هەندێکجار خۆزگە دەخوازین کە وردەکاری ڕووداوەکان بزانین، لەگەڵ ئەوەی کە پێشتر خۆمان دژی چاودێری و وردبوونەوەش بووین لە کار و پیشەی خەڵکی.
دۆزینەوەی بکەر و تاوانباری هەموو ڕووداوێکی کوشتن جێگەی دڵخۆشی و متمانەبوونە بە سیستەمی پۆلیس و دەزگاکانی. لەگەڵ ئەوەی کە میدیاکان زۆرجار هێمای پرسیاری دادەنێن و بێ لێکۆڵینەوە گومان و لێشاوی بیکردنەوەی تر دەخەنە گۆڕەپانی ڕووداوەکان.
ڕووداوی خوارەوە و چەندینی تر ڕوویانداوە و ڕوو ئەدەن، کە بۆی هەیە هەڵوێستەیەکیان لەسەر وەربگرین و بیر لە پاراستنی زانیاریی و ژیانمان بکەینەوە[1]، لەلایەکی تریشەوە پەند بێ بۆ ئەوانەی کە بەتۆپزی پەروەردەی مناڵ بەرەو هەڵدێر دەبەن.
کچێکی ١٦ ساڵان، لەلایەن دایک و باوکییەوە بە چەقۆ دەکوژرێت، کاتێک کە پۆلیس لێکۆڵینەوە دەکات، دایکوباوکەکە دەڵێن بەرگریمان لە خۆمان کردووە، کچەکەمان هێرشی بۆ کردووین و بە چەقۆوە هاتووە بۆ باوکی و داوای پارەی کردووە...
خێزانەکە لە ئەمەریکا دەژین، لە بنەڕەتدا پیاوەکە خەڵکی فەڵەستیننە ژنەکەی خەڵکی بەڕازیلە و کۆچیان کردووە بۆ ئەوێ. زەین عیسا و ماریای ژنی لە میشیگان Michigan دوکانێک بۆ خواردن و کەلوپەلی ڕۆژانە بەڕێوە دەبەن و لەو شوێنە ناسراون.
لە ڕاستیدا هیچ بەڵگەیەک نییە تاکو پێچەوانەی قسەی دایکوباوکەکە بسەلمێنێت، بەڵکو پۆلیس زوو بڕوا دەکات کە کچەکە هێرشی بردووە. بەڵام کاتێک لێکۆڵەرەوە لە ڕووداوەکە دەکۆڵێتەوە و شوێنی چەقۆ و برینەکانی پیاوەکە تەماشا دەکا، دەکەوێتە گومانەوە. گومانێک کە سەلماندنی زەحمەتە. چونکە دوو کەسی شایەت و زیندوو دەڵێن کوشتوومانە و بەرگریمان کردووە.
پیاوەکە، زەین عیسا ئەندامی دەستەی (ئەبو نضال) دەبێ کە چالاکیان دژی سەفارەت و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل هەبووە، لە جموجۆڵەکانی و سەردانی بۆ وڵاتانی سۆشیالیست، پاراستنی ئەمەریکا FBI لێی بەگومان دەبن و ڕۆژێک کە خۆیان لەماڵ نابن، تیمێکی تەکنیکاری ئێف بی ئای هەڵدەستن بە دانانی چەند ئامێرێکی سیخوڕی و دەنگ تۆمارکردن لە ماڵەکەیاندا و جوان دەیشارێتەوە، کە دواتر دەبنە شایەت و ڕووداوی کوشتنی تینا شی دەکەنەوە.
ڕاستی باسەکە لە تۆماکراوە دەنگییەکانی FBI بەدەر دەکەوێت، کچە ١٦ ساڵانەکەیان وەکو ئەوان پەیڕەوی ئایین ناکات و هاوڕێی کوڕان دەکات، کە ئەمە باوکی توڕە دەکات و پارەی ناداتێ، کچەش دەڕوا کار ئەدۆزێتەوە، کە باوک و دایکی پێی قایل نین و لەیەکەم ڕۆژی کار کردنیدا زەفەری پێ دەبەن و لە ماڵی خۆیاندا لە ساڵی ١٩٨٩ دا دەیکوژن. قێزەوەنترین کردەوە دەنوێنن لەگەڵ پەپولەیەکی بێ تاواندا.
ئێلین هاریس لە کتێبی (پاسەوانی نهێنییەکان Guarding the Secrets) کە ساڵی ١٩٩٥ لەچاپ دراوە، باس لەو بەڵگەنامانە و ئەو تاوانی کوشتنە دەکات و بەکوشتنی دینا کە لە ئینجیلدا باس کراوە[2] دەیشوبهێنێت.
کردەوەکەی FBI و تۆمارکردنی هەموو شتێکی ئەو خێزانە قسەی زۆر هەڵگرتووە[3]، تەنانەت لەوەوە زۆر لە فەلەستینییەکان منداڵەکانیان دەناردەوە بۆ فەڵەستین، بەتایبەت ئەوانەی شەرەفی خۆیان لەسەر ناولنگ داناوە، لەزۆر چالاکی سیاسیش کەوتن چونکە دەرکەوت هەموو سیخوڕیان لەسەرە. بگرە دەستەی (ئەبو نضال) دواتر خۆیان بێبەری کرد لە پیاوەکە و لەئەندامبوونیشی. بۆ ئەوە کاری خۆی پێکا و هیچ نەبێ تاوانێکی سەلماند. دۆزینەوەی بکەری ڕووداوەکە دڵشادی دەبەخشێت.
بەڵام لەوەیە زۆرکەس پرس بکا، ئاخۆ چ ئامێرێکی سیخوڕی لەسەرە و چۆن چاودێریی دەکرێ؟؟
لەڕاستیدا، ئەمڕۆکە FBI و ئەوانیتر پێویستیان بە سیخوڕ و دانانی ئامێر نییە لەماڵەکاندا، چونکە هەموو ئەندامێکی خێزان بە ئارەزووی خۆیان هەڵگری ئامێرێکن، کە نەک تەنیا دەنگ، بەڵکو ڤیدیۆ و هەموو جموجۆڵەکانی تری ڕۆژانەیان تۆمار دەکات و دەچێتە بەردەستیان.
جاران ترس لە سیخوڕی حکومەتی داپڵۆسێنەر دەکرا بەتەنیا، ئەمڕۆکە داتا و زانیارییەکانمان لە چەندین وڵات و چەندین حکومەتی دیموکراتخواز شی دەکرێتەوە و سانسۆر و چاودێریمان دەکەن.
------------------------------
سەرچاوەکان
[1] لە کتێبی (Deadly Medicine: A Common Surgery Forges a Serial Killer) لە نووسینی (Kelly Moore و Dan Reed)، ساڵی ٢٠٠٥ چاپ کراوە.
[2] لە کتێبی (پاسەوانی نهێنییەکان Guarding the Secrets) نووسین خاتوو ئێلین هاریس، ساڵی ١٩٩٥ چاپکراوە
[3] بڕوانە: ویکیپێدیا: https://en.wikipedia.org/wiki/Murder_of_Tina_Isa