Monday, March 10, 2014

لەگەڵ بەسەرهات و بۆچوونەکانی (عەلی وەردی) دا*

ئەگەر خەڵکی لەسەر باشە و پەسەندی نێوان پیاوەکانی کە لە ژیاندا ماون، دوان و خۆیان خەریک کرد، مانای وایە ئەو کۆمەڵگایە ژیانی تیایە. بەڵام ئەگەر خۆ خەریک کردن بە پیاوە مردوەکانەوە بوو و لەسەریان گێرەوکێشە نرایەوە و دووبەرەکی دروست کرد، ئەوا ئەو کۆمەڵگایە نەخۆشن و خۆشیان مردار دەبنەوە. پیاوەکان دەمرن، بەڵام بیر و کردەوەیان بە نەمری دەمێنێتەوە، هەر بۆیە ئەبوبەکر سدیق - ڕەزای خوای لەسەر بێ - ڕاستی فەرموو کە وتی: "ئەوانەی محەمەد ئەپەرستن ئەوا محەمەد مرد، ئەوانەی خواش دەپەرستن، ئەوا بزانن خوا ئەژی و نەمرە".


لە سەردانی کارگەکانی (فۆرد Ford) بووم لە ئەمەریکا لە شاری دیترۆیت، لەوێشەوە چوومە سەردانی گەڕەکە عەرەب نشینەکانی ئەو شارە کە لەو کارگانەوە نزیک بوو، سەرم سوڕما لەوەی کە بینیم لەو گێرەوکێشەیەی نێوان موسوڵمانەکانی ئەوێ لەسەر هەردوو ئیمامی عەلی و ئیمامی عومەر. لە گفتوگۆکەیاندا هەڵچوون و دەنگ بەرزکردنەوە و بەیەکدا شاخان بەدی دەکرا. پاشان لەگەڵ ئەمەریکیەکانی کە لەگەڵمدابوون لەسەر ئەو باسە دواین کە لەنێوان ئەو خەڵکانەدا هەیە، یەکێک لە ئەمەریکیەکان پرسی کرد "ئەوانە (عەلی و عومەر) لەسەر سەرۆکایەتی ڕکابەری یەکتر دەکەن، وەکو (ترومەن Truman) و (دوەیت Dwight) لای خۆمان؟"
وتم: "عەلی و عومەر پێش ١٣٠٠ ساڵ لە حیجاز ژیاون، ئێستا قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کامیان دەبوو ببێتە جێنشینی پێغەمبەر".
ئەمەریکیەکە زۆر پێکەنی، تا خۆی پێ نەگیرا لەسەر پێ.. منیش پێکەنیم لەگەڵیا، بەڵام لە دڵەوە بە مانای گریان بوو..
کاتێ بەسەرهاتەکەم بۆ کابرایەکی ئایینی گێڕایەوە، هەڵوێستێکی چاوەڕواننەکراوی هەبوو و لۆمەی کردم. وتی: "ئینجا بۆ حەیامان دەبەیت لای ئەو بیانیانە؟" ، زۆر سەیرن، ئەمانە خۆیان کەتنەکە دەکەن گوێی پێ نادەن، کەچی بیانییەک بە حاڵیان دەزانێ ئازاریان دەدات. لەوەش سەرسوڕهێنەرتر ئەوەیە کابرایەک لەسەر ئەم بەسەرهاتە پێم دەڵێت: "ئێ بیانیەکان خۆیان هەزار کێشەی وایان هەیە و لە ئێمە زیاتر سەرگەردانن"، بێگومان عوزر لە قەباعەت خراپتر.
زۆرم لە پیاوە ئایینیەکانەوە بینیوە، پاساوی کردەوەکانی خۆیان و کارە بێ ماناکانیان بە بیروهزری بیانیەکان سەنگاندووە. دوای ئەوەش دێن و دەڵێن ئێمە لەسەر حەقین و گومڕای تیا نیە.
لەم سەردەمەدا خەڵک چاوی کراوەتەوە، بیریان بە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا دەگەڕێت، ئاسان نیە قەومێک ناشرینیەکانی خۆی بپۆشێ و خۆی بنوێنێ کە بێ خەوشن و تەواون.
لای خەڵک ڕاستی ون نابێ و دەردەکەوێت، ئەوانەی ئەمڕۆ عەیبەکانیان دەپۆشن، بەیانی خەڵکی پەردەیان لەسەر لادەبات و ئابڕویان دەبەن، باشترە ئەمڕۆ دان بە عەیبەکاندا بنێین و هەوڵی چاکسازیان بدەین پێش ئەوەی پەردەپۆش بکرێن و خەڵکی تر بێت و ئابڕووی ببا.

_______________________
* چەند وتارێکن وەرمگێڕاون لە نووسراوەکانی یەکەم زانای کۆمەڵناسی عێراقی، دکتۆر عەلی وەردی.
- سەرچاوەی ئەم وتارە کتێبی مهزلة العقل البشري - لاپەڕە ٢٤٣-٢٤٥ - چاپی یەکەم ١٩٥٦، چاپی دووەم ١٩٩٤

No comments :