ئەمەی خوارەوە لە خەیاڵپڵاو و داڵغەی بەتاڵ ناچێت، خۆ ئێمە هەموو لە داهاتووی نزیکدا ڕۆبۆتمان دەبێ، ئێ جارێکیش ڕوو ئەدات کە سەرپێچی یاسای هاتوچۆ بکا یان خۆی بکێشێت بە سینییەک باقلاوەدا (شیرینی).
ئانۆ (ناوی ڕۆبۆتەکەم)، ڕۆبۆتەکەمم نارد نانی گەرمم بۆ بهێنێت لە نانەواخانەکەی ئەو پەڕی شەقامەکەمان. پاش بیست خولەکێک زەنگێک هات لە مۆبایلەکەمەوە، ئاگاداری کردم کە ئانۆ لە ڕێگا خۆی داوە بە عەرەبانەی منداڵی دراوسێیەکەمان و پۆلیس لەویا ئامادە بووە و سزای بۆ نووسیوە. ئاگادارییەکە لە بانکەوە بوو، کە بەهانەی ٥٠ دۆلار سزای پۆلیسی تیا بوو لە هەژمارەکەمەوە دەبرێت، دەڵێت: ئانۆ خێرا ڕۆیشتووە.
بێگومان هەڵەی من بووە، چونکە من وتم ئانۆ بڕۆ خێرا دوو نانی گەرمم بۆ بهێنە. ئەو لەو وشەی "خێرا"یە باش حاڵی بووە، بە کرداریش جێبەجێی کردووە. وەلێ خەمی من ئێستا لە بیرکردنەوەی ئەوە، کە چۆن لەم هەڵەیە تێ دەگات، گومان دەکەم ئیدی قسەکانم بە هەند وەرنەگرێت و بەهۆی فێربوونی ئامێرەوە وا بزانێ من بە ئەنقەست بەرەو هەڵەی دەبەم.