Wednesday, February 09, 2011

سلێمانی

بیری سلێمانی ناکەی؟


هۆنراوەی ئیسماعیل محەمەد ٢٢/٧/٢٠١٠

نایەیتەوە...
سەرێ لە شار نادەیتەوە
بیری سلێمانی ناکەی؟
حەز بە پیاسە و گەڕانێکی...
دەمەو ئێوارانی ناکەی؟

ئەگەر ئەمجارە بێیتەوە
ئەمشارە نانــــاسیتەوە
سیمای بەجۆری گــۆڕاوە
یادگاری هەر تیا نەماوە

وەرەوە بۆ سلێمانی
بۆ شاری ئەوین و جوانی
حەیف چۆڵ بوو لە یارانی
نەما خۆشییەکەی جارانی

گەرچی جاران شارەکەی شێخ...
کوچە و بازاڕی کەمتر بوو
بەڵام لای من سلێمانی...
هەرجاری جاران خۆشتر بوو

ئەمێستاکە هەر تەلارە و ...
بەناخی ئاسمانا ئەچێ
وەفا و سۆز و خۆشەویستی...
بەرەو کاڵبوونەوە ئەچێ
ئەمشارە وا جەنجاڵ بووە...
خۆمم لێ ون بووە تیایا

زۆرجار ئەمەوێ جێی بێڵم
بەڵام چیبکەم دڵـــــمـنایە
ئەزانم بێ سلێمانی...
لە شوێنی تر هەڵ ناکەم
باخچەیەکم لێرە نەبێ...
لە خاکێکی تر گوڵ ناکەم

سەرچنار چۆن لەبیر ئەکرێ؟!
کوێ جێی ئەزمەڕ ئەگرێتەوە؟!
هەتا ئەمجارە دێیتەوە...
هیچ وەک خۆی نامێنێەتەوە

No comments :