Showing posts with label هۆنراوە. Show all posts
Showing posts with label هۆنراوە. Show all posts

Friday, September 25, 2015

لە پەندەکانی پیرەمێرد

٧ی ئابی ١٩٤٧ز

هەر بارگیرێکی بە (سەرسم) فێربێ
پێی ئەڵێن یاخوا ناڵبەندت کوێر بێ
تەربیە لەسەر دایک و باوک فەرزە
کــە تەربیەی بـوو کـردەوەی بەرزە

Thursday, July 23, 2015

لە پەندەکانی پیرەمێرد

١٣ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٩
 
ساڵانی پێشوو بەختمان یار بوو
حەکیمەکانمان نەخوێندەوار بوو
نەمان بیـستبوو ئەم هـەمـوو دەردە
نە ئەچووە سکمان دەرمان بە فەردە
 
ترس و واهیمە، نەبوو لە ناوا
عیللەتمان بە ئاو ئەدا بە ئاوا

Saturday, April 12, 2014

پەندێک لە منەوە

زۆرن ئەوانەی ئەمڕۆ لە پارچەکانی تری کوردستانەوە و لە وڵاتانی ترەوە ڕوو لە باشوور دەکەن، بۆ ژیان و گوزەران. زۆریشن لەوانەی کە دەستخەڕۆی ئەو کەسانە بوون بۆ کاسپی دێن و لە پڕا ون دەبن یا قوڵبر دەردەچن. ئەم پەندە لەوەوە دروست بووە و لەسەر نالەبارەکانیانە. هەروەها وانەیەکی باشە کە هەموو کەسێک بە یەک چاو تەماشا نەکرێت و خراپەکار لە باشەکاندا جیا بکرێتەوە، ڕەش و سپی پێکەوە نەسووتێنن.

Sunday, January 20, 2013

لە پەندەکانی پیرەمێرد

٢٦ی ئاب - ١٩٤٨

کارشوناس گەڕا لە شوێنی دانا
لە شوێنی نەزان هات دانای دانا
ئەو دەمەی پیاویان لە دار ئەتاشی
ئیشیان نە ئەدا بە کەسی ناشی
دارتاشێ لەناو کاروانێکا بوو
بۆ سنعەتی خۆی بۆ لادێ ئەچوو
جەردە هات لە ڕێ کاروانی ڕوت کرد
لە خوا نەترسێ تەشوێی ئەوی برد

Wednesday, March 23, 2011

پەندی پیرەمێرد


پێشکەش بەوانەی لە بەردەرکی سەرا داوای مافی میللەت دەکەن!

لە پەندەکانی پیرەمێرد
 ئەوانەی کەوا کاریان بە دەستە
هاتن لە ڕەئیا بوون بە دوو دەستە
ئەگەر هەردوولا بۆ خەڵک خێرخوا بن
هیواداری ڕاست بە خێری خوا بن
بە حوسنی نییەت کار ئەبەنە سەر
درەختی ئەمەل بۆیان دێتە بەر
فەرموودەی نەبی بۆمان حوجەتە
کە ئیختیلافی ئوممەت زەحمەتە
بەڵام غەرەضی شەخصی کەوتە ناو
ڕەحمەت، زەحمەتە، دراومان دۆڕاو
من لاوی وام دی کە شەشی ئەیلوول
بەردەرکی سەرای کرد بە گەردەلوول
مەترەلۆزی بە خەنجەر شکاند
ئازاییەکی شێرانەی نواند
ئەو کەسەی خۆیان بۆدا بە مردن
ئەو بە دەستی خۆی کەلەپچەی کردن
شینم بە شیعری ئەکرد ئەوسایە
ئیستەیش گریانم وا لە قوڕگایە
کورد نابڕێتەوە خەیاڵی خاوە
بەراتی نەجات بە خوێن نوسراوە
من بۆیە ڕەنگی سوورم خۆش ئەوێ
مژدەی شەفەقی لێ دەست دەکەوێ

ڕۆژنامەی ژین ژ. ٩٠٧ - ٢٦ی شوباتی ١٩٤٨ - پیرەمێرد

Monday, February 21, 2011

پەندی پیرەمێرد

ژین - ١٠٠٩  / ٤ مایسی ساڵی ١٩٥٠
لە پەندەکانی پیرەمێرد
بۆ کاری دەوران خەم مەیەنە بەر
هەرچۆنێک بیگری ئەو دەچێتە سەر
درەختی دنیا پڕیـــە لــــــە مــیـوە
هیچکەسێ تا سەر بەری نەچنیوە
هەندێ کە نصیب بۆی ئەگەیێنێ
تێر ئەخوا و لق و پۆپی ئەشکێنێ
هەندێکیش کەوا قیسمەت نایداتێ
هەر هەڵدەپەڕێ و دەستی نایگاتێ
سێـبــەرەکەشی هەر تـــاوە، تاوە
جێ جێ ئەگۆڕێ لەگەڵ هەتاوە
ئەیشزانین تاسەر بۆ هیچ کەس نییە
کەچی ئەم خەڵکەی لە دوو شەقییە
دوو کەس گرەویـان لێ بردۆتەوە
کەوا پشـتێنیــان لـــێ کـردۆتـەوە
یەکەمیان ئەوەی کە لە هیچ ناگا
بوون و نەبوونــی کاری لێ نـــاکــا
شەیتان بەم خەڵکە وا پێدەکەنێ
ئەم بە پێکەنین ئەو دەتەقێنــــێ
دووەمــیان ئەوەی کە بــە هیدایەت
کەوتۆنە سەر ڕێی عەقڵ و درایەت
هەمیشە لەگەڵ خوای خۆی هەڵدەستێ
بەوە لایداوە لە هـەموو کەســـــــــــــــــێ!

Wednesday, February 09, 2011

سلێمانی

بیری سلێمانی ناکەی؟


هۆنراوەی ئیسماعیل محەمەد ٢٢/٧/٢٠١٠

نایەیتەوە...
سەرێ لە شار نادەیتەوە
بیری سلێمانی ناکەی؟
حەز بە پیاسە و گەڕانێکی...
دەمەو ئێوارانی ناکەی؟

ئەگەر ئەمجارە بێیتەوە
ئەمشارە نانــــاسیتەوە
سیمای بەجۆری گــۆڕاوە
یادگاری هەر تیا نەماوە

وەرەوە بۆ سلێمانی
بۆ شاری ئەوین و جوانی
حەیف چۆڵ بوو لە یارانی
نەما خۆشییەکەی جارانی

گەرچی جاران شارەکەی شێخ...
کوچە و بازاڕی کەمتر بوو
بەڵام لای من سلێمانی...
هەرجاری جاران خۆشتر بوو

ئەمێستاکە هەر تەلارە و ...
بەناخی ئاسمانا ئەچێ
وەفا و سۆز و خۆشەویستی...
بەرەو کاڵبوونەوە ئەچێ
ئەمشارە وا جەنجاڵ بووە...
خۆمم لێ ون بووە تیایا

زۆرجار ئەمەوێ جێی بێڵم
بەڵام چیبکەم دڵـــــمـنایە
ئەزانم بێ سلێمانی...
لە شوێنی تر هەڵ ناکەم
باخچەیەکم لێرە نەبێ...
لە خاکێکی تر گوڵ ناکەم

سەرچنار چۆن لەبیر ئەکرێ؟!
کوێ جێی ئەزمەڕ ئەگرێتەوە؟!
هەتا ئەمجارە دێیتەوە...
هیچ وەک خۆی نامێنێەتەوە