Tuesday, April 01, 2014

درۆ

بۆ هەر درۆیەک لووتی کەمێک درێژ دەبێت


باوک: کوڕم زۆر عەیبە بۆ تۆ درۆ دەکەیت، من لە تەمەنی تۆدا نەمدەزانی درۆ چیە.
کوڕ: بابە ئەی لە چەند ساڵیدا فێری درۆ بوویت؟

خوای پەروەردگار تەرازووی خۆپەرێزی (تقوی) داناوە، کە باشترین کەس لای ئەو ئەوانەن کە زۆرتر لە خوا ترسە و فەرمانبەرداری خوایە [١].
درۆزن لە ئیسلاما شوێنی نیە، بە زۆردار و ستەمکار ناوی براوە. دیارە دادگای خوا هەڵگیراوە بۆ ڕۆژی دوایی[٢]، هەر بۆیە دەبینین ئەوانەی خوایان لە بیر نیەهەر ڕۆژەی بۆ مەرامێ قسە و کردەوەیان دەگۆڕن و درۆ دەکەن. خواش دەیانکاتە دەرەوەی بڕواداری[٣]، چونکە بەدوورن لە ڕاستگۆیی کە سیفەتی بڕوادارانە.
پێت سەیر نەبێ خەڵک دەبینیت وێنەی داناوە لە گۆشەکەیدا لە مەککەیە و سەردانی کەعبە دەکا، کەچی لەملاوە درۆ لەسەر درۆ بۆ پارە و پلەی بەرز هەڵدەچنێ. هەتا ئەو کاتەی بەرژەوەندی بیخوازێ درۆ دەکات، خۆی دەکات بە شەریکە بەشت و خەم خۆرت، هەر کە بەسەرچوو وەکو لاستیک بۆی دەکشێتەوە، لێی بپرسیت ها کابرا، ئەڵێ کەی تۆم دیوە کەی ئەتناسم، بڕیاری چی و پەیمانی چی...

پێغەمبەر (درودی خوای لێبێت) دەفەرمووێ: (نەکەن درۆبکەن، چونکە درۆ کردن ڕێنموونیتان دەکات بەرەو هەموو تاوانەکان و تاوانەکانیش ڕێنموونیتان دەکەن بەرەو ئاگری دۆزەخ، وەبەردەوام کەسێک درۆ دەکات و بەشوێن درۆوەیە هەتاوەکو لەلای خوداش بە درۆزن دەنووسرێت)[٤]. خوای گەورە لە قورئاندا زیاتر لە  ٢٠٠جار دەربارەی درۆزن قسەی کردوە[٥]،  سزای بۆ درۆزن داناوە و کوشتن و نەفرەتیان لێ دەکا[٦].

درۆکردن نەخۆشیەکی خراپە، ئەو کەسەی لەسەری بەردەوام دەبێ، وەکو خوالێخۆشبوو عەلی وەردی باسی دەکا، چێوەیەکی بیرکردنەوەی تەسکی بۆ خۆی داناوە[٧]، کە ئیتر هەر خۆی بەڕاست دەزانێت، خۆی ناگۆڕێتەوە بە کەس، بەڵکو تۆ بە گومڕا و درۆزن ناو دەبا، چونکە هیچی تر نابینێ و مێشکی هەر لەناو چوارچێوەی خۆیدا دەخولێتەوە. تا بەیانی بڵێ ماست سپیە، لای ئەو ڕەشە و بڕایەوە. پێویستە بە ئاگاوە مامەڵە لەگەڵ ئەمانەدا بکرێن چونکە کاتێک دێت نەک زیان بەتۆ بەڵکو بەخۆشیان دەگەیەنن. خوا پەنامان با.


ئەمڕۆ ١ی نیسان ڕۆژێکە بۆ درۆکردن و گاڵتەکردنی درۆ دانراوە لەگەڵ خەڵکدا. پەتی درۆی ئەمڕۆ زۆر کورتە!

------------------------
[١] - قورئان سورەتی ﴿الحجرات: ١٣
[٢] - قورئان سورەتی  ﴿الأنعام: ١١
[٣] - قورئان سورەتی  ﴿النحل: ١٠٥﴾
[٤] - بڕوانە    یادی پێغەمبەر   
[٥] بابەتی  درۆ و جۆرەکانی 
[٦] - قورئان سورەتی ﴿الذاريات: ١٠
[٧] - علی الوردي - خوارق اللاشعور - الاطار الفکري.
 






No comments :