Tuesday, April 25, 2023

ڕەگەزی مێینە لە ئەندازیاری و تەکنۆلۆجیادا - بەشی یەکەم


گەر ئاوڕێک لە ڕابردووی تەکنۆلۆجیا بدەینەوە، دەیان کەڵەژنی لێهاتوو و ناودارمان دێتە پێش چاو. ئەمڕۆشی لەگەڵ بێ، بەکردار لە بواری تەکنیکیدا وردبینی ژنان سەلمێنراوە.

لە بەدواداچوونەکانمەوە، ئاماری خوێندکارانی زانکۆ و بەشەکانی کۆمپیوتەر لە کوردستان، پێمان دەڵێن کە ڕێژەی مێینە لە ٤٠% کەمتر نەبووە. لە هەندێک زانکۆدا بگرە زیاتر بووە، ئەگەرچی بەراورد بە نێرینە لە کۆمپانیاکاندا لەو ڕێژەیە زۆر کەمترن. لە ٩٠کاندا ڕێژەی مێینە سەروو ٥٥% بوو لە زانکۆکانی موسڵ و بەغداد.

چالاکی ژنانی کورد لە وێبدا لەسەرەتاوە کەمتر بوو لە چالاکی پیاوان، لە زۆربەی گروپ، مەکۆ و دەستەکانی ئایتیدا ژمارەی ژنان کەمتر بوون. لە زکورد لە کۆی ١٠ ئەندامی چالاک دووانی ژن بوون، کە بەردەوام ئامادە و چالاک بوون.

لە گروپی چاوگ، مەگەر بە میوان ئەگینا ئەندامێکی هەمیشەیی مێینە لەناوماندا نەبووە، دیارە گوێگرمان زۆرن، بەڵام هیچیان یان بڵێم زۆر کەمیان کاردانەوەی هەبووە لەگەڵ پۆدکاست و ویکی و پرۆژەکانی تری چاوگدا. لە تیمی ویکیپیدیاش هەمان شێوە زۆر کەمن ئەوانەی کە ئارەزووی بەشداربوون و مانەوە دەکەن، لەگەڵ ئەوەی کە یەکێک لە ژنانی کورد بەڕێوەبەرە. 

ئەمڕۆکە ژنانی کورد بە دەیان و سەدان دەبینرێن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی لە یوتیوب و ئینستگرام کە چالاکانە ڤیدیۆ پۆست دەکەن لەو بوارە پیشەییانەی کە خۆیان شارەزاییان تێیدا هەیە (بە تایبەتی بواری ژنان، خواردن، منداڵان و ستایڵی ناوماڵ).

لە ساڵی ١٩٨٧ دا لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕێژەی ژنانی پەرەپێدەر و بەرنامەداڕێژ بە ڕێژەی ٤٢% بوو، لە ساڵی ٢٠٢١ ئەم ڕێژەیە بووە بە ٥%. بە مەرجێک پیشەی کۆمپیوتەر و بەرنامەداڕشتن لە سەدەی ڕابردوودا بە پیشەیەکی شیاو بۆ ژنان دادەنرا.

لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، خاتوو ئان ڕیچاردسۆن، کە ئەندازیارێکی بەرنامەداڕشتن بوو لە کۆمپانیای ئای.بی.ئێم، لە گۆڤارێکدا لەسەر پیشەی بەرنامەی کۆمپیوتەرنووسیویەتی: پێویستە نەخشەی کار دابنێیت و پێناسی کاتی تەواوبوون و ئەنجامدان دیاری بکەیت، ئەمەش وردبینی و وریایی دەوێت، ژن هەر لە ڕەچەڵەکەوە بۆ بەرنامەداڕشتن ڕەخساوە!.

بۆ بیرهێنانەوە، یەکەم کەس کە بەرنامەی داڕشت و پەرەی پێدا خاتوو (ئادا Ada Lovelace)بوو، لە سەردەمێکدا کە کۆمپیوتەریش دروست نەببوو، زمانی بەرنامەداڕشتنی داهێنا. خاتوو(گرەیس Grace Hopper) یەکەمین بوو لە پەڕەپێدانی (وەرگێڕ compiler) کە زمانی ئامێر بکا بە زمانێکی ئاستبەرز و مرۆڤ لێی تێ بگا.

