Sunday, May 12, 2024

جەوت


زمانی کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە، دابەشبوونی نەتەوەی کورد بەسەر چەند وڵاتێک، هێندە زمانەکەی فراوانتر کردووە. لەبەر ئەو خاڵەش بوو کە ئێمە لە زکورد پێمان وابوو، دەتوانین بە زمانی کوردی زانست بنووسینەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا - بەتایبەتی لە میدیاکان و وێبدا - زۆر بە خراپی بەکار دەهێنرێت و گوێنادەنە ڕێنووس و ڕێزمانەکەی.

ئەمڕۆ وشەی (جەوت) باس دەکەم، کە لە بانگهێشتێکی بازرگانی ئاسیاسێڵدا هاتووە (بڕوانە وێنەکە). دیارە ئەو مەبەستی وشەی (جَو) بە عەرەبی بووە، بەڵام لە ڕستە کوردییەکدا کەس چاوەڕوانی وشەی نامۆ و عەرەبی ناکات. ئەگەریش تیمی بازاڕدۆزیی ئاسیاسێڵ، پێیان وابێ (جەوت ئەفڕێنێ) بەرامبەر (دەکەویتە هەوای خۆت) بەکوردی هاتووە، ئەوا هەڵەن. چونکە وشەی جەوت لە کوردیدا مانای خۆی هەیە (کڵاوەبەڕوو). لە زمانی عەرەبیشدا مانا و لێکدانەوەی وشەی (جَو) زۆرن و دڵنیا نیم کە شتێک بێ بفرێ و زۆر چێژ بدا بە مرۆڤ. خۆ کەش و هەوا ئەگەر دڵڕەوێن بێ نافڕێت!

بەهەرحاڵ، واوی وشەی  (جَوْ) جووڵەی نییە، لەبەرئەوە بۆی هەیە کە بنووسرێت (جەووت خۆشە) دروست تر بێ بۆ دەستەواژەیەکی کوردی کراو و لەگەڵ کڵاوی بەڕوودا تێکەڵ نابێ، ماناکەی ئەوە ئەدات کە بازاڕدۆزیی ئاسیا لە زمانی بازاڕییەوە وەریگرتووە یان نە، شتێکی ترە. 


گەرچی جەوت لە پاییزدا، بە بای توند ئەفڕێ، بەڵام خێرایی وەچەی چوارەمی پەیوەندییەکانی ئاسیاسێڵ لە بەهاریشدا دەیفڕێنێ.



ئەو سەردەمەی کە زمانی کوردی لە نووسین و هۆنراوەکاندا تێکەڵ بوو بە زمانەکانی تر (وەکو عەرەبی، تورکی و فارسی)، بە سەردەمی کلاسیک ناودەبرا، کە دێڕێک بەم جۆرەی خوارەوە، خەڵک پێی ئاشنا بوون:
گەرچی چاوم نییە تەعریفی قەمەر کەم
لاکین بە زەکا، مومکینە سەمعم بە بەسەر کەم

هیواخوازم کە زمانەکەمانن بچێتە ئاستێکی باشتر و نەمان گەڕێننەوە بۆ کلاسیک. دەکرێت ئاسیاسێڵ وەکو کۆمپانیایەکی ناودار و زەبەلاح گرنگیی زۆرتر بە زمانی کوردی و ڕێزمانەکەی بدەن، بەتایبەتی لە   بانگهێشتە بازرگانییەکان و بڵاوکراوەکانیاندا. پێویستە دامەزراوەکان بەبایەخەوە وشە و دەستەواژەی کوردی بنەخشێنن و سەرچاوەیەک بن بۆ چاولێکەری و نەهێشتنی هەڵە.


پەراوێز:
وشەی (جەوت)