Sunday, March 05, 2023

شتێک لەسەر ChatGPT بزانە



چات جی پی تی کورتکراوەی Chat Generative Pre-trained Transformer


شێوازێکە بۆ دروستکردنی زمانێکی لەیەک گەیشتن لە ژیریی دەستکرددا (AI language model). کە لە ڕێگەی ئاخاوتن و پێدانی دەقەوە دەتوانێت وەڵامی گونجاو بۆ پرس و داخوازییەکانی کەسی گفتوگۆکەر بداتەوە.


چات جی پی تی، لە لایەن کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای (OpenAI) پەرەی پێدراوە، ئەمڕۆکە ئازاری ٢٠٢٣ لە وەشانی سێهەمدایە.

پرۆژەی چات جی پی تی لە ساڵی ٢٠١٥ دا دەستی پێ کردوە بە توێژینەوە لەسەر بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ دروستکردنی ناوەڕۆکی پڕ مانا و وەڵامدانەوەی داخوازی. پرۆژەکە لە بنەڕەتدا لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٥، سام ئاڵتمان، ئیلۆن ماسک، گرێگ برۆکمان، ڕید ھۆفمان، جێسیکا لیڤینستۆن، پیتەر تیڵ، خزمەتگوزاری وێبەکانی ئەمازۆن (AWS), ئینفۆسیس، و توێژینەوەی وای سی دامەزراندنی ئۆپن-ئەی-ئای'یان ڕاگەیاند. زۆرتر لە ١ ملیار  دۆلاری ئەمریکی وەک سەرمایەگوزاری تەرخان کرا بۆ جێبەجێکردنی (تەواوی ڕەوتی کارەکانی ئۆپن ئەی ئای لە ویکیپێدیای کوردی).

بۆ خێراترکردنی ڕەوتی وەڵامدانەوەی بەکارهێنەران، وەشانی (Turbo) پەرەی پێدراوە (بڕوانە https://help.openai.com/en/articles/6825453-chatgpt-release-notes)

سەرچاوەکانی بنکەدراوەی چات جی پی 


چات جی پی تی ئامێرێکی گەڕان نیە، واتە لە ئینتەرنێت ناگەڕێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسی بەکارهێنەر، بەڵکو وەڵامەکان دادەڕێژێت لەسەر ئەو داتایانەی کە ڕاهێنانی لەسەر کردووە. ئەو داتایانەش سات بە سات زۆر دەکرێن، وەکو لە وێنەی سەرەوەدا ئاماژەی پێ دراوە، سەرچاوەکانی جۆراوجۆرن.


ژمارەی بەکارهێنەرانی چات جی پی تی لە ماوەی دوو مانگدا لە ١٠٠ ملیۆن تێپەڕی کرد. بەراورد بە تەکنیک و داهێنانەکانی سەردەم زۆر خێرابوو. ئینستگرام ٣٠ مانگی ویست تاکو گەیشت بەو ژمارە زۆرەی بەشداربووان، تیک تۆک تەنیا ٩ مانگی خایاند، خۆ ئەگەر بەراوردێک لە ڕابردوو بکەینەوە، تەلەفیزیۆن ٧٥ ساڵی ویستووە بۆ سەد ملیۆن!.

دەتوانیت چات جی پی تی لە ڕیگەی وێبگەی (chat.openai.com) بەکار بهێنیت. ئەگەرچی بۆ مۆبایل لە لایەن کۆمپانیای ترەوە (بەرنامۆچکە App) زۆر دروست کراون، بەڵام هیچیان هی کۆمپانیا بنەڕەتییەکە نیە و تەنیا ڕاژەی ChatGPT بەکار دەهێنن. ئەو بەرنامۆچکانەش زۆرینەیان ڕیکلامیان لەسەر چێ کراوە یان دوای چەند بەکارهێنانێک داوای پارە و کڕینی بەرنامۆچکەکە دەکەن.


