Friday, June 23, 2023

ئەوەی خۆم باشترە

کاک ئەحمەدی شێخ، خوا لێی خۆش بێ، دراوسێیەکی دەبێ، کە لەسەر ئایینی جولەکە دەبێ. کابرا تا بڵێی پیاوچاک و جوامێر دەبێ کە وا لە کاک ئەحمەدی شێخ دەکا، چەند جارێک بانگهێشتی موسوڵمان بوونی لێ بکا.


ئەویش کاک ئەحمەدی شێخ زۆر باشە دەناسێ، پێی دەڵێ: "ئەگەر ئیسلامەتی ئەوە بێ کە تۆ دەیکەیت، بەخوا بەمن ناکرێت، ئەگەر ئەوەیشە کە خەڵکەکەی بازاڕ لەسەرین، ئەوا ئەوەی خۆم باشترە". کاک ئەحمەدی شێخ باش لێی دەگات و ئیدی ئەو باسەی لا ناکاتەوە.

بیهێنە بەرچاوی خۆت، لە شاری سلێمانی ئەوسا، بەو بچووکییەی، ئەم هەموو تاقم و ئاڕاستە جیاوازانەش نەبوون، کە ئەمڕۆ لە وڵاتە ئیسلامییەکان و بەتایبەتی لە کوردستاندا دروست بوون و هەریەکەی ئەوی بەرامبەری بە هەڵە و گومڕا دادەنێ، بەشێوەیەک خوا پەرستییەکە لە گوزارشتی ڕۆحیەوە بووە بە شکڵ و شێوە.

پەروەردگار دەفەرموێ: وَقُلِ اعْمَلُوا فَسَيَرَى اللَّهُ عَمَلَكُمْ - سورەتی تەوبە، ئایەتی ١٠٥

واتا: به‌و خه‌ڵکه بڵێ: ئێوه هه‌رچی ده‌توانن له کارو کرده‌وه ئه‌نجامی بده‌ن، چونکه خوا کارو کرده‌وه‌تان ده‌بینێت

ئیتر تۆ باکت چیە، خوا لێپرسینەوە دەکات و ئەو دادوەری ڕۆژی دواییە. کاک ئەحمەدی شێخ زۆرباش لەوە حاڵی ببوو، لەبەرئەوە هەتا لەژیاندا بوو ڕێز و حورمەتی نواند و نە بڕوادارانی ئایینەکانی تری سەخڵەت کرد و نە تانە و تەشەری لە بڕوادارانی ئیسلامی دا، کە بەداخەوە ئەمڕۆ بۆ قسەیەک، شیوەنی حەسەن و حسێن ئەنێنەوە.

پێغەمبەریش ﷺ، زۆری حەز دەکرد کەسێکی خۆی، مامی، ببێتە ئیسلام، بەڵام پەروەردگار پێی دەڵێ:

إِنَّكَ لَا تَهْدِي مَنْ أَحْبَبْتَ وَلَٰكِنَّ اللَّهَ يَهْدِي مَن يَشَاءُ ۚ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِينَ - سورەتی قصص، ئایەتی ٥٥

واتا: به‌ڕاستی ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر ( ﷺ) تۆ ناتوانیت ئیمان و باوه‌ڕ ببه‌خشیت به‌و كه‌سه‌ی خۆشت ده‌وێت، به‌ڵكو خوا هه‌ر كه‌سێكی بوێت ده‌یخاته سه‌ر ڕێگه‌ی ڕاست و ئیمانی پێده‌به‌خشێت، خوایش ئاگاداره به‌وانه‌ی كه ڕێبازی هیدایه‌تیان گرتۆته به‌ر.

هەموو ئەو کوشتن و بڕینەی ئەمڕۆ هەیە، لادانە لە بەرنامەی خوا و ئایینەکەی. چونکە پێچەوانەی خواست و ویستی خوایە.