Friday, January 31, 2025

دیپسیک و گۆڕینی ڕێڕەوی شەپۆلەکان


گومانی تیا نیە، (OpenAI) پێشڕەوە لە هەبوونی مۆدێلێکی زمانی ڕاهێنان پێکراوی زەبەلاح لە بازاڕی ژیریی دەستکرد دا. بە تایبەتی کە خۆفێرکردن لە ژیریی دەستکردا (GenAI)، بەهۆی بەرهەمەکانی (نڤیدیا Nvidia) زۆرباش ڕاهێنانی لەسەر GPUی گرانبەها پێ دەکرێت و شێوازی ڕاهێنانی زمانەکان بەرەوپێش دەخرێت[١].

لە پاڵ ئەمەیشدا مێتا هەیە، لە بۆ هەمان مەبەست، سەنتەرێکی گەورەی کۆمپیوتەر بنیات دەنێت لە مانهاتن، کە یەک ملیۆن (GPU) لەخۆ دەگرێت.

لەبەرانبەردا، کۆمپانیای (دیپسیک DeepSeek)، کە پار لە سەرەتاوە لە وڵاتی چین دەستی پێکردووە، یەکەم مۆدێلی کراوەی خۆی ئاشکرا کرد، کە بەرەبەرەکانێی زەبەلاحەکانی وەکو (جیمەنای Gemini) گووگل و (چات جی پی تی ChatGPT)ی (OpenAI) دەکات و بگرە بۆ زمانی کوردی من بە باشتری دەبینمەوە.


کەواتە دیپسیک چییە؟

دیپسییک وەشانێکی خۆڕایی ژیریی دەستکردە کە چاتبۆتێک نمایشی دەکات، هاوشێوەی (چات جی پی تی)یە و بگرە کتومت ڕووکارەکەی هاوشێوەیەتی. دیپسییک مۆدێلی زەبەلاحی زمانیانیان ( LLM - Large Language Model) ڕاهێناوە کە خەرجییەکی کەم و کاتێکی پێوانەیی، تەنیا ساڵێک، ویستووە. لە ١٠ی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ دا وەشانی کراوەیان ئاشکرا کرد و لە کۆگای ئەپەکاندا بڵاویان کردەوە، کە لەسەر مۆدێلی (DeepSeek-R1) بنیاتنراوە. تاکو ئەمڕۆ ئەم مۆدێلانەیان پەرپێداوە:

DeepSeek Coder (Nov 2023)

DeepSeek-V2 (May 2024)

DeepSeek-V3 (Dec 2024)


بەگوێرەی هەواڵە ئاشکراکراوەکان بێ، ڕاهێنانەکانی مۆدێلی زمانی دیپسیک، تەنیا ٢،٩ ملیۆن کاژێر بوون. لەسەر (GPU)ی مۆدێلی (H200) کاژێرێک تەنیا ٢ دۆلارە، واتە تێچوونی مۆێلەکەی دیپسییک هەر ٦ملیۆن و بگرە کەمتریشی تێچووە، کە پارەی ساڵانەی سێ بەڕێوەبەری مێتا ناکات[٢]. سەرچاوەی تر باس لە (H800) دەکەن، هەر لەبەر ئەوەیشە کە هەناردنی لە ئەمەریکاوە بۆ چین قەدەغە کرا[٣] لە کۆتایی ٢٠٢٣ەوە.

لە ڕاستیدا دیپسیک بەهۆی گەمارۆی سیاسی و بارزگانی لەسەر چین، توانی ئەلگۆریسمی گونجاو پەرە پێ بدا، کە بسازێت لەسەر ئەو ڕەقەکاڵایانەی لەبەردەستیاندا هەبوون بۆ ڕاهێنان و هەڵـ‌ێنجاندنی مۆدێلێکی زمان کە توانای ژیریی خۆی لە وەڵامەکاندا بسەلمێنێت. ئەگەرچی مایکرۆسۆت وەکو کارتێکی دۆڕاو، گومان لە تێچوون و دەستکەوتنی ئەو داتایانە دەکات کە بەکارهاتوون[٤]، بەڵام دیپسیک لە وەرچەرخانێک دەچێت لە ڕەوتی مۆدێلەکانی زمان دروستکردنەوەی ژ.د دا.

