Wednesday, May 15, 2013

بارانی گەندەڵی


کەی تەواو دەبین؟ کە تۆ دروستی بکەیت و کەسی تر تێکی بداتەوە(*)
زۆر کەس وا دەزانن گەندەڵی هەر پارە دزینە، لەسەر ئەو باسە لەگەڵ برادەرێکدا زۆر دواین، دواجار هەردوکمان بڕوامان وابوو کە لەخوارەوە خەڵک گەندەڵ بووە، چارەسەر کردن لەسەرەوە بێهودەیە، ئەگەر لەخواریشەوە خواست و نیاز نەبێ بۆ گۆڕین. ئەم چیرۆکەش لەو قسانەوە هاتە پێش..



کاربەدەستان هەواڵ دێنن بۆ پاشای وڵات، کە گوایە بارانێک بەڕێوەیە بۆ شانشینەکەیان، ئاوەکەی پیسە، هەر کەس لەو ئاوە بخواتەوە هۆش لە دەست ئەدات و شێتگیر دەبێت. پاشا بۆ ڕێگرتن لەو کارەساتە هەموو دەسەڵاتەکەی دەخاتە کار و فرمان ئەدات کە نەهێڵن کەس لەو ئاوە بخواتەوە. بڕیار ئەدەن بۆ چارەسەری ئەو گرفتە، ئاوەڕۆ دروست بکەن و بارانەکە دوور لە ناوچەکە کۆبکەنەوە..


هەتا ئاوەڕۆ و جۆگە لە کۆشکی پاشا و ماڵە وەزیرەکان تەواو دەبێ، ڕەشەبا بارانەکە دەگەیەنێت.. سەرەنجام فریا ناکەون باراناو تێکەڵ بە ئاوی تر دەبێت. خەڵکی شانشینەکە لە ئاوەکە دەخۆنەوە و هەموو تێک دەچن و شێت دەبن. پاشا سەرگەردان دەبێ، هەر ڕۆژەی تاقمێک و وەزیرێک بەڕێ دەکا بۆ لای خەڵکەکە، بۆ ئەوەی ڕێیان نیشان بدەن و هەوڵێ چارەسەرکردنیان بدەن، کەسی ناگەڕێتەوە و لە ئاوەکە دەخۆنەوە. دواجار پاشا بەتەنیا دەمێنێتەوە و خۆی دەڕوات.
دەبینێ خەڵکەکە بەیەکدا دەشاخن، ئاکاری سەیر دەنوێنن و تا قسە بە پاشاش دەڵێن، چەند ئامۆژگاریان دەکا، دەستی ئەم دەگرێ.. بۆ لای ئەو دەچێت... هیچ کەس نەوەڵام نە ڕێزی لێدەگرێت.. پاشا ڕۆژێک دووان هەوڵ ئەدات سوودی نابێت. ئیتر بڕیار ئەدات ئەویش لە ئاوەکە بخواتەوە و وەکو خەڵکەکەی بێت.


لێرەدا مەبەست ڕوونە، کە هەر خۆت بەتەنیا هیچت پێ ناکرێت ئەگەر دەوروپشتیشت خواستی دەست هەڵگرتنیان نەبێت لە گەندەڵی. لەوەیە بەڕێوەبەرێک بەپێی یاسا ڕێ و شوێنی توند بگرێتەبەر بۆ لێپێچینەوە و چاکسازی، ئەویش کاتێک سەرکەوتنی تەواو بەدەست دێنێت کە بەردەوام بێت و خۆی تێوەنەگلێنێت بە پلەی یەکەم، و هاوکاریش بۆ خۆی دروست بکا و ئارستەی شنەی چاکسازییەکەی نەگۆڕێت، ئەگینا ئەویش ئاوەکە دەخواتەوە!.


--------------------------------------------------------------------------------
* لە دێڕە هۆنراوەی: متى يبلغ البنيان يوما تمامه    اذا كنت تبني وغيرك يهدم ؟

No comments :