Tuesday, September 07, 2004

چاوه‌ڕوانی


ژوانێكی دانابوو له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كیدا، وه‌ك پیشه‌ی هه‌موو جارێكی ٥ خوله‌ك پێش ژوان گه‌یشته‌ جێ. هاوڕێكه‌ی دواكه‌وت ئه‌میش پیشی ده‌خوارده‌وه‌ و، بیری له‌ چاوه‌ڕوانی ده‌كرده‌وه‌. له‌م ساتانه‌دا شوفێرێك خه‌ریك بوو ئوتۆمبێله‌كه‌ی بخاته‌‌ شوێنێكی به‌تاڵه‌وه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌م دا..
ئه‌میش به‌ چاو ده‌یڕوانییه‌ كابرای شۆفێر، كه‌ به‌ زه‌حمه‌ت جێی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی كرده‌وه‌.. پاشان شۆفێر دابه‌زی و ڕووی تێكرد و وتی:

- پیاو چاوه‌ڕوانی تۆ بێت بێ شێو سه‌ر ده‌نێته‌وه‌!

+ بۆ، چی بووه‌ براده‌ر؟

- ئه‌ی من چاوه‌ڕێ بووم ده‌ستێكم بۆ بجووڵێنی، ئیشاره‌تێكم بۆ بكه‌ی، خۆ چاوت لێ نه‌ئه‌تروكانم...

+ هاهاها.. براده‌ر تۆ چاوڕوانی من بوویتایه‌ ده‌وه‌ستایت، خۆ ١ چركه‌‌ ئارامت نه‌گرتووه‌ و نه‌وه‌ستاویت، تاكوو من ئیشاره‌تت بۆ بكه‌م...

كابرا ڕۆیشت و ئه‌می له‌ گێژاوی چاوه‌ڕوانیدا جێهێشت.

دوایی ڕووداوه‌كه‌ی بۆ هاوڕێكه‌ی گێڕایه‌وه‌، وتی:"ئه‌زانی ئێمه‌ ژیانمان هه‌ر چاوه‌ڕوانی بووه‌؟، ناخۆشترین چاوه‌ڕوانیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چاوه‌ڕێی كه‌سێك بیت كارێكت بۆبكا".




Post a Comment