Monday, January 02, 2023

یاری سەردەم و کەوتنی دوو بلیمەتی شەترەنج

 

ساڵانێکی زۆر هاوڕێ و یاوەرانم پێیان دەوتم شەترەنج ناوبنێین یاری سەردەم، چونکە هەموو تایبەتمەندییەکی تیا هەبوو، ئەمە قسەی بۆریس سپاسکی بوو، کاتێک بیری لە ڕابردوو دەکردەوە.


ساڵی ١٩٧٢ یاری پاراستنی نازناوی پاڵەوانی جیهان لە نێوان بۆبی فیشەری ئەمەریکی و بۆریس سپاسکیی ڕووسدا ئەنجام درا. ئەو دەمە نێوانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە ڕووی سیاسییەوە خۆش نەبوو، بە جەنگی سارددا تێدەپەڕین، کە ددانیان لەیەک تیژ دەکرد و ژێراوژێر شیر و قیریان لەیەکتر دەسوو.

گودماندور Gudmandur Thorinsson کە سەرۆکی یەکێتیی شەترەنجی وڵاتی ئایسلاند بوو، لێپرسراو و ڕێکخەری پاڵەوانییەتەکە بوو. گودماندور ئەگێڕێتەوە کە ڕێکخستنی پاڵەوانییەتیەکە بەهۆی ڕەگەزنامەی فیشەر و سپاسکییەوە ئاڵۆزبوو، ئەمەریکا و ڕووسیا جیهانیان کردبوو بە دوو جەمسەری سۆشیالیستی و سەرمایەداریی کە شێوازی مامەڵە و چاوەڕوانی ئەوان بۆ ئەنجامەکە کاریگەر بوو لەسەر پاڵەوانێتیی و یاریزانەکان.

بۆبی فیشەر ٢٩ ساڵ بوو، خاڵی توانستی بە ٢٧٨٥ دانرابوو، FIDE سپاسکی تەمەن ٣٥ ساڵ بە ٢٦٦٠ خاڵ دانابوو. 


شەترەنج لە مێژبوو لە ڕووسیادا ببووە یاری پلە یەک و یاری نیشتمانیی ڕووسیا. گەورە و بچووک یاری دەکرد، لەبەرئەوە پەستانێکی تر لەسەر سپاسکی هەبوو کە وەکو پاڵەوانی ئەو سەردەمە پارێزگاریی لە ناو و نازناوەکەی بکا بۆ ڕووسیا.


فیشەر ئەو پەستانەی نەبوو، خۆی یاریزانێکی بلیمەت و لێهاتوو بوو، عەقڵی نەیدەبڕی بچێتە ئەو پاڵەوانێتییەوە، لەبەرئەوە داوای پارەی زۆرتر کرد لە پاڵەوانێتییەکە و هەروەها مەرجی بەشداربوونی ئەوەبوو کە پاسەوانی بۆ دابین بکرێت و شوێنێکی گەورە و باشی هەبێت بۆ مانەوە.


گودماندور دەڵێت خەڵاتی بەشداربووان ١٢٥هەزار دۆلار بوو، لەوە زۆرتر نەدەکرا. لەو کاتەدا کە فیشەر هێشتا لەسەر داواکارییەکانی هەڵبەسەی دەکرد، سپاسکی ١٤ ڕۆژ پێش دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە گەیشتە پایتەختی ئاسلاند و لەوێ پێشوازی گەرمی لێ کرا.


سپاسکی ئامانجێکی هەڵگرتبوو، ئەویش پاراستنی نازناوەکە و هێشتنەوەی تاجی پاڵەوانێتییەکە بوو لە ڕووسیادا، چونکە لە ١٩٤٨ەوە یەکەمی جیهان هەر لەوێ بوو. دڵنیاش بوو لە تواناکانی خۆی، داوای لە گودماندور کرد کە لەڕێی سیاسییەکانەوە هەواڵێک بدا فیشەر قایل بکرێ.


گودماندور دەگێڕێتەوە کە بە وەزیری دەرەوەی ئایسلاندی وتوە، ئەویش بە هینری کیسینجەری وتووە کە ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمەریکا نیکسۆن بوو. کیسینجەر فوویەک بە بۆبی فیسەردا دەکات و وەکو پاڵەوانی جیهان ناوی دەبا، لە دانیشتنیاندا لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا و بۆبی فیسەر، داوا لە فیشەر دەکا کە سەریان بڵند بکا و تاجەکە بهێنێت بۆ ئەمەریکا.


بۆبی فیشەر قایل دەبێ و بڕیاری بەشداربوون ئەدات. لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا، کاتێک پرسی لێ دەکەن، بۆ ئێستا قایل بوویت؟ دەڵێت: چونکە ناوی وڵاتەکەم بەهۆیەوە لکەدا دەبێ لەبەرئەوە بەشداری دەکەم.


