Wednesday, April 18, 2018

هەڵپەرکێ

ماوەیەکی کورتە ماڵی وەستا سەعیدی پۆلیس هاتوونەتە گەڕەکەکەمان، لە هەر هەفتەیەکدا دوو تا سێ جار ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ دەکەن لە ماڵەکەیا، ئەم هەڵوێستە خەلکی گەڕەکی سەرسام کردووە، بەتایبەتی چونکە لەکاتی شایی و هەڵپەڕکێکەیاندا دەرگای ماڵ دادەخەن، باس و خواستی ئەم هەڵپەڕکێیە لای کەس ئاشکرا نیە. ئەگەرچی لە هاتنی ئەم ماڵە بۆ گەڕەک، پێشوازییەکی باشیان لێکراوە.


حاجی عەلی دوکاندار: ئەرێ کاک کاوە، ڕای تۆ چیە بەرانبەر ئەو هەڵپەڕکێیەی ماڵی وەستا سەعید؟
کاوە: حاجی گیان بڵێم چی؟ تۆ دوکانداری و لەگەڕەکدای بەبەردەوام، ئەبێ وەڵامی پرسیارەکانمان لای تۆ هەبێ...

حاجی عەلی دوکاندار: ئینجا ئەوان دەرگایان ئاوەڵا نیە تا بچین پرسی بۆنەکەیان لێ بکەین، خۆ خەڵکیش لەخۆیەوە قسە دروست ناکا... مناڵەکان دەڵێن گوایە ئەمە عادەتیانە و وەستا سەعید باوکیان پێش مردنی ئەم وەسێتەی کردوە کە کچ و کوڕەکانی لە یەک ماڵدا بن و خۆیان و خاووخێزانیان، وە بەردەوامیش لە هەڵپەڕکێ و خۆشیدا بن.

کاوە: باشە بۆ ڕێ نادەن خەڵکی هاوبەشییان بکا، سەیر نیە، کەی عادەتی کوردەواری وا بووە؟؟

ماومۆستا سەیوان: سڵاوتان لێبێ، حاجی خوابازاڕت با، کاک کاوە تۆ چۆنی؟
کاوە: بەخێرهاتی مامۆستا
حاجی عەلی دوکاندار: سەرچاو مامۆستا، بەخێربێن... فەرموو
ماومۆستا سەیوان: حاجی گیان دەستەیەک شقارتەم دەوێ، ئەگەر هەیە
حاجی عەلی دوکاندار: هەیە مامۆستا، فەرموو
کاوە: مامۆستا تۆ هیچ دەزانیت سەبارەت بەو هەڵپەڕکێ و شاییانەی ماڵی ماڵی وەستا سەعید؟
مامۆستا سەیوان: هیچم نەبیستوە کاک کاوە گیان، دەزانم هەڵدەپەڕن و دەنگی مۆسیقا بڵند دەکەن، ئێ خۆ دەکرێ لە خۆیان پرس بکەیت، لام وابێ کەسانێکی باشن و ڕێگەی ئەوە ئەدەن کە پرسیاریان لێ بکرێ، تۆ دەڵێی چی حاجی...؟
کاوە: حەزی خۆ دەرخستنە...
حاجی عەلی دوکاندار:کاوە، تۆ لە ئەوروپا ژیاویت، شتی وا چۆن بوو لەوێ؟
کاوە: حاجی لەوێ کۆتای هەفتان یانەی لێبوو، پێی دەڵێن دیسکۆ، نیوەشەو دەچووین و تا بەرەبەیان هەرکەس بۆ خۆی دانسی ئەکرد، وەکو ئێرە ڕیز و دەست گرتنی تیا نەبوو. ئەو دەستنەگرتنەش شێوەیەک لە ئازادی بوو..
حاجی عەلی دوکاندار: یانی چۆن؟
کاوە: ئەی لێرە خۆت توند دەکەیت بەوانەی تەنیشتەوە و ئەبێ دەست و قاچت لە مقامی ئەوان بجوڵێنیت، لەوێ خۆت بە تەنیا هەڵدەپەریت و چیت دەکرد بە کەیف و سەفای خۆت، بەرانبەرەکەشت مەرج نیە وەکو تۆ بکا.