لە وەشانی ١٠ی شوباتی ٢٠٢٣ەوە، وەشانی (ChatGPT Plus) ڕاگەیەنرا، کە ئەمەیان مانگانەی بەکارهێنانی ٢٠ دۆلارە، جیاوازی لەگەڵ خۆڕاییەکە ئەوەیە کە خێراترە، وەستانی نییە وەکو openAI گفتی داوە و هەروەها بەکارهێنەرانی زووتر بە پابەندیی نوێ و تازەگەرییەکان دەگاتە دەستیان.(بڕوانە https://openai.com/blog/chatgpt-plus)

بەکارهێنەر دەتوانێت لە لیستی خوازیاراندا خۆی ناونووس بکات و کە ڕاژەکە لەو وڵاتە چالاک بووبێ ئەوا دەستی پێ دەگات.


بەگشتی ChatGPT خۆڕاییە، بە زۆر لە زمانەکانی دونیا بەردەستە و ڕۆژانە فراوانتر دەکرێت. لەڕێگەی پۆستی ئەلیکترۆنی و ژمارە تەلفۆنەوە دەتوانیت هەژمار دروست بکەیت و چالاک بی لە بەکارهێنان و پێگەیاندنەوە.


بێگومان تاکو داتا و زانیاریی زمانێک زۆرتر بێ، ئەوا وەڵامی پرس و داخوازییەکانی بەکارهێنەر وردتر و باشتر دەبێت.

بۆ زمانی کوردی هێشتا زۆر لە پرسیارەکان وەکو گفتوگۆیەکی درێژ دێتە بەرچاو، کە بۆی هەیە هەڵەی ڕێنووس و هەڵەی واتایی تێدا بێت.



ئەگەر چی ChatGPT داتا و زانیاریی لە وێبەوە وەردەگرێت وەکو سەرچاوەی زانیاریی، بەڵام هەوڵ ئەدات لە ڕێی ئەلگۆریسمی ژیریی دەستکردەوە کە باش و خراپ جیا بکاتەوە. بۆ وێنە پرسی دزی بانکی لێ بکە، وەرام ئەداتەوە کە بۆی نیە شتی نایاسایی بنووسێت. لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕۆژانە بنکەدراوەی زانیارییەکانی فراوانتر دەبێ، هەوڵ ئەدات کە لە هەواڵی چەوت و دروستکراو خۆی بەدوور بگرێت.


ChatGPT لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا نازناوی باشی نییە لە ڕووی پێدانی زانیاریی دروست، چونکە لە سەرەتادا زۆر لە هەواڵە چەوتەکانی دەکردە وەڵام و زانیاریی هەڵەی ئەنووسی. 



ChatGPT دەتوانێت لەگەڵتدا وەڵامەکان تاووتوێ بکات و نەخشەی کار و پرۆژەیەک دابڕێژن پێکەوە. بێگومان لەسەر وەڵامەکانی تۆ وەکو بەکارهێنەر دەتوانیت پێی بگۆڕیت و پوختەی بکەیت.


بەکورتی ChatGPT دەتوانێت:

  • = گفتوگۆت لەگەڵ بکا.
  • - وەڵامی پرسیارەکانت بداتەوە
  • - وەگێڕانت بۆ بکا
  • - بەرنامەت بۆ بنووسێت، بەرنامەش شی بکاتەوە و بۆت ڕاست بکاتەوە.
  • - ناوەڕۆکت بۆ داڕێژێت بەگوێرەی خواستی خۆت.
  • - هەروەها گەڕانت بۆ بکات و وەڵامێکت بداتێ.



ئەوە بزانە، زیرەکیی لە من و تۆ و خەڵکی ترەوە وەرگرتووە کە دەق و زانیارییمان لە وێبدا داناوە، هاوکێشە و شێوازی فێربوونی لەسەر ڕاهێنانە کە بەرانبەر ئەو داتا و زانیارییانە پێی دەکرێت. وەکو لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، ئەمە ئامێرێکی گەڕان نیە و شوێنی ئامێرەکانی گەڕان ناگرێتەوە. وەکو ئاماژەیەک بۆ سنوورداریی زانینی chatGPT لەسەر ماڵپەڕەکە ستوونی سنوورداری بوونی هەیە، کە پیشانی ئەدات زانیارییەکانی دوای ٢٠٢١ زۆر کەمن.

بۆ زۆرکەس ChatGPT وەرچەخانێک دەنێتەوە لەبواری فێرکردن و زانیندا. لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە کە ئێمەی مرۆڤ وەکو ئامێرێکی یاریدەدەر تەماشای بکەین و خۆمان پەیوەست نەکەین پێوەی.