Thursday, June 27, 2013

پیس

سەگەپیس لە ئەرزا خۆی دەگەوزێنێت
وشەی "پیس" پێچەوانەی پاک یا خاوێنە. لەگەڵ زۆر توخم و بە چەندین شێوە بەکار براوە. بۆ نموونە بە کەسێک دەڵێن:
شتێکی پیسە، ئیدی بۆ ئاکاری یا جلوبەرگی. بە شوێنێک دەڵێن پیسە، واتە خاوێن نیە و پاکژ نەکراوەتەوە، بە دەرگایەک دەڵێن پیسە دەستی لێ مەدە، چونکە خاوێن نیە و دەستت پیسی هەڵدەگرێت.. وە هەروەها بەو شێوە.. پیس دۆخێک نیشان ئەدات و بەراوردێکی شاراوە دروست دەکا لەگەڵ دیوە پاکەکەی ئەو شتەی پێی وتراوە پیس.


ئەوەی سەرنجی من ڕا دەکێشێت لە بەکارهێنانی ئەم وشەیەدا لە خواردندایە. کەبابێکی خۆش دەخۆیت و ئاوی تەماتە و چەوری کەبابەکە دەکەوێتە سەر دەستت، کە دەڵێن چایەکیش بکە بەسەریا، دەڵێی دەستم پیسە! لە ڕاستیدا دەستت چەورە، خۆ چەوری پیس نیە، ئەدی ئەوە نیە خواردت؟ بەڵام بەراوردێکە بەرامبەر پیاڵەکە، دەستوەردانت لە پیاڵە چاکە، پیاڵەکە چەور دەکا.
لەوەیە سەلیقەی زمان و ڕاهاتنمان لەسەر دەربڕینی ئەو قسانە، زۆر هەڵەمان پێ بکا و بەردەوامیش بین لەسەر وتنەوەیان ئەگەر چی دەزانین هەڵەن.
هەر لە ڕاهاتنەوە زۆر جاران "پیس" نەشیاو دەخرێتەوە ڕستە، کە دەکرێ هاوواتاکانی وەکو چەپەڵ، چڵکن جێگرەوەی بن. بۆ وێنە: کراسەکە پیسە. شتێکی پیسە... هتد.
خۆ پیس کردنی مناڵمان هەیە، کە گوێمان لێ دەبێ، راستەخۆ دەزانین (گووی کردوە بە خۆیا)، خۆ پیس هەر پیسە، نموونەکەی سەرەوەش هەر ئەم پیسەیە کە لێرەدا بوو بە پیسایی...

لەوانەی کیمیاشدا فێربووم کە (پیس بوونی هێلکە) کردارێکی کیمیاییە، ئەم پیسبوونەش گۆشەیەکی تری بەکارهێنانی وشەی پیسە. لەوەیە پیس بوونی ژینگەش لەو ڕوانگەیەوە هاتبێتە ناو زمانەکەوە.

ئەو (لەش پیس)ییەی نوێژکەرەکانیش باسی لێوە دەکەن زۆر دوورە لە وشەی (داوێن پیس)ـەوە. پیس زۆر ڕەگی داکوتیوە لە زمانی کوردیدا، هیوام وایە کە زمانزانان زۆرتر لەسەری بدوێن و شی بکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو شتانەی کە بەکارچوونی "پیس"یان ناوێ پیسی نەکەن.

No comments :