هەر ڕۆژێک لەگەڵ باوکم کارم بکردایە و لە ماڵ نەبوایام، ئێوارەکەی کە دەگەیشتمەوە ماڵ، کەتنێکی برا بچووکەکەم دەبینی. هەموو جارێکیش لێی تووڕە دەبووم و مۆن دەبوومەوە لێی، بێ لەوەی بۆم باس دەکرد و فرمانم پێ ئەدا، کە جارێکی تر شتی من دەستکاریی نەکات.
ئەمە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە لە گەڕەکدا تیپی دووگۆڵیمان دا دەنا، شەر بوو لەسەر سەرۆکی تیپ، لە ئاخیرا شێر و خەتمان کرد، و یەکلابووەوە. خۆگر دەرنەچوو، بەڵام لەبری ڕازی بوون بە بەختی خۆی، وازی لە تیپەکە هێنا، دوو هەفتە وا مایەوە، ئیتر بڕیارماندا بیکەینە موستەشاری تیپ. کەسمان نەماندەزانی موشتەشار چیە و کار و ئەرکەکانی چیە، حەمە ڕۆژێک هات وتی موستەشار واتە ڕاوێژکار. وەبیرم هاتەوە، کە دایکم ئەم ڕاوێژکارە زۆر بەکاردێنێ. لە فرسەتێکدا پرسم لە دایکم کرد، ڕاوێژکار ئیشی چیە؟
دایکم قسەی زۆر کرد و بە نموونە تێی گەیاندم، تەنیا دوو شتی بۆمن بایەخی هەبوو: "یەکەم بە کەسێک دەڵێن ڕاوێژکار کە شارەزایی هەبێ و پرس و ڕای پێ دەکرێت، بۆ ئەوەی لە کردنی کارێکدا ڕێنومایت بداتێ و نەکەویتە هەڵەوە. دووەم ئەبێ ئەو کەسە دڵسۆزت بێ و خەمی کردنی کارەکەش بخوا بە ڕێکی".
نموونەی ڕاوێژکارەکانی براکەم نەبوونی دڵسۆزی بوون، ئەوان بۆ مەرام و بەرژەوەندی خۆیان براکەمیان هان ئەدا. نموونەی ڕاوێژکارەکانی باوکیشم نەبوونی شارەزاییان بوو لەو شتانەی باوکم پرسی پێ دەکردن. هەردوو جۆرەکە سەرەنجام بە دڵی دایکم نەبوون، لە ڕاستیشدا بە زیان بۆ خۆیان، بۆ باوکم و براکەم دەکەوتنەوە و ئێمەیش بەردەکەوتین.
لە بەراوردی خۆگریش بۆ ڕاوێژ پێ کردن، کەسێکی گونجاو نەبوو، چونکە زوو هەڵدەچوو، بۆ ڕادەی دڵسۆزیش سەلماندی، تیپی بەجێ هێشت و پلەی وەرگرت هاتەوە. چەند ڕۆژێک بە مقۆمقۆی ئەمەوە کاتم بەسەر برد.
دیقەتم دابوو، لەوتەوەی ئەزانم ڕاوێژکار چیە، لە هەواڵ و بڵاوکراوەکانی ڕۆژنامە و تەلەفیزیۆندا ڕۆژانە دەهاتە بەرچاوم.
ڕاوێژکار نازناوێکی باش بوو بۆ پیشە، لەگەڵ ئەوەشدا باوکم ئەیوت: "ڕاوێژکردن سووننەتە و بە پیشەیەکی باشی نەدەزانی، چونکە ڕاوێژکار بە تیۆری زۆر شتی دەزانی، بەڵام بە کردار نە لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسیاربوو بەرانبەر ڕاوێژەکانی". پشووی هاوینمان درێژبوو و ڕۆژانەش شتی نوێ ڕوویان ئەدا، لە گەڕەک و ناو و هاوڕێکانم و هەمیش لە ماڵەوە. بێ بیرکردنەوە بڕیارم دابوو کە ڕوێژکارێکی باش بم بۆ خوشک و براکەم، لەبەرئەوە خۆم بە خوێندنەوەوە خەریک دەکرد، بەو خەیاڵەی کە بەشە تیۆرییەکەی باوکم باسی دەکرد لە منا بەدی بێ. لەناو هاوڕێکانمدا ئەوەم پێ نەدەکرا، چونکە لە تۆپێندا هەریەکەمان خۆی بەڕاستتر دەزانی. خوشکەکەم دەیپرسی پشووەکەت بۆ خۆت بەسەر بەرە، چونکە تۆ ڕاوێژکاری ئێمەیت.
لەو ساتەدا بە خەیاڵمدا هات، باشە ئەوە ڕاوێژکارەکان کێ ڕاوێژیان دەکات و لە کێ فێر دەبن؟ لەو بیرکردنەوە و خەیاڵپڵاوانەدا بووم، دەبێ منیش ڕاوێژ بە کەسێک بکەم یان تەنیا بخوێنمەوە و هەروا بەردەوام بم...
لە کتێبخانەی گشتی زۆر گەڕام بەدوای پیشە و کاری ڕاوێژکار - المستشار، هەر جارەی جۆرێک دەهاتە پێش چاوم، زۆر جیاواز بوون لەوەی دایکم باسی دەکرد. ڕاوێژکار دەبێ لە بوارەکە زۆر شارەزا و بە سەلیقە بێ، تەنانەت لە جێبەجێکردنی شیکارەکانیشدا ستراتیژی قووڵ و حەکیمانەی هەیە، بەڵام باسی دڵسۆزییەکە نەکرابوو، لە دڵما بووە گرێ و وتم دەی ئەگەر لۆجیک بیر بکەینەوە، بێ دڵسۆزی ئەسڵەن کەس نابێتە ڕاوێژکار، بۆ حەمەم گێڕایەوە کە چیم دەرهێناوە لە کتێبدا، ئەو وتی قسەی کتێبە ئەگینا حکومەت هەزار ڕاوێژکاریی هەیە.
براکەم یەکەم ڕۆژی قوتابخانە هاتەوە وتی کاکە؛ مامۆستا عەزیز داوای داڕشتنێکی کردووە لەسەر "هەستت چییە بەرانبەر گەڕانەوەت بۆ قوتابخانە"، تۆ ڕاوێژم بکە. پێکەوە داڕشتنێکمان نووسی، بەڵام زۆرتر لە قسەی ڕاوێژکارەکە دەچوو وەکو لە هەستەکانی براکەم، سەرەنجام بە براکەمم وت، ئەگەر مامۆستا دوای خوێندنەوەی پرسی لێ کردیت پشووی هاوین چیت کردووە، بڵێ لەگەڵ براکەمدا ڕاوێژکار بووین!.
لە مانگی ٦ی ٢٠١٣ نووسراوە.