ڕێژەی ژنان لە وڵاتانی ئەوروپاشدا لەم ساڵانەی دوایدا بەگشتی کەمی کردووە. لە ئەڵمانیا لە ٢٠١٨ دا لە کۆی ٣٤٦٠٠ خوێندکاری بوارەکانی کۆمپیوتەر، تەنها ٧٦٠٠ مێینە بوون. ڕێژەکە لە ئەمەریکای خواروو پێچەوانەیە، لەوێ زیادی کردووە، ژنان لەوێ ٤٠%ی بواری تەکنیکیان پۆشتە کردووە[١]. یەکێک لە هۆکارەکان بۆ کەمبوونەوەی ژنان لە تەکنیکدا، خاتوونێکی شارەزای ئایتی باسی لێوە دەکات، کە ژنان کۆششی زۆریان دەوێت تاکو بتوانن بەرەنگاری تەوژمی زۆری پیاوان ببنەوە، تەقەلایەکی بەردەوام کە بتوانن شوێنی کارەکە بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، ئەوەش ئاسان نییە[٢].


سەرچاوە: heise.de


توێژینەوەی ITgirls ئاشکرای دەکات کە لە و وڵاتانەی کە مێینە چەوساوەن و مافی زۆر شتیان نییە، وەکو لە هیندستان، ئێران و شانشینی عومان چاودێری کراوە، ژنان زۆرتر هەوڵی بواری ئایتی و تەکنیکی ئەدەن، چونکە هەم ماددی مووچەیان باش دەبێت و سەربەخۆترن و هەمیش تاڕادەیەک بە دەرەوە دەبەسترێنەوە[٣]. 

لەسەر عێراق و کوردستانیش بەتایبەتی، داتایەکی تەواو بەردەست نیە[٤]، لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژەیەکی باش خوێندکاری مێینە لە زانکۆکاندا هەیە، بەڵام زۆرکەمیان دەچنە بواری پیشەیی و بەرجەستەکردن و گەشەدان بە فێربوونیان ئەدەن. ئەمە لە وڵاتانی تریش گرفتە، بۆ وێنە لە ئەڵمانیا ٣٨%ی ئەو کچانەی بوارێکی تەکنیکیان لە زانکۆ تەواوکردووە دەچنە سەرکار و پیشەی ئایتی پیادە دەکەن[٥].

لەگەڵ ئەوەشدا، لە ئەڵمانیا بواری ئایتی ٢٠% ژنان بەڕێوەی دەبەن، لە ئەمەریکا ٢٥%، کەنەدا ٢٦%، ئوسترالیا ٢٨% و ڕۆمانیا و و بولگاریا ٢٠% ڕێژەکان زۆر نین و ئاماژەن کە پیاوەکان بوارەکەیان تەنیوە، کە پێشتر ژنان باڵادەست بوون. 

ئاکامی توێژینەوەیەکی ماکنزی[٦] لە ساڵی ٢٠٢٠ دا، دەڵێت ژنان چووست و چالاکترن لە پیاوان لەبواری ئایتیدا، دامەزراوەیەک ژنان لە بوارە تەکنیکییەکەدا باڵا بن، دەستکەوتیان زۆرترە و سەرکەوتووترن و هەمەلایەن گەشە دەکەن.

توێژینەوەکانی (سەنتەری پەو  Pew research Center) جەخت لە کەلێن و وەڵامنەدانەوەی کلتورەکان دەکەن وەکو هۆکاری کاریگەر، کە مەترسی سەر ژنانی لە پیشەکاندا زۆرتر کردووە[٧]، لە ڕاپرسییەکدا لە ساڵی ٢٠١٧ ئەنجامیانداوە هاتووە، کە ٥٠%ی ژنان لەشوێنی کارەکەیاندا، هەست بە جیاکاریی ڕەگەزی (gender discrimination)  دەکەن، پیاوان ١٩% ئەو بۆچوونەیان هەیە. ٢٠%ی ژنان لەو هەڵسەنگاندە پێیان وایە بەهۆی ڕەگەزیانەوە سەرکەوتوو نابن و ٣٦%ی ژنان گرفتی دەستوەردانی جەستەییان هەیە.

لە زۆربەی وڵاتان مووچەی ژنان لە بواری ئایتیدا زۆر کەمترە لە هی پیاوان، بۆ هەمان کار و هەمان ئاستی خوێندن. لە ئەڵمانیا بە ڕێژەی ٢٥% خەملێنراوە. ئەمە هۆکارێکی شاراوەیە، بە کەمیش تەماشا ناکرێت.

گرفتێکی تر کە لە زۆر وڵاتدا و لە کوردستانیش هەستی پێ دەکرێت، دەست پێکردن لە ژنانەوە زۆر کەمترە، ڕێژەی دامەزرێنەرانی ژن لە بواری ئایتی زۆر کەمە. لێکۆڵینەوەکانی (Female Founders Monitor - FFM) لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ئەم گرفتە دەکاتە هۆکار کە ژنان هێندە نایەنە پێش و ناچنە پێشەوایەتییەوە. چونکە پێیان وایە ئەگەر ژنان پێشەوا بن و دامەزرێنەر بن ئەوا دەبنە نموونە بۆ کاردانەوەی ژنانی تر و چاولێکەریان زۆرتر دەبێ، هاوکات ڕەگەزی مێینە بەم هۆیەوە متمانە پەیدا دەکات. ئامارەکان دەڵێن ١٠% لە ژنان دەستپێشخەربوون لە دامەزراندن و تەنیا ٥%یشیان لە ئاستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاردان - ڕێژەکە لە ئەڵمانیایە.

