Thursday, May 11, 2023

لە پەندەکانی پیرەمێرد - لەسەر قین


١٥ی ئەیلولی ١٩٤٩ز

خووێکی بەدە بۆ فەڕومایە

شەڕ بە کۆنەقین دێننەوە کایە


بیستوومە ئەڵێن قین ژەنگی دڵە

دڵ کە ژەنگی گرت بۆ شەڕ بە کوڵە

لام وایە ئەوەی کە ڕق هەڵگرە

لە دوژمنەکەی ناڕەحەتترە


ئەیچێنێتە دڵ کەی بۆی هەڵکەوێ

دوژمن بداتە بەر خەنجەر شەوێ

هەر بە داخەوە سرەوتی نابێ

بە قوڕگیا ناچێ نان و کەبابێ


موسووڵمانی ڕاست ئەوەی زۆر چاکە

کە لێبوورد ئیتر دەروونی پاکە

بەڵام لە پیاوی سپڵە مەبوورە

چونکوو بەدنمەک لە وەفا دوورە


ئەگەر چاکەت کرد لەگەڵ ناپاکا

خراپە ئەکەی لەگەڵ پیاوچاکا


بەڵام ئەم چاک و خراپ ناسینە

خراوەتە ناو لوولەی مەسینە

هی ئەوتۆ هەیە کاتێ ئەیناسی

کە لە کەمەندی فێڵیا بتاسی

بەڵام تۆ چاک بەو لەمان مەپرسە

بڵێ: «بەد بە خوا» ئیتر مەترسە

--------------------------------

لە  ڕۆژنامەی ژین ژمارە ٩٨١ لە ١٥ی ئەیلولی ١٩٤٩ دا بڵاوکراوەتەوە.