرگوێ و وردە وردە بەڕێ کەوتوون
پێنج. هەبوونی دەیان ڕاژەی فێرکاری سەرهێڵ کە پێشتر دەبوو خەڵک بەپارە بیانکڕێ، بەڵام ئەمڕۆ هەندێکیان حکومەت پارەکەی داوە و ڕاژەی وانەکانی بۆ فێرخوازان دابین کردوە یا خۆیان وەکو وەڵامدانەوە بۆ دۆخەکە، کردویانە بە خۆڕایی. ئەم پۆڕتاڵانە زۆر هاوکارن لە فێرکردنی وانەی نوێ، چونکە لە ماڵەوە باوان هەموویان توانای فێرکردنی وانە و نوێکارییەکانیان نیە.

شەش. هۆکاریی دەروونیش ڕۆڵی خۆی هەیە. لە وڵاتی ئێمە قوتابی ڕانەهاتووە گوێ لە مامۆستای تر بگرێت، یان لە ناکاودا ئاراستەی فێربوون بگۆڕدرێ و تەواو پشت بەخۆی ببەستێت. بێ لەوەی هەندێک ڕێ و شوێنی ناوماڵی پشتیوانی نیە بۆ خوێندن کە پەستانی لا دروست دەکا.

هەوڵدان بۆ دابینکردنی سەرچاوە و خوێندنی سەرهێڵ ئەمڕۆ زۆر ئاسانە، دەیان سیستەمی سەرچاوەکراوە و خۆڕایی بۆ بەڕێوەبردنی قوتابخانە و وانەکان و تاقیکردنەوەکان هەیە. یان بە پارەیەکی کەم و لە کاتێکی کورتدا دەستەبەر دەکرێن. گرنگ ئەوەیە خواست هەبێ لەسەری.

بەهۆی ئەوەی کە هەموو مامۆستا و قوتابیەک ئینتەرنێت و کۆمپیوتەری نیە، کە هۆکارێکە بۆ دوودڵی لە بڕیاردانی پەروەردەکان،
و دۆزینەوەی چارەش بۆیان لەوەیە بۆ حکومەت و دەزگاکانی دەوڵەت هێندەی کات بوێ کە ئیتر دۆخەکە هێمن بێتەوە. بێ لە شارەزایی مامەڵەکردن و شێوازی نوێی وانە وتنەوە، کە بۆخۆی باسێکی پەروەردەیی درێژن. لەم ڕووەشەوە تەکنۆلۆجیا زۆرهاوکارە، بەخواسی شێوازی پەروەردە شیکاربەردەستە، بێ لەوەی هەموو کات دەتوانرێت سوود لە تەلفۆن وەربگیرێت.

لە کوردستاندا چەندین قوتابخانە و زانکۆی تایبەتی هەن، کە وەرزانە یان ساڵانە هەزاران دۆلار وەردەگرن. هەندێک لەوانە بەردەوامی بە خوێندن داوە و سەرهێڵ کردن شیکار بووە. ئەگەرچی دەبیسترێ کە سەرەتا ئاستەنگیان بۆ دروست بووە و زەحمەت بووە، بەڵام پاش چەند هەفتەیەک شتەکە تا ڕادەیەک لە لایەن قوتابیەکانەوە بە ئەرێنی وەرگیراوە.

بۆی هەیە هاوشێوەی ئەوانیش قوتابخانە حکومیەکان بتوانن ئەو هەنگاوە بنێن، هیچ نەبێ هەوڵ بدەن شیکارێک تاقی بکەنەوە و بیگونجێنن لەگەڵ خواست و شێوازی خوێندندا. هەنگاوی سەرەتا قورسە، بەڵام ئەبێتە کۆڵەکەیەکی بەهێز بۆ داهاتوو. لە دوای کۆرۆناوە فێرکردن و خوێندن شێوازی تەواو دەگۆڕێت، با لەمڕۆوە دەست پێ بکەین و خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، سڵ کردنەوە دوامان دەخات.

وەکو دەڵێن کۆرۆنا هێشتا لە خوولی یەکەمیدایە و زۆرمان ماوە، لەبەرئەوە هیوادەخوازم کە هانا بۆ سەرچاوەکانی ئینتەرنێت ببرێن بۆ فێربوون، مانەوە لەماڵەوە بکەنە فرسەتێک بۆ پێداچوونەوەی وانەکان و فێربوونی وانەی نوێ. دەزگاکانی حکومەتیش هەموویان دەبێت بیر لە دیجیتاڵکردن وسەرهێڵکردنی ڕاژەکانیان بکەنەوە، دانیشتن و کارنەکردن هێندەی تر دوامان دەخەن.