لە کوردستاندا، هێندەی پیاوان لەسەر مافەکانی ژنان و بەشدارن و دەدوێن، هێندە ژنان خەمیان نیە، کە سەرەنجام چالاکییەک دەگوزەرێت ئاکامەکەی ئەوە نیە کە ژن دەیەوێ، بەڵکو ئەوەیە کە پیاوان لە چوارچێوەی بیرکردنەوەیانەوە بۆیان داناون. بێ لە هۆکارەکانی کلتور و لە هەندێک ناوچەدا دەمارگیریی بەرانبەر ژنان کە بوونی ژنان لە هەندێک ئاستدا بە ناقۆڵا دادەنێن. زۆر نموونە بەردەستن، پێمان دەڵێن: "دەی خۆ ئێمە ئەندازیاریی ئایتین بەڵام کە خێزان پێکەوە نرا و منداڵ دروست بوو دەکوژێینەوە."


چی بکرێت و چۆن کاریگەری لە ئاستی بەشداری ژنان بکرێ؟

وەکو لەسەرەوە وتم، ئامارەکان لە بەشەکانی خوێندن لە کوردستاندا دڵخۆشکەرەن، ژمارە و ئاستی بەشداری زانکۆ و پەیمانگاکان ئەگەر نیوە بە نیوە نەبێ ئەوا جیاوازییەکەی شتێکی زۆر کەمە، لە بینایی منەوە ژنان خۆیان باشتر لە گرفتەکان دەگەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕێنماییانە بە باش دەبینم:

یەکەم: زۆر گرنگە کە دوای زانکۆ بەردەوام بی لە گەشەپێدانی زانین و فێرکارییەکان.

دووەم: هێندە چاوەڕێی دامەزراندن مەبە، بەڵکو چالاک بە و تواناکای خۆت بدۆزەوە، تاکو سبەی لە بوارێکدا کار بکەیت کە ئامانجت بێ و زۆرتر قوڵ بیتەوە تیایدا. کە ئەمە بۆخۆی هەلی دامەزراندنت ئەداتێ.

سێیەم: ژنانی ئازا و زیرەکمان زۆرن لە ئایتیدا، بیانکە بە نموونەی بەرچاوی خۆت و لێوەیان فێر بکە. لە بوارێکدا کە ئارەووی پێ دەکەیت قاڵ ببە و دەستپێشخەربە لە دامەزراندنی کار.

چوارەم: هەواڵ بدە لە دەستە، یانە و دامەزراوەکانی ئایتیدا بەشداریت هەبێ، دوای نوێکارییەکان بکەوە، بەتایبەتی ئەوانەی لە ئارەزوو و شارەزایی تۆوە نزیکن.

--------------------------------------------

سەرچاوەکان:

[١] بەدواداچوونێک لەسەر ژمارەی خوێندکارانی مێینە لە زانکۆ و پەیمانگاکان - بەشی زانستی کۆمپیوتەر heise.de

[٢] گۆڤاری هەفتەنامەی کۆمپیتەر، ئەڵمانیا  - ئایاری ٢٠١٨

[٣] توێژینەوەی ماڵپەڕی GirlIT - ماڵپەڕێک بۆ لێکدانەوەی بەشداریی ژنان لە تەکنۆلۆجیای زانیاریدا

[٤] بەدواداچوونەکانی (WorldBank) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا(MENA) هەندێک گرفتی سیاسی و کلتوری کردووە بە بەهانەی بەشدارینەکردنی ژنان لە بوارە تەکنیکییەکان، بەتایبەتی لە هەندێک ناوچەدا بە عێراقیشەوە، دۆخی ژنان بە مەترسیدار ناو دەبات چونکە پێیان وایە ژنان لەو ناوچانە دەچەوسێنرێنەوە و لەژێر پەستاندان.

[٥] بڕوانە ئامارەکانی (nsf.gov)

[٦] بڕوانە: ژنانی پێشەوا لە کارەکاندا، دەستمایەی کۆمپانیاکان بەرزدەکەنەوە(mckinsey.com)

[٧]  بڕوانە: پیاوان بەڕێژەیەکی جیاواز گەشە دەکەن لە ئایتی دا (pewresearch.org)



No comments :