Monday, October 21, 2013

ڕۆشنبیر بەچیەوە خەریک بێ

زۆرکات ئەپرسم بۆ شۆڕشی وڵاتان ڕۆشنبیر دەیکا و لای ئێمەش خەڵکی تر؟ ئەوانەی میدیا ناوی ناون ڕووناکبیر کە بە قودرەتی قادر مایکرۆفۆنی کەناڵەکان لەسەر هەموو باسێک ئەکەوێتە بەر دەمیان، بمانەوێ یان نە بوونەتە کارای بڕیاردەر، سیاسەت و ئەدەب و کلتور و هەموو باسەکانی تر (بێ لە زانست)، لەلای ئەمان بنێشتە و هەموو ڕۆژێک بە فەلسەفەوە ئەیجوون...
ئەم دیمەنانە لە شتێکدا یەکسانن!


(١)
ساڵی ١٩٩٨ تا ٢٠٠٠ ژورێکم هەبوو لە پاڵتاڵک بە ناوی (کورد و زانست)، هەفتەی جارێک یان دووجار بە شەوان ئەمکردەوە. شەوێکیان باسێکم دامەزراند لەسەر (بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی)، نزیکەی ١٨ کەسێک لە ژوورەکەدا بوون، زۆرتر لە ٣٠ خولەک بوو لەسەر باسەکە قسەمان دەکرد. زەلامێک خوی کرد بە ژوورا و ڕیزێک جنێوی نووسی..
لە ناکاو کۆمەڵێک دەق نووسرا هەمووی شەڕە جنێو... کابرای جنێوفرۆش ڕۆیشت، ئیتر ئەو برادەرەی قسەی دەکرد کەوتە قسە کردن لەسەر هەلسوکەوتی کورد و بەکارهێنانی پالتالک... یەکێکی تر باسی لە بەڕێوەبردنی ژوورەکان کرد، یەکێک هەر بە دەق ڕوونکردنەوەی دەنووسی، یەک دووانێک خواحافیزیان کرد و بێزاربوون... ئیتر ڕووی باسەکە تەواو گۆڕا. چی و چۆن ئەمە چار بکەین. لەو نێوانەیا خەڵکی تر هاتبوونە ژوورەوە ئەوانیش قسەیان کرد، وتیان ئەو زەلامە لە زۆر ژوور ئەو بەزمەی ناوەتەوە..
سەرەنجام باسەکە وەستا و باسی جنێو و شەڕی ناوخۆ و سیاسەت دروست بوو، سەرمان ژانی کرد بەو قسە و جنێوانە و کابراش وەکو شەیتان ئیشی خۆی کرد و ئێمەی لەو گێژەڵۆکەدا بەجێهێشت. لە ژووری تریش ئەو حاڵەتەم بینی...

* * * * * * * * * * * * * * * * * *
(٢)
لە گەرمەی خوێندنەوەی کارنامە و بەرنامەی داهاتووی لیستەکاندا، هەواڵێک بڵاوبووەوە؛ جەمال غەمبار خۆی کاندید کرد بۆ هەڵبژاردن تا دەنگی بدەنێ و ببێ بە ئەندام پەرلەمان، چونکە وەکو خۆی دەڵێ، پرۆژەی پێیە. هەر ڕۆژێک دوای ئەوە چەند گەنجێک کتێب و هۆنراوەکانی دەسوتێنن، ئەم کتێب سووتانە ئەبێتە هەوێن بۆ زۆر لە (نووسەر و ڕووناکبیر)ەکان، بەشێوەیەک ئەوەی غەمبار بناسێ و هەڵوێستی نەبێ، لەخۆی شەرم دەکا، ئیتر لەسەر دیواری فەیسبووک، یا بە چاوپێکەوتن و وتار یا غەڵبەغەڵبی ناو چایخانەکان... هەر هیچ نەبێ دوو لایک و دوو جریواندن ئەم بەزمە زۆر باسی وەکو سووتان، سڕینەوە، ئازادی بیروڕا، گەنج و شاعیر تێکەڵ کرد، بەشێوەیەک هەر بابەتێکت لەسەر ئەو باسەت بخوێندایەتەوە کاڵوکرچی هزری ئەو خەڵکانەت دەهاتە پێش چاو. حەوسەڵەت نەدەما گوێ لە گفتوگۆی جدی بگریت. هەبوو زنجیرە وتاری دەنووسی لەسەر ئەو باسە.

* * * * * * * * * * * * * * * * * *
 (٣)
لەم ڕۆژانەدا، لەبەر هەر هۆیەک بێ، زەلامێک یا زۆرتر کێلی قەبری شێرکۆ بێکەس دەڕووخێنن. بێگومان کارەکە ناشرینە. لە وڵاتێکا پۆلیس و ئاسایش هەبن، پاسەوان و باخەوان هەبێ، ئیتر بۆ خەممان بێ...خراپەکار گەنج بێ یا بەتەمەن، تف و نەعلەتی بۆچوو و ڕۆژێکیش دێ دەگیرێت. نەخێر دەبوو ڕۆشنبیرەکان، هاوڕێ و دۆستانی خوالێخۆشبوو ڕۆژێک کۆ ببنەوە، ڕۆژێک بچنە سەر گۆڕەکە و ڕۆژێک لیژنە دابنێن و ڕۆژێکیش بپرسنەوە.. هەموو فەیسبووک و وێنەکانیان بکەنەوە بە شێرکۆ و هەفتەیەکیش بەرنامە و وتاری لەسەر بهۆننەوە...

* * * * * * * * * * * * * * * * * *
 (٤)
ئەگەر تا ئەمڕۆ لەسەر شکانی پەیکەری خۆشەویستی ماچی خۆت بە ڕەسمەوە دانەناوە و وتارت نەنووسیوە، ئەوا پەلە بکە، چونکە دواکەوتوویت...