Tuesday, February 02, 2016

هەنگاونان بۆ چاکسازی لە دارایی کوردستان - ١

پێشەکیەک

کارکردن بێ کۆمپیوتەر لە گۆڤاری توێشووی
زانستخوازانەوە
لە ڕابردوودا چەند جارێک باسی دیجیتاڵکردنی وەزارەتی دارایی و دانانی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی بۆ هەموو مووچەخۆران و خەرجییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانم کردوە لەگەڵ کارمەندانی فەرمانگەی ئایتی، لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لەگەڵ هاوڕێیانی "زکورد" دا بە گشتی [١]. ئارەزووم بوو ڕۆژێک دەزگایەکی گرنگیی وەکوو دارایی بکرێت بە سیستەمێکی خۆکار کە مانگانە بێ ماندوبوونی زۆر، کاغەزی داهات و خەرجیەکانی ئەدایتێ و مووچەخۆریش لە ڕۆژی خۆیدا بە مووچەکەی دەگەیشت.

هاوکات بنچینەیەکی دروستی پێک دەهێنا بۆ بنیاتنانی سیستەمی بیمەی کۆمەڵایەتی، کە ئێستایشی لەگەڵ بێ بە باشترین چارەی دادەنێم بۆ عێراق بە کوردستانەوە.
 
لەم نووسراوەدا هەڵ ئەدەم چارەیەک بهۆنمەوە بۆ بواری دارایی بەهۆی بەکاربردنی تەکنۆلۆجیای زانیاریەوە. دڵنیام زۆر لە خاڵەکانی باسم کردون، گفتوگۆی تەواوی دەوێن، بێ ئەو ئەگەر و مەرجانەی کە ناو دەبرێن هیچ لە ڕیسەکە نابێ بە خوری.
 
 
ئەمڕۆ بەهۆی ئەو ناجۆرێتیەوە لە کاری حکوومەتدا؛
١. ژمارەیەکی زۆر مووچەخۆر دروست بووە
٢. ژمارەیەکی زۆر خانەنشین هەیە لە تەمەنی جیاواز و بە پلەی جیاواز
٣. مانگانەی کرێخانووەکانی حکوومەت زۆر بەرزە
٤. مانگانەی خەرجی نوێنەرایەتیەکانی حکوومەت لە دەرەوە، هاتووچۆی فەرنامبەران بۆ دەرەوەی وڵات زۆر بەرزە
٥. دووپاتبوونەوە لە لیستەی مووچەخۆراندا هەیە
٦. ژمارەیەکی زۆر مووچەخۆر هەن لە دەرەوەی هەرێمیش دەژین و لە وڵاتی تریش مووچە وەردەگرن
٧. مانگانەی شەهیدەکان و خانەوادەکانیان وردەکاری تێدا نیە و سەروبن تێکەڵە
هاوکات:
١. زۆرتر لە حەفتاهەزار خێزان هاوکاری کۆمەڵایەتی وەردەگرن، لە چین و توێژی جیا.
٢. بەهۆی شەڕی داعشەوە تێچوونی پێشمەرگە و ئاسایش زۆر بەرزبووەتەوە و مانگانەش ئەرکی تر و خەرجی تری دێتە سەر.
ئەوانەی سەرەوە و چەندینی تر خەرجی هەیە کە دەکرێت زۆر بە ئاسانی پێداچوونەوە و پاکسازی تێدا بکرێن. ئەگەر حیزبەکان بیانەوێ، ئەگەر لەبەر بەرژەوەندی تر پشتگوێ نەخرێ و وە ئەگەر بەرپرسی ئەو بەشەش بوێر بێ.
- یەکەم پرس، با لەوەوە دەستی پێ بکەین، ئایا بوونی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی گەندەڵییەکان لە داراییدا چارەسەر دەکات؟
لە ڕاستیدا سیستەمی کارگێڕیی دارایی هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی گەندەڵی و شاردنەوەی خەرجی نادیار، هاوکار دەبێت لە سڕینەی دووپاتبووەکان. بوونی سیستەمێک دۆزینەوەی کەموکورتیەکان ئاسان دەکات و خەڵکی تەمەڵ و هەلپەرستیش زووتر ئاشکرا دەکات. گومانی تێدا نیە، بەکارهێنەرانی سیستەمەکە سەنگی مەحەک دەبن.

 - یەکەم مەرج بۆ دانانی سیستەمێکی کارگێڕی لە دەزگای حکوومیدا لە کوردستان بریتیە لە ڕەزامەندی حیزبەکان بە دەرەنجامەکان و ڕەوتەکانی سیستەمەکە. بێ ڕەزامەندی حیزبەکان، بە تایبەتی - دوو حیزبی حکووم بە دەست - گۆڕینی بێ سەروبەری و نایاسایی بە سیستەم و سزای یاسایی، مەحاڵە و هەوڵنەدانی لە کردنی باشترە، بە پێچەوانەیشەوە.

تێڕوانینێک

"بۆئەوەی ئەو هەموو فرت و فێڵەی کە هەیە چارە بکرێ، پێویست دەکات کە پشت بە پەنجەمۆر و وێنەی نوێی مووچەخۆر و کارتی فەرمانبەرێتی ببەسترێت"

ئەم دەرەنجامە لەگەڵ بەڕێز "هیوا ئەفەندی" - سەرۆکی فەرمانگەی ئایتی،  بە درێژی باسمان کرد، نموونەش زۆرە کە چۆن پێناس چەوت کراوە، خەڵک دروست کراوە و مردو بە شەهید نووسراوە ...هتد.
 