لەو کاتەشدا، بانکێکی بەریتانی بڕیاریدا سپۆنسۆری پاڵەوانێتییەکە بکات و پارەکەی هەیاندە ٢٧٥هەزار دۆلار.


فیشەر گەیشتە ئاسلاند و پاڵەوانێتییەکە بە چاودێرییەوە لە هەموو جیهانەوە تەماشا دەکرا. لە یەکەم یاریدا فیشەر ناڕەزایی دەربڕی لە بوونی کامێرا و تەماشاکاری زۆر. یەکەم یاری دۆڕاند، دووەم یاری هەر نەچوو، چونکە گلەیی لە بوونی کامێرای زۆر لە هۆڵەکەدا هەبوو. سپاسکی پێشکەوت بە دووخاڵ بەرانبەر سفر. لە ٢٤ یاری.


سپاسکی قایل بوو کە لە شوێنی داخراو و بێ کامیرا یاری بکا. سێیەم یاری بۆبی فیشەر بردییەوە.


بۆریس سپاسکی پاش ٣٠ ساڵ باسی ئەو یارییە دەکات و دەڵێت، کە سێیەم یاریمان کرد، ئیتر هەستم کرد کە نابمەوە پاڵەوان. دۆڕاندنەکە منی تێک شکاند.

لەگەڵ ئەوەی خاڵێکیش لە پێش بوو، سپاسکی باری دەروونی شڵەژا. هێشتا ٢١ یاری مابوو لە پاڵەوانێتییەکەشدا.


سپاسکی لە ٢١ هەمیندا دەستی کێشایەوە و پیرۆزبایی لە بۆبی فیشەر کرد (١٢،٥ خاڵ فیشەر - ٨،٥ خاڵ سپاسکی).



سپاسکی کە گەڕایەوە ڕووسیا لەبری دڵدانەوە و پشتیوانی، وەکو کەسێکی خیانەتکار مامەڵەی لەگەڵدا کرا. بەشێوەیەک کە ئیتر چوونەدەرەوەی بۆ پاڵەوانێتییەکان سنووردار کرا و پارەی مانگانەی زۆر کەم کرایەوە و بەساردی و چاوێکی ناشرین ڕەفتاری لەگەڵ دەکرا.

دواجار سپاسکی لە ١٩٧٦ دا بەرگەی نەگرت و چووە فەڕەنسا، لەوێ ژیا. بەڵام بەداخەوە کە ژیانی شەترەنجی کۆتایی پێ هات. 

سپاسکی کە کەسایەتییەکی بەڕێز و لێهاتوو و سەرکەوتوو بوو، بەهۆی شەڕ و سیاسەت کرایە قوربانی.

پێچەوانەی ئەم، بۆبی فیشەر لە گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا وەکو پاڵەوانی نیشتمانی و ئەستێرەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. خەڵاتی پێ دەدرێت و لەگەڵ پلەدارەکانی دەوڵەتدا دادەنیشێت.

بەڵام فیشەر ئەوانەی زۆر دڵ نەبوو، مەیلی زۆرتر لای جووڵەی داشەکان و نەخشە و تاکتیکی شەترەنج بوو. لەبەرئەوە دوای چەند مانگێکی کەم، لەبەرچاو نەما. بگرە دواتر پاراستنی نازناوەکەشی وەلا نا.
 لە ساڵی ١٩٧٥ بەدواوە، گاری کاسپارۆڤ بووە یەکەمی جیهان و نازناوەکەی برد، فیشەر لە پاڵەوانێتییەکاندا بەشداری نەکرد.

ساڵی ١٩٩٢، لە یۆگسلافیای جاران، یاری تۆڵەی پاڵەوانێتی لە نێوانی فیشەر و سپاسکی ئەنجام ئەدرێت. لەوکاتەدا بەهۆی گەمارۆی ئابوورییەوە، فیشەر سزا دەدرێت و فەرمانی گرتنی بۆ دەردەچێت لە ئەمەریکا. بەو هۆیەوە ١٠ ساڵ دەربەدەری دەچێژێ، دواجار لە ٢٠٠٢ دا لە یابان دەگیرێت و ڕەوانەی ئایسلاند دەکرێت. ئیتر لەوێ دەژی و واز لە ڕەگەزنامەی خۆی دەهێنێت. بەداخەوە بە نەخۆشی گورچیلە، لەساڵی ٢٠٠٨ دا کۆچی دوایی دەکات و هەر لە ئایسلاند دەنێژرێت.


بۆریس سپاسکی دەگەڕێتەوە ڕووسیا و ئێستاش لە ژیاندا ماوە و لەوێ ژیان بەسەر دەبات.


بەداخەوە، دوو بلیمەتی یاری شەترەنج، دوو پاڵەوان دەبنە قوربانی سیاسەتی شەڕی سارد و هەڵپەی تاکتیکی سیاسیی دۆڕاو.