سەردەمی بنیاتنانی شارێک دەبێ، میریی دوو پیاو بێ ئاگاداری یەک دەنرێت بۆ ئەو شارە، تا لەنزیکەوە لە ھەواڵی بەرێوەچوونی ئاوەدان کردنەوە و بنیاتنانی شار بەئاگا بێت و خەڵکەکەی بناسێت.. پیاوێکیان چاک و بەباشە ناسراو، لەگەڵیدا خواناس و ڕوو لە مزگەوتیش بوو، پیاوەکەی تر بەد خوو بەخراپەکانی ناوبانگی ھەبوو وە قوماربازیش بوو ..
پاش گەڕاندنەوەیان، میر لەگەڵ ھەر یەکەیان بەجیا گفتوگۆ دەکات سەبارەت بە ئاکامی سەردان و بەدوادا چوونەکەیان ..
پیاوە چاکەکەیان دەڵێ: "قوربان خەڵکێکی تا بڵێی خواناس، چاک، دنیانەویست، بەلوتف و کەرەم، ڕێز وحورمەتی یەکدەگرن، میوانداریان زۆرخۆشە، مزگەوتەکانیان پڕە لە نوێژکەر..ھتد..ھەرچی باشە بیکەین بۆیان بەفیڕۆ ناچێ.."
پیاوەکەی تر دەڵێ: "جەنابی میر، خەڵکی ئەم شارە ھەموو بە قومار ومەیخانەوە خەریکن، زۆر عادەتی باووباپێرانیان لەدەست داوە، قەدری میوان و غەریب نازانن، بەغیلن، ھەمووشتێ بەپارەدەکەن ...ھتد، خۆمان زۆر ماندئ نەکەین پێوەیان.."
کابرای میر لە ئاکامدا پاش تێڕامان، بۆ وەزیرەکەی باس دەکا و دەڵێ؛ "کابرای پیاوچاک خۆی چاکە و لەچاکە گەڕاوە، ئەوی تر بەدخوو و بەدوای بازاڕی کردەوەکانی خۆی کەوتووە، کەواتە شار لە ھەموو بابەتێکی تیایە، بۆ چی بچیت ئەوەت دەستدەکەوێ !".
************************
بۆ چی ھاتوویت ئەوەت دەست دەکەوێت
لە وڵاتێکی ئەوروپا ...
حەمە ماچێکی باوکی کرد و وتی: باوکە خۆزگە دووساڵ زووتر ئەھاتین ئێرە یانەی تۆپی پێی زۆر لێیە.."
لالۆ : ئەم شارە بۆ خوێندن باشە ..بەکەڵکی من نایە..
مارف: ئیشی چاکی لێیە گەر لێمان بگەڕێن..
نازە: دوو خێزانی باشی تیا نییە تا پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ دامەزرێنم..
ھادی: کچی ئەم شارە مۆن و گرژن بۆ کەس پێناکەنن..
وەلی: من کوردایەتی خۆم ئەکەم ھەقم نیە..
یادە: پیرۆزی خۆیان بێت لێم بگەڕێن ئێستا ئەڕۆمەوە..