پرۆژەی کارتی ئەلیکترۆنیی فەرمانگەی ئایتی حکوومەتی هەرێم، ئێستا، لەسەر ئەو بنچینەیە کار دەکات، بەڵام وا چەند ساڵێکە پرۆژەکە بەردەوامە و نەتوانراوە کارت بۆ نیوەی مووچەخۆران دابین بکا، بێ لەوە نەتوانراوە ئەوەی کە کراویشە لە سیستەمێکی گارگێڕیدا لە وەزارەتێکی وەکوو ناوخۆ و دارایی سوودی لێ وەربگیرێت بە تەواوەتی.
یاسا و ڕێسای ورد بۆ دروستکردنی فۆڕمی زانیاریی، بۆ هۆنینەوەی سیستەمێکی کارگێڕیی فەرمانبەران نیە، دەبوو بەر لە دەست پێ کردن کارتی ئەلیکترۆنی ئەو یاسایانە پەرلەمان دایبڕێژێت و کاری لەسەر بکرێ، بۆئەوەی لە داهاتوودا بزانرێت سەروبنی زانیارییەکان چۆنە و دەگات بە کێ و لە کوێ مامەڵەی پێ دەکرێت. گۆڕینیەوە زانیاریی هاوڵاتیان لە نێوان دەزگاکانی حکوومەتدا  پێویستی بە هەلومەرج و شێوازی دیاریکراو هەیە، تاکوو زانیاری نەکەوێتە دەستی خەڵکی ڕێ پێ نەدراو. سزا و لێپرسینەوەی لەسەر بکرێت، یاساکان و شێوازی مامەڵەکردن بە زانیارییەکان دەبێت ئاوەڵابن و لەسەر دەستووری وڵات ڕێکخرا بێ.
 
لەوەیە گرنگترین خاڵ بۆ حکوومەت دادپەروەری بێ لە دابەشکردنی مووچەدا، دەبێت پەرلەمان یاسایەک دەربکات مووچەی هەموو پلە و بڕانامەکان دیاری بکات، لێپرسینەوە بکا تا هەموو حکوومەت لەسەری بڕوا، ئەوەی بە ناڕێک کراوە لەسەر ئەوە ڕاست بکرێتەوە. پێداچوونەوە بۆ گشتی بکرێت لە گەورەوە بۆ بچووک.

دیجیتاڵکردن

ئەمڕۆ؛
  • دەزگاکانی حکوومەت هەر شوێنە و لەسەر شێوازێک و بە بەرنامە و بنکەدراوەیەکی جۆراوجۆر لیستەی مووچەخۆرەکانی بەرز دەکاتەوە، نۆڕین لەو لیستانەدا ئاسان نیە، دۆزینەوەی دووپاتبووەکان، مردووەکان، بن دیوار و ...هتد مەحاڵە.
  • گۆڕینەوەی زانیاریی لە نێوان دامەزراوەکاندا لەسەر لیستی ناو و مووچەخۆرەکان نیە، ئەگەر بە مەبەستیش بکرێت و هەوڵی بۆ بدرێ ئاکامی نابێ، چونکە زانیاریی بایۆمێتری وەکو وێنە و پەنجەمۆر پێوە ناڕوات.
  • لە زۆرینەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکاندا، ڕاپەراندن و ئامادەکاری ئەو لیستانە بە دەست دەکرێن، ئەم مانگە پشتبەستە بە لیسی مانگی ڕابردوو
  • دەستنیشانکردنی پرۆژە و خەرجیەکان لە بودجەی ساڵانەدا گوێی پێ نادرێت
  • پاشەکەوت نیە لەو دراوە زیادانەی کە لە بودجە دەمێنێتەوە، تەخشان و پەخشان دەکرێ
  • دەستکەوتی ڕاستودروستی داهات لە خاڵەسنوورییەکان، فرۆشی نەوت، کشتوکاڵ، تەندروستی، گەیاندن و موڵکەکانی ...هتد دیار نیە
  • مووچەکان لەسەر ئاستی پێناسکراو و پلە دانەنراون
بۆ ئەوەی هەنگاو بنێین بۆ سیستەمێکی تۆکمە، چەندین توێژینەوە و شیتەڵکاریمان دەوێت بۆ کۆکردنەوە و دانانی بناغە (کە من مۆدێلی V م هەڵبژاردوە و لە بەشەکانی تردا باسی دەکەم)[٢]، ئەمە کاری تیمێکی چالاکە، کە بەبۆچوونی من دوو مانگیان دەوێت بۆ ئەم هەنگاوە. لەوەیە لەم دەمەدا ئەمە شیاو نەبێ، لەبەرئەوەی چەند مانگێکە مووچە نەدراوە و دەستکەوتی مانگانەی داهاتیش لە هەرێمی کوردستاندا بەشی مووچە ناکات، بەڵکو پێویستە تەریب بەم کارە، کاری پێچەوانەییش لە دەزگاکاندا ئەنجامبدرێت و تاو بدرێ بە پرۆژەکە. کاری پێچەوانە واتە لە دوا هەنگاوی ڕەوتی پرۆژەکەوە بێینەوە. ئەوسا ئەتوانین بڵێین لە ١ تاکو ٢ مانگ بەرهەمێکمان بەرجەستەکردوە.
 
-----------------------------------------------------------------
[١] ئەم بابەتە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ نووسراوە. لە ١/٢٠١٦ دا هەندێک دەستکاریم کرد و بەش بەشم کرد بۆ بڵاوکردنەوە.
[٢] بڕوانە (V-Model) لە پەرەپێدانی نەرمەواڵەی سیستەمی کارگێڕی.
Post a Comment