Saturday, April 12, 2014

پەندێک لە منەوە

زۆرن ئەوانەی ئەمڕۆ لە پارچەکانی تری کوردستانەوە و لە وڵاتانی ترەوە ڕوو لە باشوور دەکەن، بۆ ژیان و گوزەران. زۆریشن لەوانەی کە دەستخەڕۆی ئەو کەسانە بوون بۆ کاسپی دێن و لە پڕا ون دەبن یا قوڵبر دەردەچن. ئەم پەندە لەوەوە دروست بووە و لەسەر نالەبارەکانیانە. هەروەها وانەیەکی باشە کە هەموو کەسێک بە یەک چاو تەماشا نەکرێت و خراپەکار لە باشەکاندا جیا بکرێتەوە، ڕەش و سپی پێکەوە نەسووتێنن.

کە سنووری تێپەڕ کرد:
خەڵکی ئێرە نیم، غەریب و بێکەس
هەر کارێک هەبێ خزمەت دەکەم و بەس

ڕۆڵەیەکی کورد، ئازادیم دەوێ
باشوورمان هەبێ، دڵمان ناسرەوێ

خەریکی عیلم و داهێنان دەبم
ئێرە وڵاتمە و پێشمەرگەی دەبم

خراپەکاری، درۆ و گەندەڵی
خوا پەنامان با لە دەردەسەری

تا مۆری نیشتەجێبوونی وەرگرت:

گرێبەستێک بێ یا وەرەقەی کار
بمدەنێ توخوا ئەبمە فیداکار

شوقە و خانووشم ناوێ ڕۆحەکەم
مەترێ شوێنم بێ، شەو بەڕێ دەکەم


پاش ئەوەی مۆری مانەوەی وەرگرت:

ئەو ئیشە ناکەم، خۆم دانا و زانام
کۆمپانیا هەیە ئەنێرێ بەدوام

لە وڵاتی خۆما کۆمپانیام هەبوو
سەد کەس بە دەورما ئەهات و ئەچوو

پارەکەی ئێرە هیچ خێری نیە
یان بۆ کەبابە یا سایەق تەکسیە

کە بەسەر تاوان و هەڵەوە دەگیرێت:

خەتای ئێوە بوو، گەندەڵتان کردم
فێری خراپە و درۆتان کردم

من بابایەکی زانا و هەژاربووم
بەدوای ژیانی ئارامی خۆش بووم

ئێوە دزیتان هەر لە یەک دەکرد
منیش بەشی خۆم تیادا حساب کرد

خۆتان ناکۆکن گوناهم چیە
بەرۆکم بەردەن تاوانم نیە

لێیدا ڕۆیشتەوە بە کۆڵێک دۆلار
خاوەنماڵ کۆت بوو، ڕەنجی بە خەسار


کۆتایی:

پێشینان دەڵێ شەرعی مار بە دار
سەرێک هەڵبرە دیارە سەگی هار

چاکەیەکت کرد لەگەڵ ناپیاوا
خۆتی لێ دوورخە ئەتدا بە ئاوا

ڕەنجێک کە داوتە، تازە لەدەست ڕۆی
خەمێک بۆ ئەمڕۆ و سبەینێت بخۆی

متمانە و بەڵگە مەدە بە گشتیان
درۆزان هەیە بێشەرم، بێ ویژدان

کاتێک کە زانیت کێشە و پارەیە
دەرگاکەی داخە و با هەوای نەیە

جامەکەی دەستت ژەهری تیا هەبوو
بردتە سەر لێوت پەشیمانی چوو

نەتزانی جارێک، تۆببەیەک بکە
مەیکە بە دووجار، سەرت بەرزکە

بێگانە و زانای دوورە وڵاتان
بۆ پارە نەبێ چی دەکەن لاتان؟

شەیتانیش عەقڵ و زیرەکی هەیە
نەفرەت لێکراوە و شەڕە و لاڕێیە

دەرسێک وەرگرە لە پێشینانت
تەوەلا مەبە بە بە برینەکانت

لەشێک زیندوو بێ نوێ دەبێتەوە
هۆش و بیرت بێ قەت نایەتەوە