Sunday, May 22, 2022

زۆرکردنی زمانی کوردی لە وەرگێڕانی گوگل


لە سەرەتای مانگی ئایاری ٢٠٢٢ دا هەواڵێکی خۆش دڵی هەموومانی پڕ کرد. ئەویش زۆرکردنی زمانی کوردی - سۆرانی بوو لە وەرگێڕانی گوگلدا.

لێرەوە جێی خۆیەتی کە دەست خۆشی لە هەموو ئەوانە بکەم، کە وەکو سەربازی ون، ماوەیەکی درێژ کۆششیان کردووە و بێوچان تاکو ئەم پرۆژەیە بەو ئاستە بگەیەنن.

زمانی کوردی لە گوگلدا لە مێژە زۆر کراوە، ساڵی ٢٠٠٤ برادەرانی کورئایتی گروپ، کاک دیاکۆ و کاک حامید درووی دەستپێشخەربوون کە زمانی کوردی، بە ڕێنووسی ئارامی بخرێتە ناو پلاتفۆڕمی گوگل. 

کاتێکیش کە گوگل دۆمەینی عێراقی دانا لە ساڵی ٢٠١٠ دا، زمانی کوردی وەکو بژاردە لەگەڵدا پێشکەش کرد، کە پێشتر زۆر کرابوو. هاوکات برادەرانی چاوک - بەتایبەت کاک سیامەند، لە مەکۆکانی گووگڵ چالاکانە کوردی زۆرکرد کە لەسەر لینوکس بەهۆی کارکردنمان لەگەڵ ئەرداڵ بۆ زۆرکردنی کوردی دەستەبەر بوو، ئەوەش تاکو لە سیستەمی کرۆمی گوگل بەرجەستە بێ. هاوشانی ئەمانە، هەوڵی فەرمانگەی ئایتی حکومەتی هەرێم لەگەڵ گوگڵدا بۆ چەسپاندنی ئەو گشتاندنەی ٢٠١٣ و گرنگیدان بە پرسەکانی زمان جێی سوپاس و پێزانینن.

زۆرکردنی کوردی بە ئەلفوبێی ئارامی لە وەرگێڕی گوگل، کاری وەرگێڕان و فراوانکردنی فەرهەنگی کوردی بەپێز دەکات کە پێش ئەویش مایکرۆسۆفت لە ئامێری گەڕانەکەیدا بینگ داینابوو. هەم بۆ کوردزمان و هەمیش بۆ ئەوانەی عەوداڵن نووسراوی کوردی بخوێننە و لێی تێ بگەن.

پرۆژەکە درێژخایەنە و پێویستی بە کۆششی بەردەوام هەیە، چونکە هەم چاککردنی دەیان زاراوە و هەمیش لێکدانەوە و جێکردنەوەیان لە ڕستەی پاراودا ئەرکێکی زۆری دەوێت کە هاوکێشە و ڕێساکانی زمانەوانی لەسەر تاقی بکرێنەوە. هاوکات هەموو بەجۆشەوە چاوەڕێین ئەم هەڵێنجانەی وشەکان ببنە بنچینەیەک بۆ خوێندنەوەیان لەلایەن ئامێرەوە.

هاوشانی ئەم گۆڕینە بایەخی ژیریی دەستکرد بۆ زمانی کوردی بەرەو لوتکە دەڕوا، چونکە زۆرینەی بەکارهێنەران ئاشنای گوگل و خزمەتگوزارییەکانی گوگلن و پرۆژەکانی تری زمانیشی لەگەڵدا وا تەواو دەبن. ئەم پرۆژەیە و هەڵەچنی زمانی کوردی و ناسینەوەی دەقی کوردی پێکەوە دەبنە تەواوکاریەک بۆ زمانی کوردی و ئەو کەلێنە بنەبڕ دەکەن کە لەمێژە لە دونیای دیجیتاڵدا بۆ زمانە شیرینەکەمان ونە. 

دەستخۆشیم لە ئاسۆ مەحمودی بۆ دانانی هەڵەچن و تیمی ژیر بۆ ناسینەوەی دەق و نووسراوی زمانی کوردی و هەموو ئەو بەڕێزانەی کە لە تیمی ئوبونتوو کاریان کرد، چونکە ئەمانە پێکەوە ژێرخانی زمانی کوردیان دروست کردووە. گوگل و هەموو سەرچاوەکانی تری وێب سوودمەندن لە وشەیەکی کوردیکراو، ئەوان هاوبەشی دەکەن و هەماهەنگن، با ئێمەش وا بین و ئەوەی ماوە پێکەوە بیگەیەنین.

لەبیرمان نەچێت، دوو شت زۆر گرنگە. یەکەمیان سەرۆکی هەرێم لەکاتی بینینی هەندێک لەوکەسنەی لە تیمی وەرگێڕاندا ئامادەبوون باسی کرد، ئەویش یەکدەنگی و هاوکاریمانە پێکەوە، مانەوەمان لە تیمێکی یەکگرتوودا. دووەمیش پشت بەست بەو گشتاندنەی کە لە ٢٠١٣ دا قسەی لەسەر کراوە و پیت و کۆدەکانیانی لەسەر جێگیر کراوە کار بکەین.

No comments :