Saturday, April 05, 2014

لەگەڵ بەسەرهات و بۆچوونەکانی (عەلی وەردی) دا -٢-



عەلی وەردی پێی وایە مرۆڤ دەستکردی دەورووبەرە، بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی کاریگەری تەواوی دەوروبەری پێوە دیارە، لەسەر ئەوەش بازنەیەک وەکو چێوەی بیرکردنەوە بۆ مێشکی مرۆڤەکان نیگار دەکات.

مرۆڤ وەکو تێبینی دەکەین، ئەمڕۆ و پێشتریش لەسەردەمەکانی پێشوودا خۆی خۆش ویستوە، لە کیفێکی خۆ کردەدا ژیاوە، ڕاستی هەر لەو کیفەوە بینیوە و بینایی هەر لەو کیفەوە دروست بووە. ئەو لە نێوان ئەو کەسانەی لەگەڵیاندا دەژی و ژیان بەسەر دەبا، تەنیا خۆی بە باش و بە ڕاست دادەنێت. ئەگەر کەسێک پلەیەکی بەرزتری لەم وەرگرت، ئازاری دەروونی دەچێژێت و زۆرداریی و بێ سۆزییان بۆ هەڵدەبەستێت[١].

خۆویستی مرۆڤ زۆرجار پاڵنەرە بەوەی کە بیر بکاتەوە خۆی جڵەوی کارەکان بگرێتە دەست، چونکە (لە دیدی ئەمەوە) ئەم ئەتوانێ چاکسازی لە کۆمەڵگادا جێبەجێ بکات، هەر ئەمیش باشترین ڕا و بۆچوونی هەیە کە بتوانرێت سەرکەوتن مسۆگەر بکا.
زۆر نەڕۆین، دەبینین میوەفرۆشێکە تەنیا کێشانی خورما و کاڵەک دەزانێت، کەچی خۆی زۆر بە شیاو دادەنێت بۆ پلەیەکی حکوومی بەرز، (لە ڕوانگەی ئەوەوە) لە توانایدایە کاروباری خەڵکی بە یەکجاری چارەسەر بکا.
جارێک لە ئوتۆمبێلێکدا بە تەنیشت لێخوڕەکە دانیشتبووم، تازە دەستمان بە گفتوگۆ کردبوو، تینی دایە خۆی وتی: "ئەزانم چۆن چارەسەری عێراق دەکەم"، ئەو لە مێشکیا داینابوو تەنیا چەند پەتێکی لە سێدارەدان هەڵدەواسێت لەسەر پرد و ڕێگاکان، کە هەموو تاوانبار و پیاوخراپان و بەرتیل خۆرەکانی پیا شۆڕ بکاتەوە... بەو شێوەیە خەڵک لە دەست خراپەکاریی ڕزگاری دەبێت و خۆشی و ئاسوودەیی بەربڵاو دەبێت، هەر وەکو خوا و پێغەمبەرەکەی پێیان خۆشە.
لەو کاتەیا نەفەرێک دەنگی بەرز کردەوە: "ئەوە تۆ چی دەڵێی کابرا!؟ پەتی هەڵواسین بەس نیە، ئەگەر دەسەڵاتم ئەبوو خۆم دەمزانی چۆن چاکم دەکرد..."
بەداخەوە ئوتۆمبیلەکە گەیشتە شوێنی مەبەست، نەمزانی ئەو نەفەرە بلیمەتە چۆن خەڵکی چاک دەکرد بە تەواوەتی. خۆ ئەگەر  ئوتۆمبیلەکە خاو بڕۆیشتایە، پێدەچوو هەموو نەفەرەکان بەشداری ئەو گفتوگۆ توندە بکەن، کێ ئەزانی، منیش بەشداریم ئەکرد و بۆڕیشم ئەدانەوە بە زۆری ژمارەی پەتی سێدارە.