چەند ڕۆژێکی تر بەو شێوەیە تێپەڕی، حاجی لە هەموو کەس زۆرتر مەراقی زانینی ڕاستی ئەو بەزمەبوو، کەس وەکو مەتەڵ هەر دراوسێ بۆخۆی شتێکی لەسەر دەوت.
لە ساتێکدا کە بیری لە قسەکانی کاوە دەکردەوە، مناڵێک خۆی کرد بە دوکانەکەیدا و بسکیت و بنێشتی کڕی، حاجی پرسی لێ کرد، "تۆ چی ماڵی سەعیدی پۆلیسی؟"، مناڵەکە لە وەڵامدا: "بابەگەورەمە، من کوڕی سورەیاخانم". حاجی بە فرسەتی زانی و وتی: "دوێنێ ئەو هەڵپەڕکێیە چی بوو لە ماڵتان، ئێوەی تیا بوون؟". مناڵ:"بەڵێ ئێمە بووین، ئەوە بۆیە ئاشت بینەوە".. لێیدا دوکانی بەجێ هێشت.

حاجی کەمێک لەبەرخۆیەوە قسەی کرد و شتەکانی لێکدایەوە: جارێکی تریش لێم بیستوون کە سەعی پۆلیس وتویەتی دوای شەڕ ئاشتی خۆشە، کەواتە ئەمە بۆیە زوو زوو هەڵپەڕکێ دەکەن، تاکو ئاشت ببنەوە. ئێ باشە سێ کوڕ و کچێ و ماڵی خۆیشی ئەمە پێنج ماڵ چۆن لەو ماڵە شوێنێان بووەتەوە؟، ئێ ئەگەر بەئاشتیش نەژین چۆن هەڵدەکەن، کەواتە هەر جارێک هەڵپەڕکێ بوو ئەوە بزانین کە شەڕەکەیان کۆتایی هاتووە.

کاوە خۆی کرد بە دوکاندا:

کاوە: سەلام و عەلەیکوم، حاجی پاکەتێکی حەوت ڕەقەمم بدەرێ.
حاجی عەلی دوکاندار: عەلەیکومە سەلام، فەرموو.
حاجی پاکەتەکەی دایە دەست و لێی پرسی: "ئەو ڕۆژە وتت لەو ئەوروپایە بۆ هەڵپەڕکێ دەکەن؟"
کاوە: حاجی، ئەوان دەڵێن دانس، ئینجا بۆ ئەوە دەیکەن کە کەمێک چێژ و خۆشی وەرگرن و هیلاکی و خەمەکانیان وەلانێن. دەڵێن خۆشی و پێکەنین تەمەن درێژ دەکا...
حاجی عەلی دوکاندار: ئەزانی ئێمە بۆ هەڵپەڕکێکەمان لە هی ئەوان ناچێ؟
کاوە: نە، بۆچی حاجی؟
حاجی عەلی دوکاندار: ئێمە توند دەستی یەکتر ناگرین؟ ڕیز ناگرین؟
کاوە: با
حاجی عەلی دوکاندار: بۆ ئەوە وا دەکەین تاکو هەست بکەین وەکو یەکین و یەکگرتووین. شان لە شان و یەک دەنگین، بە یەک ئاواز دەخوێنین. ئینجا وا دەردەکەوێ هەر لەبەرئەوەش بێ کە کورد لە هەموو بۆنەیەکا هەڵدەپەڕێ. خۆپیشاندانە هەڵدەپەڕن، سەرۆکیان دەگیرێ هەڵدەپەڕن، هەڵبژاردنە هەڵدەپەڕن، گشتپرسیە هەڵدەپەڕن، مووچە دێ هەڵدەپەڕن، یادی شەڕ و کیمیاویبارانیش لە هۆڵەکان بە هەڵپەڕین بەسەری دەبەن، ئەوە لە بەزم و سەفایا هەر باس ناکرێ..
کاوە: کەواتە ئێمە تەنیا لە هەڵپەڕکێدا دەستی یەک دەگرین و یەک ڕیزین؟
حاجی عەلی دوکاندار: بەڵێ، هەڵدەپەڕین تاکو پیشانی بدەین ئاشتەوانی هەیە لە نێومانا و یەکتری قبوڵ دەکەین.