لەگەڵ ئاشکرابوونی مۆدێلی دیپسیک، کە لەسەر مۆدێلەکانی (GPT-4o{1,2,3}) ناوبەستی بۆ داوانامەکان خستووەتە بەردەست، نرخی بازاڕی (نڤیدیا Nvidia) دەستبەجێ ٢٠% داکەوت. ڕێژەی هاوپشکەکانی بەجۆرێک دابەزی کە نرخی کۆمپانیاکەی ٦٠٠ ملیار هێنایە خوارەوە، ئەمە هاڕەیەکی بەهێزە کە لە داهاتووی نزیکدا شەپۆلی ژ.د بە ئاڕاستەیەکی تر دەگۆڕێت[٥]. سەرۆکی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ترامپ دەڵێت: "ئەمە زەنگی بەئاگا هێنانەوەیە"[٦]. بۆ مێتا و مایکرۆسۆف و ئەوانی تریش، پەیوەستبوونی ئاسیاوییەکان بە کاڵاکانیانەوە هێندە توندە کە دیپسیک کات و کاری زۆرتری دەوێت، بەڵام بۆی هەیە سیاسەتی ترامپ و قۆرخکردنی بازاڕ بکاتە هۆکارێک بۆ بەرپەرچدانەوەی چینیەکان، چونکە ئەو پێی وایە ئەوروپا دەستەمۆی خۆیەتی و وڵاتە دەوڵەمەندەکانی ئاسیاش ڕوویان لە دەست و بازووی ئەمەریکایە.


وڵاتانی ئەوروپا

ئەوروپییەکان لەم هاڵایەی سیلیکۆن ڤالیدا، لایەنگرن، هەر زوو خەمی پاراستنی زانیاری و مەترسی زاڵبوونی چینیەکان لە بازاڕی ژ.د لە ئەوروپادا کردە بەهانە کە خەڵکی سڵ بکاتەوە لە بەکارهێنانیدا، بێگومان ناتوان سەرسامی خۆیان بشارنەوە بەرانبەر توانای چینیەکاندا. هەندێک لە ڕۆژنامەنووسانی ئەوروپا، هەر زوو هاتن (دیپسیک)ـیان تاقی کردەوە بە پرسی؛ سیاسی و مێژوویی سەر تایوان و وڵاتی چین و باسەکانی مافی مرۆڤ و دیموکراتی، کە بێگومان لاوازی وەڵام لە هەندێکیاندا هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، دیپسیک براوەی زۆر وەڵامی ترە و وردی و شێوازی خاڵبەندی باشترە[٧].

بۆ زانین وڵاتانی ئەوروپا پرۆژەی (Gaia-X) هەیە، کە دەستپێشخەرییەکە لە ژ.د دا بۆ بەدیهێنانی سەکۆیەک کە ژێرخانێکی بەهێزی داتا و تەکنیکی هەبێت تاکو ببێتە پشتیوانییەکی تەواوی پەرەپێدان لە ژ.د و چێوەی کارکردنیدا. هاوکات ئەڵمانیا پرۆژەی (Aleph Alpha) و فەڕەنسییەکانیش پرۆژەی (Hugging Face)ـیان چێکردووە. گرفتی سەرەکی ئەوروپییەکان سەرچاوەی دارایی بوو، ئێستا ئەم داهێنانەی چین ئەگەری توانا و لێهاتووییان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.


دیپسییک بۆ زمانی کوردی

ئەوانەی وەشانە سەرەتاییەکانی (ChatGPT)ـیان بەکار هێنابێ، ئەوا ڕاستەوخۆ دەتوانن ئاماژە بەوە بکەن کە دیپسییک زۆر باشترە، بەڵکو لە زۆر باردا شیکردنەوەی ڕێزمان، بنیاتنانی ڕستە و زۆری لە دەق و وەڵامەکاندا باشترە لە (chatGPT 4).



