شەونم
بوونی هەوایەکی گەرمی پڕ لە شێ لە هەوادا، کاتێک لە ڕوویەکی سارد ئەدات ئەوا شەونم دروست دەبێت.سەهۆڵاوێک بخەرە پەرداخێکەوە، دەبینیت لە لێواری دەرەوەی پەرداخەکە دڵۆپە ئاو دروست دەبێت، ئەمە کارێکی سروشتییە، دابەزینی پلەی گەرمی پەرداخەکە بەو ئاستەی کە هەوای گەرمی شێداری دەرەوە لەگەڵیا کارێلک بکا، دڵۆپە ئاو دروست دەبێ کە لە کوردەواریدا پێی دەڵێن شەونم.
لەسەر ئەم بنەمایە، دوو گەنجی خەڵکی توونس هەستاون بە دروستکردنی ئامرازێک، کە بتوانێت ڕۆژانە تاکو ٣٠ لیتر ئاو بەو شێوازە دروست بکات. بیرۆکەکە لە دروست کردنی کەشێکە کە تیایدا خاڵی شەونم، دروستبوونی ئاو پێک دەهێنێت. بیرۆکەکەیان بەرجەستە بووە و دەیان قوتابخانە و شوێنەدوورەکانی باشووری تونس سوودی لێ وەردەگرن.
بۆ ئێمەیش لە عێراق و کوردستان کە کەشەکەی بۆ شەونم دروستبوون زۆر لەبارە، بۆی هەیە بایەخێکی گەورەی هەبێت. بێگومان ئاوی دروستبوو بێگەردە و بە پاڵاوتنی تایبەتیشدا دەڕوا کە لە تۆز و پیسی هەواش خاوێن دەبێت و بۆ خواردنەوە شیاوە.
پرۆژەکە ناوی (Kumulus)، ئەمڕۆکە ئامێرێکی جوانی لێ دروست بووە، شایەنی بەهەند وەرگرتن و سوود وەرگرتنە لێی.