Thursday, February 23, 2023

کردار واتە بەئەنجام گەیاندن

بیکە بە کردار

بۆ لێدوان لەسەر بابەتێکی دیاریکراو، زۆرجار لەگەڵ هاوڕێیانم، قسەکانمان دووپات دەبێتەوە و هەمان باس و بابەت لە بۆنە و باسێکی تردا هەمان تاووتوێی لەسەر دەکرێت. دەشێت بڵێین کات و هۆکارەکان گۆڕان بەڵام شیکارەکە هەمان شتە.

ئەو پێشەکییەم لەبەر ئەوە نووسی، تاکو بڵێم شیکارەکە بەکردار بکرێ، ئیدی قۆناغێکی نوێ لەسەر باسەکە دێتە کایەوە، کە ئەویش سەلماندنی بیر و بۆچوونەکانە، چونکە بەرجەستەکردنی بیرۆکەکان دەسیەلمێنن، ئاخۆ شیکارەکەی من یان هی ئەو یان هی هەردووکمان بەدەستکارییەوە شیاوە و سەرکەوتووە.

زۆرینەمان ڕۆژانە نەخشەی کار و هەڵسوڕانی ڕۆژ و هەفتەکە ڕێک دەخەین، بەڵام بەکردار چەندی دەچەسپێ؟

گوێم لە کوڕێکی ورگن بوو، دەیوت ساڵێک دەمەوێت دەست بکەم بە وەرزش و بچمە هۆڵی وەرزش خۆم تۆمار بکەم، بۆم ناکرێت!
لە ڕاستیدا خواستی هەیە، کات و پارەشی هەیە، بەڵام کردەوەکەی نیە کە لە هەنگاوێکەوە دەست پێ دەکات.

بیرمان نەچێت، زۆرجار شتێکی شاراوە لە ناخی مرۆڤدا هەیە کە هۆشی تووشی شەلەل دەکات و دەیوەستێنێت. بڕیار ئەدات لەسەر ئەو ئەزموونانەی کە هەیەتی، بڕیار ئەدات لە بینایی ئەو شیکارەی کە گونجاوە بۆی، بەڵام ئەزموونەکان بەشێوەی ترس و سڵ کردنەوە لە دڵیدا چەسپیوە. 
دەبینیت قسەی خەڵک، قسەی فڵان و کاردانەوەی چواردەوری زۆرجاران دەبنە بڕیاری پێچەوانە، "ئاخر کەی تۆ وەختی هۆڵی لەشجوانیی و وەرزشتە"، یان "ئەو پارەیە بدە ئامرازێکی یاری بۆ منداڵەکەت باشترە"...

خوالێخۆشبوو، ئیبراهیم فەقێ دەڵێت خەڵکی لەسەر شتەکان ڕادێن، ئیتر وایان لێیەت دەستەوسان دەبن لە ئاست هۆکارەکان و ناتوانن بڕیارەکان لەکاتی خۆیدا بدەن و جێبەجێی بکەن. هەر ئەو ڕاهاتنەیە کە ئەزموونی باشی مرۆڤەکان دەخاتە سەر سووڕێکی ناکۆتا و لەسەری دەمێننەوە. خۆ هەوڵدان بۆ گۆڕینیان دەبێتە چەلەحانێ و دڵشکان.

زانستی کۆمەڵناسیی، کە وەکو هەموو ئاماژە زانستییەکانی تر لە گۆڕین و گەشەکردندایە، دەڵێت ئەگەر ڕاهاتنێک دەرەنجامەکەی سەرکەوتن و بەدیهێنانی ئامانج بێ، هیچ گرفت نیە کە مرۆڤ لەسەری بەردەوام بێ. لێرەدا ڕاهاتنەکە زیانە، کەواتە دەبێت لێی دەرباز بین. ئیبراهیم فەقێ شیکاری سانای بۆ ئەم جۆرە حاڵەتانە داناوە. هەندێکی وەک ڕاپەڕین لەخود دێتە بەرچاو کە مرۆڤ لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکی تر دەگۆڕێت.

کەواتە با ئەزموون پاشەکەوتکردنی وزە بێ، ببێتە بڕیاری ئەرێنی و جووڵە، بەخۆداچوونەوەش زۆر گرنگە، بۆی هەیە پێش دە ساڵ ئاکامی تاقیکاریت لەسەر کارێک نەرێنی بووبێ، ئەمڕۆکە بە هەلومەرجێکی ترەوە، بە گونجاندنی لەگەڵ ڕووداوەکان لەوەیە ئاکامی تری هەبێت.

بڕیار بدە، جێبەجێی بکە. بیر لە ئاکامی نەکردن و کردنی بکەرەوە، خۆ دەکرێت خراپترین و باشترین ئەنجامی بکرێتە پێوانە و پێش کردار ئەودیوی ببینرێ، ئیتر ببێتە بەڵگە و بتجوڵێنێت.

ئەوەش بزانە، تاکو کردارت نەبێ لە ئاواتەکانت نزیک ناکەویتەوە. بێ کردار ئامانجت ناپێکی.