لەگەڵ هاوڕێیانم لە چاوگ، دەمەتەقێیەکمان لەسەر ئەوە کرد، کە بۆی هەیە خەڵکی ئەمڕۆکە بەراورد بە ٣ ساڵ پێش ئێستا نووسین و بڵاوکراوەکانیان باشتر کردبێ. هاوکات هەوڵی تاک لایەنی ئەندامانی چاوگ و پرۆژەکانی ئاسۆسافت و هیتر زۆر بایەخیان هەبووە بۆ بەئاگاهێنانی خەڵکی و باشکردنی شێوازی نووسین و خاڵبەندی.



لە هەندێک باردا دیپسیک وەڵامی پێ نەبوو، لەخۆیەوە وەڵامی ئەدایەوە و شتی دروست دەکرد. لەگەڵ ئەوەی ڕستە و ڕێنووسی تەواوبوون. داهاتوو دەکرێ هیتر ببینین.



دواجار بۆ ئێمەی کورد، پاراستنی زمان و هۆنینوەی ڕستەکان لە وێبدا بە ڕاست و دروستی زۆر گرنگن، ئەوە ئەرکی خۆمانە، نەک تەنیا گروپی چاوگ و تاکە کەس، بەڵکو هەموو پێکەوە دەتوانین زمانەکە بپارێزین. پێویستە کە هەموو یەک تەختەکلیل و یەکجۆر کۆدی پیتەکان بەکار بهێنین. ناوبەستەکانی دیپسیک (API) هەرزانترن و مامەڵە و کارکردن لەگەڵیاندا ئاڵز نییە. دەکرێت ئەوەش لە ڕەوتەکانی دیجیتاڵکردن و شیکردنەوەی زانستەکاندا بۆ ئێمە بایەخی تەواویان هەبێ.

لە کۆتاییدا؛

دیپسیک سەلماندی کە دەکرێت بە خەرجی کەم و داهێنان لە ئەلگۆریزمەکاندا ڕێی سەخت و دژوار نزیک ببێتەوە، ئاستەنگییەکان چەندە گەورە بن، دەکرێت شەپۆلەکانی بگۆڕدرێن و ببنە توانا بۆ بەدیهێنانی کارێک کە خزمەت بە مرۆڤایەتی بکا. دێمەوە سەر قسەکەی جوانەمەرگ ئاسۆ ناردی، "هیچ شتێک هێندە باش نیە، کە نەتوانرێت باشتر بکرێ".

-----------------------------------

[١] بڕوانە: Why OpenAI’s new model is such a big deal" - (technologyreview.com)".

[٢] بڕوانە وتاری (پرۆفیسۆر کریستیان ڤینکلەر Prof. Christian Winkler)، پرۆژەی Heise.de

[٣] بڕوانە (golem.de) بابەتی: "Nvidia H800 darf nicht mehr nach China verkauft werden"، لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣. ڕێکخراوی پیشەسازیی نیمچەگەیەنەرەکانیش (semiconductors.org) لە وتەیەکیاندا پشتڕاستی دەکەنەوە کە پاراستنی نیشتمانی پاڵنەرە بۆ ئەو بڕیارە.

[٤] مایکرۆسۆفت ئەگەر دزینی داتاکانی پرۆژەی خۆی بەدوور نازانێت بڕوانە (itnews.com.au) وتاری: (Microsoft probes if DeepSeek-linked group improperly obtained OpenAI data)، ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥.

[٥] بڕوانە: بی بی سی، بابەتی "DeepSeek: The Chinese AI app that has the world talking"، ٢٧ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥.

[٦] هەمان سەرچاوەی پێشوو.

[٧] بڕوانە "I tested ChatGPT vs DeepSeek with 10 prompts" - لە (tomsguide.com)، براوەی تەواو مۆدێلی دیپسیک.