وەکو دەردەکەوێت، فەیلەسوفەکانیش لەم لایەنەوە هیچ جیاوازیان نەبووە لەگەڵ خەڵکی ئاسایدا، ئەوان قسەیان کردوە و خەڵک بێدەنگ بوون، وەڵامیان نەداونەتەوە لە ترسی ئەوەی کە بە بێمێشک و نەزان ناویان نەبەن. هەربۆیە دەبینین کە فەیلەسوفە کۆنەکان دنیایان پڕ کردووەتەوە بە کتێب و شتی پڕوپووچ، خەڵکیش بڕوای پێ کردوون، ئەگەر ئەو فەیلەسوفانە کۆبکەیتەوە بڵێیت ئادەی لەسەر ڕایەکی دروست کۆک بن کە ئەو خەڵکەی پێ چاک بکەین، دەبینین ئەوانیش گێرەوکێشە و دەنگەدەنگ دەکەوێتە نێوانیان، وەکو نەفەرەکانی ناو ئوتۆمبیلەکە، هەرکەسە و ڕای خۆی بە ڕاست و بە باشتر دەزانێ لەوەی تر.
کارەساتی ئەمانە ئەوەیە هەر یەکەیان و چەند کەسێکی بەدەورەوەیە کە گوێی لێ دەگرێت و پیا هەڵدەدات، ئەویش نازانێت بە غیابی ئەو چی پێ دەڵێن و ڕایان چیە لەسەری. بیرمان نەچێت ئەمە لە هەموو میللەتەکاندا هەیە، تا مرۆڤیش هەبێ دەمێنێت، وە سروشتێکی زۆر باشە، چونکە هۆکاری خزمەتکردنی کۆمەڵگایە.

ئینکاری ناکرێت، کە تێڕوانین لە ژێر کیفی دەروونیدا زۆرجاران دەبێتە هۆی گۆبەندی خراپ و موئامەرە کردن لە یەکتر، بەڵام نابێت ئەوەمان لە یاد بچێت کە هەر شتە و نرخی خۆی هەیە، لە دونیادا خێر بێ شەڕ نابێت، هەروەکو ئیبن خـەلـدون ئاماژەی پێداوە[٢].

هەموو مرۆڤێک خۆی خۆش دەوێ و خۆپەرستی تیایە، هـەوڵی گەیشتن بە پلە و پایەی بەرز ئەدات، ئەمـەش دەبینین دووبەرەکی بە زیان دروست دەکات، هاوکات ڕکابەری کردنی بەسوودیش دێنێتە کایەوە، ناتوانرێت ئەم دوو شتەش لە یەکتر جیا بکرێنەوە.

شایەنی باسە، لە کۆمەڵگای دواکەوتوودا، ئەندامانی کۆمەڵ زۆرتر ئالوودەی دووبەرەکی و دیوە زیان بەخشەکەی دەبن، وەک لەوەی ڕکابەری کردن و دیوە خێرمەندەکەی دروست بێت. ئەمەش ئەو حاڵەتەیە کە لە کۆمەڵگای خۆماندا بەدی دەکرێت، دەبینیت خەڵک هێندەی بۆ پلە و پایە هەوڵ ئەدەن و ملی یەکتر دەشکێنن، هێندە ڕکابەری ناکرێت بۆ بەرهەمێکی سوودبەخش. هۆکارەکەیشی ئەو بنە کۆمەڵایەتیانەیە کە لەم دەڤەرەدا بڵاون[٣].




_____________________

* چەند وتارێکن وەرمگێڕاون لە نووسراوەکانی یەکەم زانای کۆمەڵناسی عێراقی، دکتۆر عەلی وەردی. سەرچاوەی ئەم وتارە کتێبی مهزلة العقل البشري.

[١] بڕوانە (مهزلة العقل البشري) - علي الوردي - لاپەڕە ١٠٠
[٢] بڕوانە (مقدمة ابن خلدون) - لاپەڕە ٣٩٠
[٣] بڕوانە (مهزلة العقل البشري) - علي الوردي - لاپەڕە ١٠٢-١٠٧

No comments :