عەلی ئەلوەردی یەکەم زانای کۆمەڵایەتیی عێراق بوو (١٩١٣– ١٣ تەمموز ١٩٩٥)، زۆر لەسەر هەڵسوکەوتی مرۆڤی شارستانی و ناشارستانی دوواوە. بەتایبەتی ئەوانەی خەڵکی کۆماری عێراق بوون لە کۆچەری و شاری.
تەمەنی هەرزەکاری و منداڵی پڕن لە ڕووداوی دژوار و سەمەرە. ئەو واز لە خوێندن دەهێنێت و دەبێتە شاگرد لە دوکانێکی عەتاری، بەڵام دوای چەند ساڵێک دەگەڕێتەوە خوێندن و پلەی سێیەم بەدەست دەهێنێت لەسەر ئاستی عێراق، کە ئیدی خوێندنی بەکالۆریۆس لە لوبنان و ماستەر و دکتۆر لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا تەواو دەکات و دەبێتە وانەبێژ لە زانکۆی بەغداد لە ١٩٥٠ تاکو ١٩٧٠.
لە نێوان ئەو شتانەی کە عەلی وەردی لە لێکۆڵینەوەکانیدا بەئەنجامی گەیشتووە ئەوەیە کە، کەسایەتیی تاکی عێراقی بەدەست دوو جەمسەرییەوە دەناڵێنێت. ئەو وەسوەسەی بڕیاردانی هەیە، لەکاتێکدا لە ژیانی ڕاستەقینەیدا لێیان لادەدات و خۆی بەجۆری تر دەردەخات. عەلی ئەلوەردی دەڵێ کۆمەڵگای عێراق لە پەراوێزی هەردوو کۆچەری و شارستانیەتدایە. بە وتەی خۆی، کۆمەڵگەی عێراقی "سەمایەکی خێڵەکی دەکات و گۆرانی مەدەنی دەڵێتەوە و کۆتاییەکەی شتێکی نەشازی لێ پێکهاتووە".
بەگشتی ئەو پێی وابوو کە دەکرێت لە ڕێگەی سێ جۆر کردارەوە چارەسەری عەیبەکانی کۆمەڵگەی عێراقی بکرێت: لابردنی پەردە لەسەر ژنان و بەرزکردنەوەی ئاستیان و ناساندنیان بە جیهانی پیاوان بۆ ئەوەی بەهاکان یەکبگرنەوە، هەروەها کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان زمانی ئاخاوتنی گشتی و زمانی پاراوی خوێندن، لەگەڵ دروستکردنی باخچەی ساوایان کە تێیدا منداڵ پەروەردە و ئامادە بکەن بۆ ژیانێکی باش ئەمەش لەژێر چاودێریی ڕاهێنەری لێهاتوودا.
زۆر ئاساییە کە خەڵکی جۆراوجۆر بن و بۆچوون و ئارەزووی جیاوازیان هەبێ، بەڵام نائاساییە کە بێن لەسەر بیروبۆچوونی جیاواز و ئارەزووەکانیان لەیەکتر گیر بن و کێشە بنێنەوە.
عەلی وەردی یەکەم زانای کۆمەڵایەتی بوو کە لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی و هزر و هەڵسوکەتەکانی بەدرێژی دواوە (لمحات اجتماعية من تاريخ العراق الحديث - لە هەشت بەرگدا بڵاوی کردووەتەوە). ئەو پێی وابوو عێراق وا هەڵکەوتووە کە خەڵکەکەی کۆچەری و شاری لەیەکتر بئاڵێنێت. لە شییکردنەوەکانیدا زۆر لە بنەماکانی ئیبن خەلدون و هەروەها میکافیللی دەبنە دەرەنجام و سەرچاوەی توێژینەوەکانی.
عەلی وەردی ئەڵێت: دوای نوێژی جومعە لەبەردەم مزگەوتدا کتێبیان دەفرۆشت، دانەیەک سەرنجی ڕاکێشام و کڕیم، بەناوی سی لە نیشانەکانی کەسی مونافیق.بەرەو ماڵەوە ڕۆیشتم و کتێبەکەم دەخوێندەوە، بینیم لەو سی نیشانەیە ٢٩ نیشانەی لەمندا هەبوون و ٣٠ی لە مەلای وتار خوێنەکەدا.
لە ساڵی ١٩٨٩ دا ڕژێمی سەددام نازناوی مامۆستای وانەبێژی زانکۆی لێسەندەوە و سزای فرۆشتن و بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی سەپاند بەسەریدا، چونکە کۆمەڵێک بۆچوونی دژواری لەسەر حوکمڕانی و ئایین بڵاوکردبووە کە ڕژێم پێی قایل نەبوون. بەداخەوە بەهۆی گەمارۆی عێراق و گەمارۆی دەروونی خۆی نەیتوانی چارەسەری نەخۆشییەکانی بکا و سەرەنجام ١٣ی تەمووزی ساڵی ١٩٩٥ کۆچی دوایی کرد.
لە وتەکانی:
- خەڵکی بلیمەت زۆرجار بەخۆی و خەڵکەکەی دەوری پێ دەکەنێت، بلیمەت زۆرجاران شەرم نازانێ!
- گرفتی ناکۆکییەکانی مرۆڤ هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ پێوانە و گۆشەی بینینی مرۆڤەکان، هیچ کاتێک گرفتەکان هی ڕاست و چەوت (حق وباطل) نەبوون، بەڵکو خەڵکی وای لێک ئەدەنەوە.
- توێژەری بلیمەت لەهیتر بەوە جیا دەکرێتەوە کە ئەم ددان بە چێوەی بیرکردنەوەی خۆیدا (إطاره الفكري) دەنێت، بەهۆیەوە توانای ئەوەی هەیە کە ڕاستەقینە لەدیوێکی ترەوە ببینێت.