Monday, January 25, 2016

دەستپاکی

لە ماڵپەڕی نەزاهەی عێراق وەرگیراوە
 
"حەمە ئەوە چی ئەکەی لەم ناوە؟" باوکی  چاوەڕێی نە دەکرد لەو دەمەدا حەمە ببینێ، لەبەرئەوە پرسیارەکەی سەرسوڕمێنەرانە بوو...
حەمە: "باوکە لەم دائیرەیەی ناوبازاڕ بووم ..."
باوکی: " هەتیو کوا لەم سەوزە فرۆشانەدا دائیرە هەیە .."
حەمە: "با، ئەیچۆن، سەر ماستفرۆشەکان، بینا تازەکە، شوقەیەکە، لەویا دەستەی نەزاهە دادەنیشن..."
باوکی: "بەخوا جوانە، دەستەی نەزاهەش کرێچیە؟، ئینجا تۆ ئیشت بەوان چیە ڕۆڵە؟"

حەمە:  "ئیعلانێک هەبوو، کە ئەم دەستەیە ئەوەی گەندەڵی کرابێ پیا دەچنەوە و سزا ئەدەن، منیش هی پرۆژەی هەڵۆ قارەمانەکەم بۆ بردن..."
باوکی: "باشە ئەمە نەبڕایەوە، کابرا هەموو کەس دەزانێ دزە، تۆ بۆ شانی خۆت ئارداوی دەکەی و خۆت تووشی ئەو ناکەس بەچانە دەکەی ؟! "
حەمە: "تەنیا بیرخستنەوەیانە بە بەڵگەوە، ئینجا تۆ فێرکردوین ویژدانمان ئاسوودە بکەین، ئەوەت بیر نەچێ. ئەمانەتە و لەسەرم بوو"..
باوکی: "ئێ چیان پێ وتیت؟"
 
لەو کاتەیا وەستا حەسەن بە سڵاوەوە خۆی کرد بە دوکانا، باسەکە گۆڕا و هەواڵپرسی و خەمی کارەبا و ئاو دەستی پێ کردوە...
 
وەستا حەسەن: حەمە چی ئەکەی لێرە، دەوامت نیە؟
باوکی حەمە: "وەستا ئەڵێ لەم دائیرە تازەیە بووم، دەستپاکی حکوومەت.."
 
وەستا حەسەن: "چیان بۆ کردی؟، ئەوانە بەس گوێ دەگرن، لەوێ تۆ ئەبی بەڕادیۆ و ئەوانیش سەر با ئەیەن، توخوا وا نەبوو؟"
حەمە: "بڵێم چی، هەندێکجار منیش بێهیوام، ئەمەش دوا هەوڵم بوو. با بۆتان باس بکەم، ژنێکی لێبوو ئەوارەقەکانی لێ وەرگرتم و چووینە ژوورێکەوە دوو کەسی تری لێ بوو، قسەکانی خۆمم بۆ کردن و بەڵگەکانم پیشاندان، وتیان ئەمە چوار ساڵە گەندەڵیەکە کراوە، بۆ شکاتت نەکردوە، منیش ڕاستودروست وتم شکات کرا، بەڵام لە بری دز، شکاتکەر  شەش مانگ بەند کرا، ئەمەش بە ئەمانەت ئەتاندەمێ، ئەگەر ئەزانن بەندیخانەی تیایە با بڕۆم ... ژنەکە وتی بەخوا کۆن بووە و گەندەڵیەکەش زۆر نیە... یەکێکی تریان وتی ئێمە تۆماری دەکەین و ئەینووسین و لێپێچینەوەش دەکەین.. بێمنەتانە وتم ئەمە موڵکی گشتیە، من ئەو بەڵگانەم لابووە و هێناومە، ناوی خۆتان بسەلمێنن و من هیچم ناوێ.. ئیتر بەڕێوەبەرەکەیان وتی، خەمت نەبێ و منیش هاتمە دەرەوە".
 
وەستا حەسەن: "تۆ کارت ڕاست بێ، بەڵام با شتێکت پێ بڵێم، سالە وای کرد و حەمە وایکرد و فەرە وای بڕیاردا.. ئەمانە هەمووی پووشێکن و خوا ئەزانێ شەپۆلەکە بۆ کوێی دەبا. کە کاربەدەستێک دزی کرد و مودیرەکەی ئاگاداربوو و هیچی نەکرد، ئەوە دڵنیابە مودیر شەریکە دزە لەگەڵی، ئەگەریش خاوەنی کۆمپانیاکە یا لێپرسراوە حکومییەکەی سەروو ئەمان ئاگادی لێبوو و ئەویش هیچی نەکرد، بزانە کە بەرژەوەندی هەیە لەگەڵیان."
 
باوکی حەمە: "وەستا بەخوا تۆ ڕاست دەکەیت، خاوەنی کۆمپانیا سوور ئەزانێ دزە، کەچی پلەی بەرز دەکاتەوە، دەریشکەوت کە ئیشی بەو ئەڕوا و سەرقاپ و مەنجەڵن."
 
وەستا حەسەن: "چاوەکەم، ئەگەر سزا هەبووایە و وەزیرەکە خوار خۆی بە یاسا حوکم بکردایە نەک بە خاتر و برادەرایەتی و حیزبێنە، ئەوا ئەمانە دروست نە ئەبوون، ئەوەتا لەبری چاکیان بکەن، خۆشیان ئەبنە شەریک."
 
حەمە: "بەو حسابە بێ، ئەمانەش هیچیان پێ ناکرێ، خۆ دزەکان سەروو ئەمانن!"