ڕۆژانە ژیریی دەستکرد، لە هەموو کار و پیشە جیاوازەکاندا، لەسەر زمانی زۆرکەسی دەبیستین. میدیا و پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندنەکان بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی لە سایەی ژیریی دەستکردەوە وەکو خەونێکی پەمەیی دەهێنرێتە پێش چاو، کە کارە قورسەکان تیایدا دەبنە پەشمەک و مرۆڤ وەکو پاشایەک بە ئاماژەی پەنجەکانی هەموو ئەرکەکانی ڕۆژانەی پێ بەڕێ دەکات.
لە لایەکی ترەوە، دروستبوونی بێکاریی و لەدەستدانی جڵەوی دەسەڵاتی مرۆڤ و مەترسییەکانی تری ژ.د و ڕەهەندەکانی تەکنۆلۆژیا دەکرێنە هەوری ڕەش و هەموو زەوی دادەپۆشن، کە ناجێگیریی و دڵەڕاوکێی لە زۆر وڵاتدا دروست کردووە.
ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ ساخ کردنەوەی هەندێک لەو ڕاستییانە و تیشک خستنە سەر مێژوو و داهێنانی تەکنیکێکی ناوازە، کە چەندین ساڵە مرۆڤ کاری بۆ دەکات و چاوەڕێی پەڕچووی لێ دەکات.
لە سەرەتاوە دوای باسێکی کورتی ئالان تۆرینگ و هەوڵەکانی، باس لە ڕەهەندی کارەکانی مۆدێلە زەبەلاحەکانی زمان (LLM) و ڕەوتی زمانی سروشتی دەکەم (NLP)، دواتر لەوە ئەدوێم بۆچی تێگەیشتنی ئامێر و وەڵامدانەوەی بۆ مرۆڤ شتێکە کە ئیدی وەرچەرخان لە بوارەکاندا دروست دەکات.
سەرەتای نووسینی کتێبەکەم، (کە ١٠٠ لاپەڕەبوو و لە ٢٠٢٤ مانگی ئاداردا تەواو بوو و ناردم بۆ پێداچوونەوە)، ئامانجێکی تری هەبوو، کە ڕوونی بکەمەوە ژ.د تەنیا (GPT)ی نییە و فێربوونی بەکارهێنانی مانای داهێنان نییە. ئاراستەم زۆرتر بۆ ئەندازیار و دەستپێکەرانی بوارەکە بوو، نموونەی بەرنامە و سەرچاوەی کۆدم دانابوو. دواتر دەستم لەوە هەڵگرت و نووسینەکانم تەرخان کرد بۆ ئەو شارەزایی و دەرەنجامانەی لە توێژینەوە و بەکاربردنی ئامرازەکاندا لام ئاوەڵا بوون، خوێندنەوەکانم بۆ ژ.د و هەبوونی ژێرخانێکی بەهێز لە سەرچاوەی مرۆیی و تەکنیکەکان کۆکردەوە و کردمنە توێشوویەک کە خەڵکی لێوەیان فێر بێ چۆن بەرەو پێکانی ئامانجیان هەنگاو بنێن.
ئەمڕۆ ژ.د بەشێکە لە داهاتوو، بەشێکە لە بڕیاردەر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، کتێبەکە ٢٠٠ لاپەڕەیە، گرنگیم بە ژ.د بنیاتنەر (genAI) و کاریگەرییەکانی داوە، هاوکات نموونەم لەسەر مۆدێلەکانی زمان و زمانی کوردی و ڕوونکردنەوە لەسەر وەردەکارییەکانیان داوە.
پێگەیاندنەوەی خوێنەر گرنگە، تاکو وەشانەکانی داهاتوو باشتر بکرێن. بەچاوی ڕەخنە و ئارەزووی فێربوونەوە بیخوێنەوە.
سوپاس و پێزانینم بۆ کاک ڕەمەزان عەبدوڵا، سەرپەرشتی چاپی لە ئەستۆ گرت.