Tuesday, May 30, 2006

زمانی ڕۆژنامە


ڕۆژنامه‌ خۆراكی مێشكه‌
له‌ یه‌كێك له‌ قۆناغه‌كانی خوێندندا، شێواز و مه‌رجه‌كانی بڵاوكراوه‌كانمان خوێند. یه‌كێك له‌وانه‌ ڕۆژنامه‌ بوو.
یه‌كه‌م مه‌رجی نووسینه‌كانی ناو ڕۆژنامه‌، ئه‌وه‌بوو كه‌ ده‌ربڕینه‌كان ساده‌ و ئاسان بن بۆ تێگه‌یشتن، ڕسته‌كان به‌ وشه‌ی پاراو بنیات بنرێن تاكوو خزمه‌تی زۆرترین كه‌س بكات له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌دا، هه‌وڵ بدرێت ئه‌و ده‌ربڕینانه‌ به‌كارببرێت كه‌ له‌سه‌ر زاری خه‌ڵكییه‌. ئه‌مڕۆكه‌ ڕۆژنامه‌ كوردییه‌كان به‌گشتی ئه‌و سیفه‌ته‌یان له‌ ده‌ستداوه‌.

ڕۆژنامه‌‌‌ ڕۆژانه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌ست هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ بێجیاوازی، واته‌ بڵاوكراوه‌یه‌كی گشتییه‌ (وه‌ك گۆڤارێكی زانستی نییه‌ كه‌ تایبه‌تمه‌ند كراوه‌ بۆ توێژێك له‌ خوێنه‌ران). هه‌ندێك به‌زمانحاڵی ڕۆژگاری ناوده‌به‌ن چونكه‌ زۆرینه‌ی بابه‌ت و بڵاوكراوه‌كانی ناوی، باس له‌ هه‌واڵه‌ زیندووه‌كانی ڕۆژ، و ژیانی هاوڵاتیان ده‌كات. هاوكات زۆر له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوون و ئاگادارییه‌كانیشی هه‌ر تایبه‌ت ده‌كرێت به‌ كاروباری هاوڵاتیانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی كه‌ ڕۆژنامه‌كه‌ی تیا بڵاوده‌بێته‌وه‌.
من لێره‌دا باس له‌و لاپه‌ڕانه‌ ناكه‌م كه‌ تایبه‌تن به‌ ڕۆشنبیران یان چینێكی تایبه‌ت له‌ خوێنه‌ران وه‌كوو لاپه‌ڕه‌ی زانست یان هونه‌ری..هتد. به‌ڵكو به‌ گشتی ده‌دوێم.. بۆ وێنه‌ له‌ ته‌وه‌ره‌‌ جێگیره‌كانی ڕۆژنامه‌كاندا كه‌ ڕۆژنامه‌كه‌ تایبه‌تی ده‌كات بۆ باسێك و ڕۆژانه‌ له‌سه‌ری ده‌دوێت.. یاخود په‌یامی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نازناوی په‌یامنێر یاخود ڕۆژنامه‌نووس له‌دوای ناوه‌كانیانه‌وه‌ ده‌نووسن..

قسه‌ی ڕۆژنامه‌كان:باكگراوندی كۆمه‌ڵایه‌تی (هاوڵاتی)
فه‌نده‌مینتاڵی مه‌سیحی(هاوڵاتی)
سكانداڵی ماڵی (ئاوێنه‌)
ئه‌ڵته‌رناتیڤێكه بۆ قۆناغه‌كه‌ (كوردستانی نوێ)
ئه‌كتیڤ بكرێن (خه‌بات)
چه‌ندین وشه‌ی تر


وێبگه‌ كوردییه‌كان: زۆر له‌ نووسه‌رانی وێبگه‌ كوردییه‌كانیش ده‌بینم به هه‌مان شێواز ده‌نووسن و به‌هه‌مان ڕێچكه‌ی هه‌ڵه‌دا ده‌ڕۆن. په‌ی ده‌به‌ن بۆ وشه‌ی بیانی، زاراوه‌ی ئاڵۆز، یان بڵێین ئه‌و ده‌ربڕینانه‌ی كه‌ له‌و وڵاته‌دا به‌كارده‌برێت كه‌ نووسه‌ری بابه‌ته‌كه‌ تیایدا ده‌ژی. وه‌نه‌بێت له‌ وتاری دواتریاندا ڕاستی بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو چه‌ندین جار و به‌ هه‌مان ڕێباز ڕسته‌كانیان ده‌هۆننه‌وه‌. ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ نووسه‌ره‌  نوێ و دێرینه‌كانیشدا به‌دی ده‌کرێت.


به‌بۆچوونی من پێشكه‌وتنی ئاستی زانست و ڕۆشنبیری خه‌ڵك نابێت بكرێنه‌ به‌ڵگه‌ و كارا بۆ ئه‌و جۆره‌ ده‌ربڕینانه‌، چوونكه‌ هاوكات زمانیش له‌گه‌ڵیاندا گه‌شه‌ی كردوه‌ و په‌ره‌ی پێدراوه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ بواره‌ ڕێزمانیی و وێژه‌ییه‌كه‌یه‌وه‌.

هه‌ندێك له‌و ده‌ربڕینانه‌: كه‌ڵچه‌ر، مۆدێراتۆر، سیڤیل، میتۆده‌، ڕادیكاڵ، سه‌تحی، مۆڕاڵ، ...


لێكدانه‌وه‌ی وشه‌كان:
كه‌ڵچه‌ر : كلتور
مۆدێراتۆر : بێژه‌ر
سیڤیل : شارستانی
شۆك : گه‌شكه، ڕاچڵه‌كین
باكگراوند: پاشبنه‌ما
ڕیفۆڕم : شێوه‌پێدانه‌وه‌، ڕێكخستنه‌وه‌
سه‌تحی : (كه‌ خۆی سطحي عه‌ره‌بییه‌) ڕووكه‌شی
ئه‌كتیڤ : چالاك
ئه‌ڵته‌رناتیڤ : جێگره‌وه‌
سكانداڵ : قه‌یران، ته‌نگه‌ژی
مۆڕاڵ : ڕەوشت

له‌وانه‌یه‌ لێكدانه‌وه‌كان هه‌ڵه‌بن، به‌ڵام زۆر له‌و وشه‌ نامۆیانه باشتره‌ كه‌ له‌ ڕسته‌ و وتاره‌كاندا تێكه‌ڵی زمانی كوردیان كردوه‌...

2 comments :

Anonymous said...

وه‌ڵڵا من ده‌ڵێم ده‌ست خۆش، زۆر ڕاسته‌

مهرداد said...

سلام هم زبانم
خوشحال میشم به وبلاگ من سر بزنید و البته به وبلاگ زیر که شعر زیبایی در مورد حلبچه نوشته است

http://nasrinhashemifar.persianblog.ir/